وتەبێژی یەكێتی: گرنگ پێكهێنانی حكومەتێكی دروستە، نەك دابەشكردنی پۆستەكان

10:20 - 2025-01-26
کوردستان
237 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا


وتەبێژی ی.ن.ك رایدەگەیەنێت: كۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی نێوان یەكێتی و پارتی بەردەوامە و هەنگاوی باشی بڕیوە، ئاماژەی بەوەشكرد ئەوەی گرنگە پێكهێنانی حكومەتێكی دروست و دانانی بەرنامەیەكی دروستە بۆ حوكمڕانیی داهاتوو.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: كۆبوونەوەكانی لیژنەی تەكنیكیی یەكێتی و پارتی، بەردەوامە و هەنگاوی باشی بڕیوە، وتیشی: تائێستا باس لە دابەشكردنی پۆستەكان نەكراوە، بەڵكو گفتوگۆكان بەئاڕاستەی دانانی بەرنامەی كاركردنی حكومەت و چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی داهاتووە، چونكە بەبێ رێككەوتن لەسەر شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، بوونی پلە و پۆست هیچ گرنگییەكی نابێت.
وتەبێژی یەكێتی، تەئكیدیكردەوە كە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت و كابینەی داهاتوو، كارێكی باش نییە، ئەوەی گرنگە پێكهێنانی حكومەتێكی دروست و بەرنامەیەكی دروستە، بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە چارەسەری ئەو گرفتانە بكرێت، كە پێشتر هاتوونەتە پێش.

بابەتە پەیوەندیدارەکان