ئا: هێدی گەڵاڵی
هونەرمەندی خوالێخۆشبوو سابیر كوردستانی، هێندەی گۆرانییە سۆزداریی و دڵدارییەكانی گۆرانی نیشتمانی بۆ كوردایەتی و نەتەوەكەی چڕیووە، لە ساڵەكانی حەفتا و هەشتاكاندا، پەیوەندییەكی قوڵی لەگەڵ تیپی مۆسیقای هەولێر و هونەرمەندان و میوزیكژەنەكانی شارەكە هەبووە، بە تایبەت هونەرمەندانی وەك (رەسوڵ گەردی، قادر زیرەك، عارەب عوسمان، جەلال سەعید، وریا ئەحمەد، شێرزاد سەرسپی) و چەندانی تر، كە لەگەڵ زۆربەیان بەشداری ئاهەنگ و تۆماركردنی كاسێتی هەبووە.
ئەرسەلان عەبدوڵڵا، كەسی نزیكی هونەرمەند سابیر كوردستانی، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لە ساڵی 1980، بەبۆنەی جەژنی كرێكاران لە هۆڵی(گەل) ئاهەنگێكی گەورە سازكرا بوو، لەگەڵ هونەرمەندان حەمە جەزا و قادر زیرەك و جەلال سەعید و عارەب عوسمان و شێرزاد عەبدولرەحمان بەشدار بوو.
دوای چڕینی ئەم مەقامە كە دەڵێت:
گەنجێك كە پیشەی هەر فەسادی بێ
دایم قومارچی و ژووری نادی بێ
مەی و مەیخانە هۆش و یادی بێ
میحنەتی كوردی لە لا شادی بێ
خوایە بەشی ئەو هەر كەساسی بێ
ئامادەبووان دەوروژێن و هۆڵەكە دەخرۆشێت. دوای تەواوكردنی مەقام و گۆرانییەكی سیاسیی، هەر ئەوكات، پیاوانی رژێم هەوڵدەدەن دەستگیری بكەن، بەڵام دواتر بەهۆی چەند پۆلیسێكەوە كە خۆشەیستییان بۆ سابیر كوردستانی هەبووە، لە دەرگای دواوەی هۆڵەكە دەیبەنە دەرەوە و لەو شوێنە دووری دەخەنەوە.
وتیشی: دوای ئەوەی كە دەگەڕێتەوە كەركوك، ئەمنی كەركوك چاودێریی دەكەن، بۆ ماوەی پانزە رۆژ دەستگیری دەكەن. هەر لەو ئاهەنگەدا هونەرمەند حەمەجەزاش بە هۆی مەقام و گۆرانییە نەتەوایەتی و هەڵوێستی كوردایەتییەوە، دەستگیر دەكرێت.
ئەرسەلان عەبدوڵڵا باسی لەوەشكرد: لە ناوەڕاستی ساڵی حەفتاكاندا لە هەولێر، لەگەڵ هونەرمەند جەلال سەعید پێكەوە كاسێتێكیان تۆمار كرد، كە ئەوكات دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو.