ئا: رەهێڵ سەمەد
تەقینەوە تیرۆریستییەکەی رۆژی 1ی شوباتی ساڵی 2004ی شاری هەولێر، كە هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لقی دووی پارتی دیمكراتی كوردستان كردە ئامانج، بەهۆیەوە زیاتر لە 100 كەس لە سەركردە و فەرماندە و كادیری و دۆست و لایەنگرانی هەردوولا بوونە قوربانی و ژماریەكی زیاتریش بریندار بوون، ئێستاش دوای تێپەڕبوونی 21 ساڵ بەسەر ئەو رووداوە، داوای تەبایی و یەكهەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان و ئاوەڕدانەوە لە ژیانی كەسوكاری شەهیدان و خەڵكی كوردستان دەكرێت.
قاسم نوری، كە ئەوكات وەك هونەرمەندێك خەریكی كاری هونەری بوو، لەگەڵ هاوڕێكانی چەندین بەرنامە و بابەتی هونەرییان لە چوارچێوەی مەڵبەندی سێ، بەتایبەتی شەهید ئیدریس سنجاوی پیشكەشدەكرد و یەكێك بوو لە رزگاربووانی ئەو كارەساتە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ساڵی 2004 دوای چەندین ساڵ لە شەڕی ناوخۆ و كارەساتی 31ی ئاب، بارەگاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر كرابۆوە و جەژنی قوربانی بەسەر داهات، خەڵكێكی بێ شومار بۆ جەژنانە و دڵخۆشی بەكرانەوەی مەڵبەند، سەردانیان دەکرد، ئەو رۆژە بوو بە دوو جەژن.
وتیشی: كاتێكیش بڕیاردرا ئەو خەڵكەی بۆ سەردانی مەڵبەند و پیرۆزباییكردن هاتبوون لە پرسگە بەبێ پشكنین و چاوەڕوانی بێنەژووەرەوە، چونكە خەڵكێكی زۆر هاتبوون، هەر جۆرە رێگرییەك یان پشكنینێك لە پرسگە، جگە لەوەی نیگەرانی خەڵكەكەی لێدەكەوتەوە، هاوكات جەنجاڵی و قەرەباڵغی زۆری دروست دەكرد، ئەوەش هەر دەبووە هۆی پەكخستنی هاتوچۆی خەڵك، بۆیە بڕیاردرا میوانان بەبێ پشكنین بێنە ژوورەوە، دیارە تیرۆریستانیش ئەو رۆژەیان بە دەرفەتزانی بۆئەوەی كاری تیرۆریستی خۆیان ئەنجامبدەن.
باسی لەوەشكرد: ئەو كارەساتەی مەڵبەندی سێی هەولێر، كە هاوكات لە لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان روویدا، جگە لە شەهیدكردن و برینداركردنی دەیان كەس لە خەڵكی سەركردە و كادیری بەتوانا، هاوكات هەوڵێك بوو بۆ لەباربردنی تەبایی و برایەتی لە هەرێمی كوردستان، كە تازە هەنگاوەکانی دەستی پێكردبوو.
راشیگەیاند: بەداخەوە لەو رۆژەدا شاری هەولێر خەڵتانی خوێن كرا، هەرچەندە سەرەتای تەقینەوەكە وا لێكدرایەوە كە پیلانی لایەنێكە دژی لایەنێكی تر، بەڵام دوای تێگەیشتن لە رووداوەكە دەركەوت، كە ئەوە كاری تیرۆریستانە، ئەمەش برایەتی و تەبایی لایەنەكان و خەڵكی زیاتر كرد.
لەلای خۆیەوە ساڵح ئاسۆ، كوڕی شەهید ئاسۆ موعەلیم یەكێك لە شەهیدانی كارەساتەكەی 1ی شوبات بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە یادی 21 ساڵەی كارەساتی 1ی شوباتی خوێناوییدا، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەو كارەساتە دادەنوێنم و هیوای تەندروستییەكی باش بۆ برینداران دەخوازم، كە تا ئێستاش بەشێكیان بەدەستییەوە دەناڵێنن، هەروەها ساڵانە لەو رۆژەدا برینی كەسوكاری شەهیدان دەكولێتەوە، كە منیش یەكێكم لەو خانەوادانەی لەرووداوەكە كەسێكی ئەزیزم لەدەستدا.
وتیشی: تەقینەوەكەی هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردسنان و لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردسان، جگە لەوەی زیاتر لە 100 فەرماندە و سەركردە و كادیری بەتوانا و لێهاتووی هەردوولا بوونە قوربانی، هاوكات ئەو رووداوە دەنگدانەوەیەكی زۆری لە دەرەوە و ناوەوە بەدوای خۆیدا هێنا، چونكە كارەساتەكە لە كاتێكی هەستیار بوو و قوربانییەكانیش زۆربوون، هەربۆیە ساڵانە یادی ئەو كارەساتە دەكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەم رۆژەدا وەك كوڕە شەهیدێك دەخوازم هەموو هەوڵەكانی سەركردایەتی كورد بۆ ئەوە بێت، كارەساتی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە و كارێك نەكەن دوژمنان و ناحەزان زیانی زیاترمان پێبگەیەنن، هەروەها ئاوڕی جددی لە كەسوكاری شەهیدان و خەڵكی كوردستان بەگشتی بدەنەوە، كە بەهیچ شێوەیەك شایەنی ئەوەنین رووبەڕووی ناڕەحەتی و قەیرانی جۆراوجۆر بكرێنەوە.
قەهار شێخانی، وەك هاووڵاتییەكی شاری هەولێر بەهەمانشێوە لەبارەی ئەو كارەساتە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ی خەڵكی كوردستان، دوژمنانی كورد زۆرجار لە شارەكانی كوردستان كاری تیرۆریستیان ئەنجامدا، بەڵام هیچ لەو كارە تیرۆریستییانە هێندەی كارەساتی 1ی شوبات كاریگەریی بەسەر دەروونی خەڵكی كورستان بەگشتی و دانیشتوانی شاری هەولێر بەتایبەتی نەبوو، چونكە كارەساتێكی گەورە و چاوەڕوان نەكراو بوو، بەهۆیەوە دەیان سەركردە و كادیری حزبی و هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، تیرۆریستان لەو رۆژەدا جیاوازیان لەنێوان رەنگ و چۆنیەتی بیركردنەوەی كەسەكان نەكرد، بەڵكو ئەوەی بەلایەنەوە گرنگ بوو خوێنی كورد و خەڵكی بێتاوان بڕژێ.
وتیشی: دەبوایە ئەم كارەساتە بۆ لایەنەكان ببێتە وانەیەك و بزانن كورد تەنها بە یەكهەڵوێستی و یەكگرتوویی دەتوانرێت، بگاتە ئامانج و میللەت دەگەیەنرێتە كەنارێكی ئارام، بەڵام بەداخەوە دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا هەر لە بەربەرەكانیداین، هێشتا هەر هەوڵی یەكترسڕینەوە دەدەین، هێشتا نەگەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی دەستی دوژمن بەربدەین و دەست بخەینە ناو دەستی یەكتر و بە یەك رەنگ و بە یەك دەنگ، بەرامبەر بەناحەزان و دوژمنان بوەستینەوە.
پێشیوابوو: لەم یادە خەمناكەدا و لەو رۆژە لەبیرنەكراوە، پێویستە هەوڵبدرێت خەڵكی كوردستان، لەو دڵەڕاوكێییە و لەوبارە دەروونییە ناسەقامگیرییە رزگار بكرێت و نەفرەت لە شەڕ و ململانێ و ناتەبایی بكرێت، لەجیاتی ئەوە كار بۆ هێنانەدی ئاوات و ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان بكرێت و بارگرانی سەرشانیان سوك بكرێت، پلە و پۆستەكان لە بەرژەوەندیی گشتی بەكاربهێندرێن.