كوردەوان محەمەد سەعید
كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات، كە حكومەت هیچ پلانێكی نییە بۆ بازاڕی كار و دابەشكردنی هێزی كار، لەبەر ئەوە بازاڕی كار پێویستیی بە هەر جۆرە هێزێكی كاریش هەبێت، حكومەت بۆی دابین ناكات
یاسای خانەنیشنی پەیوەندیی بە تەمەنی كۆمەڵگە و هێزی كاری وڵاتەوە هەیە، بۆ نموونە ئەگەر وڵاتێك كۆمەڵگەكەی پیر بێت، ئەوا هێزی كاری گەنجی كەمە و ناتوانێ تەمەنی خانەنشنی كەم بكاتەوە، كەواتە یاسایەكی لەو جۆرە بە پلان و دوای وەرگرتنی داتای تەواو لەسەر بازاڕی كاری وڵاتەكە هەموار دەكرێت، بڕیارەكەی ئەم جارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای حكومەتی ناوەندە و هیچ پەیوەندیی بە پلان و بازاڕی كار و تەمەنی كۆمەڵگەوە نییە، حكومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2024دا و لە چوارچێوەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا داوای لە حكومەتی هەرێم كردووە تەمەنی خانەنشینی بكات بە 60 ساڵ و بەو شێوەیەش هەرێم دەبێت سێ تەمەنی جیاجیا بە یەك جار خانەنشین بكات.
مافی پلەبەرزكردەوە و پاشەكەوت
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی داواكارییەكەی حكومەتی ناوەند دواكەوتووە، هەر لەبەر ئەوەشە دەیەوێت زۆر بە پەلە جێبەجێی بكات و یاسای خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان هاوتای یاسای خانەنشینی بەغدا بكات، ئەوەش لە كاتێكدایە حكومەتی بەغدا لە سەروبەندی ئەوەدایە كە یاساكە دووبارە هەموار بكاتەوە و تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵەوە بكاتەوە بە 63 ساڵ، لەو نێوانەدا سێ تەمەنی جیاجیا بە یەك جار خانەنشین دەبن، بێئەوەی شایستەییە لەدەستچووەكانیان بۆ بگەڕێتەوە، بۆ نموونە مافی پلەبەرزكردنەوە، كە حكومەتی هەرێم ساڵانێكە رایگرتووە و بەوەش مووچەی خانەنیشینییەكەیان كەم دەكات، هاوكات چەند ساڵێك لەمەوبەر بەشێك لە مووچەكانیان پاشەكەوتكراوە و ئەوەش وەرناگرنەوە و لە بری ئەوە مووچەی ساڵێك بەسەر یەكەوە وەردەگرن.
كێ بەرپرسیار دەبێت؟
كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات، كە حكومەت هیچ پلانێكی نییە بۆ بازاڕی كار و دابەشكردنی هێزی كار، دەبێ لە بەغداوە هەرچییەكییان پێوت جێبەجێی بكات، ئەمەش وا دەكات تاك لە هەرێمی كوردستان هیچ دڵنیاییەكی نەبێت لە ئایندەی خۆی و بازاڕی كاریش پێویستی بە هەر جۆرە هێزێكی كار هەبێت، حكومەت بۆی دابین ناكات، بۆ نموونە لەم بڕیارەدا ژمارەیەكی زۆر مامۆستا خانەنشین دەبن، خوێندنگەی وا هەیە شەش، حەوت و بگرە زیاتریش مامۆستا لە دەست دەدات، كێ بەرپرسیار دەبێت لە پڕكردنەوەی شوێنی ئەو مامۆستایانە؟