لاڤرۆڤ: مەترسییەكانی سەر روسیا بەهەندوەرنەگیرا

09:42 - 2022-07-26
ڕاپۆرت
425 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

 سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژە بە هۆكارەكانی هێرشی وڵاتەكەی بۆ سەر ئۆكرانیا دەكات ‌و رایدەگەیەنێت، كە دەربارەی فراوانبوونی ناتۆ، خۆرئاوا مەترسییەكانی روسیای بەهەند وەرنەگرت.

لە وتارێكیدا لەبەردەم كۆمكاری وڵاتانی عەرەب لە قاهیرە، لاڤرۆڤ رایگەیاندووە: مەترسیی راستەقینە لەسەر وڵاتەكەمان بوو، لەوانە، فراوانكردنی ناتۆ ‌و پشتگوێخستنی بەڵێننامەكان ‌و وەرگرتنی ئەو وڵاتانەی پێشتر بەشێك بوون لە یەكێتیی سۆڤیەت. وتیشی: ئۆكرانیا رێیەكی دژ بە روسیای هەڵبژارد ‌و چەكی لە خۆرئاوا وەردەگرت ‌و پلانیش هەبوو كە بنكەی سەربازیی زەمینی ‌و دەریایی لە وڵاتەكەی دابمەزرێنێت. 
سەبارەت بە دوورگەی كریمیا، كە ساڵی 2014 گروپە نەیارەكانی ئۆكرانیا بە هاوكاریی روسیا كۆنترۆڵیان كرد، وەزیری دەرەوەی روسیا هۆكارەكەی بۆ (كودەتاچییەكان) گەڕاندەوە، كە لەلایەن خۆرئاواوە پشتیوانیی دەكران ‌و دوای كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتیش، رێكەوتننامەیان لەگەڵ روسیا پێشێلكرد ‌و لەبری ئەوەی پەنا ببەنەبەر حكومەتی یەكێتیی نیشتمانی، پێكهێنانی حكومەتی سەركەوتووەكانیان راگەیاند، بەو واتایەی كە ئەوانەی پشتیوانییان ناكەن، دۆڕاون، كە ئەوە شێوازی راگەیاندنی ئاشتیی نیشتمانی نییە. وتیشی: دانیشتوانی ئەو شوێنانەشیان پەراوێز خست، كە دژی كودەتاكە بوون ‌و بە تیرۆریست ناویان دەبردن ‌و بە موشەك ‌و فڕۆكە بۆدومانیان دەكردن. ئیدی بەو شێوەیە جەنگ دەستیپێكرد ‌و توانیمان لە ساڵی 2015 دا لە رێی رێكەوتننامەی مینسك-ەوە رایبگرین. 
 ئاماژەی بەوەشدا، كە ئۆكرانیا ئەو رێكەوتننامەیەی پێشێلكرد، لە كاتێكدا بەپێی رێكەوتنەكە، مۆسكۆ داوایكردبوو، كە زۆرێك لە كەمینەكانی ئۆكرانیا بە روسی قسە دەكەن ‌و مافی خۆیانە كە لە چاودێریكردنی خاڵەكانی پشكنینی سەر سنوور ‌و سەقامگیریی نێوان ئۆكرانیا ‌و وڵاتانی دیكە دابنرێن، وەكو ئەوەی لە بۆسنە ‌و هەرسك لەگەڵ سربیا روویدا.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#لاڤرۆڤ

بابەتە پەیوەندیدارەکان