ئەکرەم ئەمین
ئێستا حکومەتی عیراق پرۆژە یاسایەکی بردۆتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی تەمەنی خانەنشینی بکاتەوە بە 63 ساڵ، کە پێشتر لە ساڵی 2019دا تەمەنەکەی کەم کردبۆوە بۆ 60 ساڵ، حکومەتی هەرێمیش زۆر پەلەی بوو لە جێبەجێکردنی بڕیاری خەنەشینکردنی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی پێش گەڕانەوەی تەمەنی 63 ساڵ و هەموارکردنەوەی یاساکە لە بەغدا، نزیکەی 37 هەزار مووچەخۆر خانەنشین بکات.
بۆچی پەلەیەتی؟
حکومەتی عیراق ماوەی یەک دوو ساڵە داوا لە هەرێم دەکات کە پابەندی یاسای خانەنشینی حکومەتی ناوەند بێت، حکومەتی هەرێم دوای لێکۆڵێنەوە بۆیان دەرکەوت ئەگەر وابکەن قازانجیانە، بۆیە زۆر بە پەلە یاساکەی جێبەجێکرد، لەبەر ئەوەی دەزانێت تەمەنی خانەنشینی لە عیراق دەکرێتەوە
بە 63 ساڵ، بۆیە تا یاساکە هەموار دەکرێتەوە، ئەوا هەرێم زیاتر لە 37 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا..هتد خانەنشین دەکات و دوای هەمواردنەوەکەش جارێکی تر ناگەڕێنرێنەوە سەر کارەکانیان، هاوکات بۆیە هەرێم ئەم بڕیارەی جێبەجێکردووە چونکە پابەندیی دارایی خستۆتە سەر حکومەتی ناوەند، وەک پێدانی 12 مووچە بە فەرمانبەران وەک پاداشتی خانەنشینبوون.
کێ سوودمەندە؟
-1 بە پلەی یەکەم حکومەتی هەرێم سوودمەندە، بەوەی کە ژمارەیەکی زۆر فەرمانبەر خانەنشین دەکات و ئەگەر هەر فەرمانبەرێک لە کاتی دەوامدا مانگانە یەک ملیۆن دیناری وەرگرتبێت، ئەوا دوای خانەنشیین بوون مووچەکەی ناگاتە 400 هەزار دینار، بەڵام بە یاسای عیراق کەمترین مووچەی خانەنشینی 500 هەزارە، سەد هەزاری حکومەتی ناوەندیشی دەچێتە سەر، ئەوا دەبیت بە 600 هەزار، کەواتە 400 هەزار لە مووچەکەی کەمتر دەبێت. 37 هەزار خانەنشین دەبن، زیاتر لە 30 هەزاریان مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار زیاترە ، بۆیە حکومەتی هەرێم مانگانە بڕی 12 ملیار دیناری زیادەی بۆ دەمێنێتەوە.
2 - زیاتر لە 37 هەزار خانەنشین دەبن، تەنیا کەمتر لە حەوت هەزاریان بێبڕوانامەن و مووچەیان کەمە، بۆیە کاتی خانەنشنبوون ئەگەر مووچەکەیان کەمتربێت لە 600 هەزار ئەوا بۆیان دەکرێت بە 600 هەزار دینار، واتە حکومەتی هەرێم لەو 12 ملیار دینارەی کە بۆی ماوەتەوە کەمتر لە سێ ملیار دینار دەخاتە سەر تەواوکردن و زیادکردنەی ئەوانەیی مووچەیان کەمە بەوەش زیاتر لە نۆ ملیاری بۆ دەمێنێتەوە.
-3 دامەزراندنی نوێ: حکومەی هەرێم بەو نۆ ملیارەی کە دەستیکەوتووە دەتوانێت 15 هەزار مووچەخۆری نوێ دابمەزرێنێ، ئەگەر تێکڕای مووچەکەیان بە 350 هەزار بێت ئەوا نزیکەی پێنچ ملیار و 250 هەزار دینار دەکات، واتە هێشتا زیاتر لە سێ ملیاری بۆ دەمێنێتەوە.. ئەگەر ئەو کەسانەش بکات بە هەمیشەیی، کە ئێستا مووچەخۆری گرێبەستن و بۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆس 500 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام کە دابمەزرێنرێن مووچەکەیان دەبێت بە 300 بۆ 400 هەزار دینار، کەواتە لێرەشدا هەر حکومەت سوودمەندە و پارەی بۆ دەمێنێتەوە.
کێ زیانمەندە؟
بە گشتی مووچەخۆران زیانمەندن، چونکە چەندین ساڵە پلە بەرزکردنەوە راگیراوە، بەوەش فەرمانبەران بە لایەنی کەمەوە دوو بۆ سێ پلەبەرزکردەنەوەیان فەوتاوە، ئەمەش وا دەکات کە مووچەی بنەڕەتییان کەم بێت و لە کاتی خانەنشینبوونیاندا مووچەیەکی کەمیان بۆ دەربچێت، چونکە یاسا نوێیەکەی خانەنشینی بە پلەی یەکەم پشت بە مووچەی بنەڕەتی دەبەستێ.
کەواتە حکوەتی هەرێم سوودمەنی یەکەمە هەم پارەی بۆ دەمێنێتەوە، هەم دەیکات بە دەستکەوت بەوەی کە ژمارەیەک لە دەرچووان دادەمەزرێنێت و کەمێک دەنگە ناڕازییەکان کپ دەکات.