پرسی جینۆسایدو ئەنفال لەناو مۆنۆمێنتی چەمچەماڵدا

11:48 - 2025-01-26
ڕاپۆرت
120 جار خوێندراوەتەوە
مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ

ئامادەکردنی: جینۆسایدنامە

هابیل حاجی ئەحمەد:  مۆنۆمنێتى ئەنفال هەموو رۆژێکى نوێ لە رۆژى پێش خۆى جیاوازە

 هابیل حاجی ئەحمەد؛ دڵسۆزێکی خاکەڕا بۆ دۆسییەی جینۆساید و ئەنفال، لە رێگای مۆنۆمێنتی ئەنفالی چەمچەماڵەوە. ئەو لەپێش دامەزراندنی مۆنۆمێنتەکەش وەک یەکێک لە قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال بەردەوام لەناو ئیش و ئازاری کەسوکاری قوربانیانی تاوانەکەدا بووە؛ بەڵام بێگومان دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە و باڵەخانەی تایبەت بە فەرمانگەی مۆنۆمێنتەکە، دەرفەت لەبەردەم کۆمەڵێک گەنجی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالدا دەکاتەوە و (هابیل)یش یەکێک دەبێت لەوان و دواتر بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی مۆنۆمێنتەکەی دەکەوێتە ئەستۆ و ئەرکەکەی قورس دەبێت؛ بەڵام بۆ هابیل و هاوکارەکانی لەوە گرنگتر شەڕی چەمچەماڵ و شارۆچکەی شۆڕش و مۆنۆمێنتی ئەنفال بکەنە بەشێکی دانەبڕاو و کاریگەر لە ناساندنی تاوانەکانی جینۆساید دژی گەلی کوردستان.

فەرمانگەیەکی تایبەت بە ئەنفال و جینۆساید
*بیرۆکەی سەرەتای دامەزراندینی مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ کەی بوو، رووبەرەکەی چەندە وەک پێناسەیەک و ناساندنێک و بەخشینی زانیاریی پێویست؟
-فەرمانگەیەكى حكومیى كەلتوريى مێژوویيه‌ لە 9/9/2012 کراوەتەوە و سەربە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی سلێمانی - وەزارەتى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوانى هەرێمى كوردستانە و لەسەر رووبه‌ری (48) دۆنم دروستكراوە و رووبەرى بینا‌كەش‌ چوار هەزار مەترە.

پێکهاتەو بەشەکانی
*فەرمانگەکە و مۆنۆمێنتەکە چەند بەشیان لەخۆگرتووە و چۆن رێکخراوە؟ 
-بەشی مۆزەخانەکە پێكهاتووه‌ له‌ مۆزەخانەى ئەنفال، مۆزەخانەی پێشمەرگە،  شەهیدەکانی جەنگی دژبە داعش، مۆزەخانەى ئامێر و ئۆتۆمبێلی سەربازی، کە لە جینۆسایدی ئەنفالدا بەکار‌هێندراون) و ئەم بەشە گرنگترینیانە و بەردەوام لە هەوڵی پاراستن و بەهێزکردن و دەوڵەمەندکردنیداین.
وەک فەرمانگە، بەشەکانی تری وەک (کتێبخانە، ئەرشیف و دیکۆمێنت، راگەیاندن و پەیوەندییەکان، هونەری، باخچەکان) یشمان هەیە، کە بێگومان جگە لە بەشەکانی ترو راییکردنی کاروباری رۆژانە، کتێبخانەش یەکێکە لە بەشە گرنگەکانمان، بەردەوام هەوڵمانداوە بە سەرچاوەکانی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفال دەوڵەمەندی بکەین و بیکەینە ناوەندی سەرەکیی بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لەبارەی تاوانی جینۆساید بەگشتی و ئەنفالەوە بەتایبەتی بکەن.

گرنگی و بەهای کتێبخانە
*ژمارەی کتێب و بەڵگەنامەکان چەندن کە لەمۆنۆمێنتەکەدا پارێزراو؟ 
-یەکەمین کتێبخانەیە لە کوردستاندا تایبەت بێت بە جینۆساید، كتێبخانه‌ی مۆنۆمێنتى ئەنفال، هەزاران كتێب و ناونیشانی جۆراوجۆرى لەخۆگرتووە و به‌شی ‌زۆری کتێبەکان تایبه‌تن به‌ جینۆسایدی گه‌لی كورد، بووه‌ته‌‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگیش بۆ خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگەكان، سوودی لێوه‌رده‌گرن بۆ توێژینه‌وه‌‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان، به‌تایبه‌تی بۆ خوێندکارانی ماسته‌ر و دكتۆرا. هاوکاری تێزی چەندین بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لەبواری جینۆسایددا، ئەمەش یەکێکە لە لایەنە گەشەکانی مۆزەخانەکە.

گرنگیدان بە ناساندنی تاوانی ئەنفال
* وەک بەڕێوەبەرایەتییەکەتان زۆرترین بایەختان بە چ لایەنێک داوە؟ 
-کاری یەکەمى مۆنۆمێنتى ئەنفال گرنگیدانە بە ناساندنى تاوانى ئەنفال لەسەر ئاستى ناوخۆ و دەرەوە؛ لەسەر ئاستى ناوخۆ زیاتر ئاشناکردنى نەوەکانى داهاتووە بەو تاوانانەى دژبە گەلى کورد کراون، بەتایبەتى تاوانى ئەنفال، رۆژانەش ناوەندەکانى خوێندن سەردانى مۆنۆمێنتى ئەنفال دەکەن و بە وردى باسی تاوانى ئەنفالیان بۆ دەکرێت و ئاشنا دەکرێن بە بەشە جیاوازەکانى مۆنۆمێنتەکە و بینەرى ئەو فیلم و دۆکیۆمێنتانە دەبن، کە لەبارەى تاوانى ئەنفالەوە ئامادەکراون و بەرهەمهێنراون.

جیاوازیی نێوان رابردوو و ئێستا..
بۆ مۆنۆمنێتى ئەنفال هەموو رۆژێکى نوێ لە رۆژى پێش خۆى جیاوازە، ئەوەش بەهۆى بەردەوامیى کارى فەرمانبەران و ئامادەکردنى بەرهەمى نوێوە، بۆ نموونە ئەمساڵ مۆزەخانەى پێشمەرگە و شەهیدەکانى جەنگى دژبە داعشیش کرایەوە، کە مۆزەخانەیەکى پێشکەوتووە و هەر میوانێک دەچێتە ناو مۆزەخانەکەوە، وەک ئەوە وایە خۆى لە بەرەکانى جەنگى دژبە داعشدا بووبێت، هەر ئەمساڵ رێبەری مۆنۆمێنتى ئەنفالمان بە هەرسێ زمانى کوردى، عەرەبی و ئینگلیزى بەچاپ گەیاند، کاتێکیش میوانەکان دێنەوە بۆ مۆنۆمێنتەکە هەست بەو جیاوازییە دەکەن کە بۆ پێشخستنی زیاترى کارەکانمان بۆ خزمەتى دۆسێى ئەنفال کردوومانە.

کێشە و گرفتەکان 
*ئەو گرفتانە چین کە هەتانە یان رووبەڕووتان دەبێتەوە لە بواری کارەکەتاندا؟ 
-کێشەى سەرەکیی مۆنۆمێنتى ئەنفال، بەردەوامیى قەیرانى داراییە، بە ماوەیەکى کەم دواى کردنەوەى مۆنۆمێنتەکە، هەرێمى کوردستان رووبەڕووى قەیرانى دارایی بووەوە و تائێستاش بەردەوامە، ئەمە هۆکارێک بووە کە حکومەت نەیتوانیووە وەک پێویست بودجە بۆ کارەکانى مۆنۆمێنت تەرخان بکات، ئەمەش وایکردووە نەتوانین دەست بۆ ئەو چالاکی و کارانە ببەین کە خەرجیى زۆریان پێویستە.

پایتەختی شەهیدان
ئێمە لە مۆنۆمێنتى ئەنفال بەدرێژایی 12 ساڵى رابردوو نەوەستاوین لە کارکردن بۆ ناساندنى جینۆسایدی ئەنفال، ساڵى 2015 پڕۆژەیەکمان پێشکەش بە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى کرد بۆ ناساندنى چەمچەماڵ بە پایتەختى شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەنجومەنى پارێزگا لە رۆژى 20ـى نیسانى 2016 بە کۆى دەنگ داواکارییەکەمانى پەسەندکرد و ئاراستەى پەرلەمانى کوردستانى کرد.
بەداخەوە تائێستا پەرلەمان نەیتوانیووە داواکارییەکەى کەسوکارى ئەنفالکراوان جێبەجێ بکات!
لەدواى پرۆژەکەى ئێمەشەوە چەمچەماڵ نازناوەکەى وەرگرتووە، بەڵام رێکارە یاساییەکەى ماوە، ئەویش ئەرکى پەرلەمانە دەنگى لەسەر بدات و نەیکردووە و هیوادارین ئەم خولەی پەرلەمان جێبەجێی بکات.

لەبیرنەکردن
نامەوێ ئەوە لەبیر بکرێت و گرنگە باسی بکەم بۆ نموونە لە مانگى یەکەمى ساڵى 2017دا خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سەردانى مۆنۆمێنتى ئەنفالى کرد و بەڵێنى دروستکردنى مۆزەخانەی ئەنفالى پێداین و توانیمان مۆزەخانەکە دروستبکەین و بە هەرسێ زمانى کوردى، عەرەبی و ئینگیزى دەیان بەڵگەى گرنگ بخەینە بەردەستى میوانانى مۆنۆمێنتەکە.
دواتر بەشێک لەو چەک و کەلوپەلە سەربازییانەى تاوانى ئەنفالیان پێ کرابوو و لاى هێزى پێشمەرگە پارێزراوبوون، هێنامانەوە ناو مۆنۆمێنتەکە و مۆزەخانەیەکى تایبەت بەو ئامێرانەمان دروستکرد.
دواتر شەڕى تیرۆریستانى داعش بەرۆکى گرتین و ئێمەش بە ئەرکى خۆمان زانى، مۆزەخانەى پێشمەرگە شەهیدەکانى جەنگى دژبە داعش بنیات بنێین و بۆئەوەش دەستمانکرد بە کۆکردنەوەى پۆشاک و یادگارییە پیرۆزەکانى شەهیدەکانمان و هەموویمان لە مۆزەخانەیەکدا نمایشکرد، تا ئەوکاتەى مۆزەخانەیەکى مۆدێرنمان بە هاوکاریى سەرمایەدارى کوردستان ئەحمەد ئیسماعیل بۆ دروستکرد و دواتر بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە رەسمی مۆزەخانەکەی کردەوە. دەبێت ئەوەش بڵێم کە کاک قوباد وەک جێگری سەرۆکی حکومەت بەهەموو شێوەیەک پشتیوانمانە.

پلان و پڕۆژەی داهاتوو
*پلان و پڕۆژەی داهاتووتان چییە؟
 
-مۆنۆمێنتى ئەنفال پلانى هەیە لە ساڵى داهاتوودا لە رێگەى کەسانى خەمخۆرى دۆزى گەلى کوردەوە کارى زیاتر بکات بۆ ناساندنى دۆسێى تاوانى ئەنفال لە ئەمریکا و ئەوروپا، بەر لە دوو مانگ نامەیەکمان لە رێگەى خاتوو شنیار ئەنوەر پەرلەمانتارى کوردستانەوە ئاراستەى ناوەندە سیاسییەکانى ئەمریکا کرد، ئەوانیش زۆر بە ئیجابی وەڵامیان داینەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ دووپاتکردووینەتەوە، بۆیە دەمانەوێت ئەم هەوڵانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زیاتر بکەین و بۆ ناوخۆش چالاکییەکان بۆ ئەمساڵ زیاتر پەرە پێدەدەین، بەتایبەتى بۆ یادى تاوانى ئەنفال کاردەکەین، سمینار و گفتوگۆى زانستى لەسەر تاوانى ئەنفال بکەین، کار بۆ فراوانکردنى کتێبخانەى مۆنۆمێنتی ئەنفالیش دەکەین، لەگەڵ هەندێک کار و چالاکیى دیکە. لەهەمووشیان گرنگتر ئەوە پلان و پڕۆژەی کارکردن و ستراتیژمانە، تاوانەکانی جینۆسایدی گەلی کورد بەگشتی و تاوانی جینۆسایدی ئەنفال لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەڕەسمی بناسێنین تا بەهەموو شێوەیەک رێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت، هاوکات کار بۆ جێبەجێکردنی داخوازی و داواکارییەکانی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین، وەک (دادگاییکردنی تاوانباران و تۆمەتباران، هێنانەوەی رووفاتی کەسوکاری قوربانییەکان).

بابەتە پەیوەندیدارەکان