رەوشی پەروەردە خراپە و نزیكەی پێنج ملیۆن نەخوێندەوار لە عیراقدا هەن

06:57 - 2022-03-08
دووتوێ
287 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

رێژەی نەخوێندەواریی لە عیراق بە رێژەیەكی كەم دانانرێت، بەڕەچاوكردنی رەوشی ئابوری و جەنگەكان كە ئاستەنگیان بۆ زۆرێك دروستكرد، تا درێژە بە خوێندن بدەن، وێڕای رەوشی ئابڵوقەی ئابوری كە لە دوای دووەمین جەنگی كەنداوەوە بەرۆكی عیراقییەكانی گرت، بە هەمان شێوە وەزارەتی پەروەردەی عیراقیش هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی رێژەی نەخوێندەواریی لە وڵاتدا بۆ رەوشی ئابوری و جەنگەكان دەگێڕێتەوە كە دوایینیان جەنگی دژ بە رێكخراوی داعش، بەو پێیەی تەوژمێكی گەورەی ئاوارەبوونی لە چەندان پارێزگادا لێكەوتەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت «5 ملیۆن نەخوێندەوار لە وڵاتدا هەبن».

بەپێی پۆلێنە جیهانییەكانی رێكخراوی یۆنسكۆ، عیراق تا هەشتاكانی سەدەی رابردوو، بە یەكێك لە پێشكەوتووترین وڵات دادەنرا لەسەر ئاستی فێركاریی، بەڵام هەمان رێكخراو لە دوایین پۆلێنیدا عیراقی خستە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی بەدەست بەرزبوونەوەیەكی گەورەی رێژەی نەخوێندەوارییەوە گیرۆدەن و رێژەكەش 47%ی تێپەڕاندووە (تەمەنییان لەنێوان 6-56 ساڵاندایە)، هەوروەها لە عیراق رێكاریی دیاریكراو نییە كە خەڵكی ناچار بكات، منداڵەكانیان بخەنە بەر خوێندن لە خوێندنگەكان و خانە جیاجیاكانی فێركاریی.

ئاژانسی رەسمی (العراقیە) لەزاری حەیدەر فاروق، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەوە بڵاوكردەوە، فاكتەرە ئەمنی و ئابورییەكان كاریگەریی گەورەیان لەسەر زیادبوونی ژمارەی نەخوێندەواران هەیە لە عیراق، هەروەها ئاوارەبوونی زۆرملێ‌ بەهۆی داعش، و كێشە ئابورییەكان وایانكردووە خێزانەكان لە باشوورەوە بەرەو ناوچەكانی تر كۆچ بكەن، ئەمانەش كاریگەریی گەورەیان لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخوێندەواریی و زۆربوونی ژمارەیان هەیە.

بە وتەی فاروق، وەزارەتی پەروەردە كاریی لەسەر كردنەوەی نزیكەی 20 هەزار ناوەندی نەهێشتنی نەخوێندەواریی كردوو كە زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لەخۆدەگرن، وێڕای ئەوەی نیمچە خوێندەوار و خوێندەواریشیان تێدایە، ژمارەیەكی زۆر هەن ناوەندەكانی نەهێشتنی نەخوێندەوارییان تەواوكردووە، زیاتر لە 600 هەزاریش بەردەوامن لە خوێندن.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، رووداوەكانی ئەم دواییە، وەك قەدەغەكردنی هاتووچۆ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، كاریگەرییان هەبوو لەسەر زیادبوونی ژمارەی نەخوێندەواران كەبوونە مایەی پەپەیوەندی نەكردن بە خوێندنەوە لە ناوەندەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواریی، بۆیە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەستی بە كاركردن كردووە، بۆ گەیشتن بە دوورترین شوێنەكان لە عیراق و ناوچە دوورەدەستەكان كە دەكرێت لێوەی زۆرێك لەو خێزان و لاو و بەساڵاچوانە بدۆزرێنەوە و فێری خوێندنەوە و نوسین بكرێن.

سەبارەت بە ژمارەی نەخوێندەواران لە عیراق، فاروق پێیوایە»ژمارەیەكی راستەقینە بەردەست نییە، بەڵام دەكرێت 5 ملیۆن نەخوێندەوار لە وڵاتدا هەبن، بۆیە وەزارەتی پەروەردە كاردەكات بۆ كەمكردنەوەی ئەو ژمارەیە و پێداگرە لەسەر ئەوەی كە دەبێت ساڵی نوێی خوێندن هەبێت، تا نەخوێندەواریی لەنێو كۆمەڵگەی عیراقیدا بڵاونەبێتەوە».

بەپێی دەزگای ناوەندی ئامارەكان، رێژەی نەخوێندەواران لە عیراق لەنێوان دانیشتواندا زیاتر لەنێو ئەوانەدایە كە تەمەنییان لەسەر و 10 ساڵانەوەیە و رێژەكەیان دەگاتە 13%، لەنێو مێیینەكاندا رێژەكە بەرزدەبێتەوە بۆ 18% و لەنێو نێرینەشدا رێژەكە بۆ 8% كەمدەبێتەوە.

دەزگای ناوەندی ئامارەكان لەم ماوەیەی دواییدا رایگەیاندبوو، 87%ی ئەوانەی تەمەنیان لە سەرو 10ساڵانەوەیە، نەخوێندەوارنیین، لەنێو ئەوانەشدا 82% مێیینەكان نەخوێندەوارنیین، لەبەرامبەر 92%ی نێرینەكان كە نەخوێندەوارنیین.

عیراق بەپشتبەستن بە بەو راپۆرتانەی لەلایەن رێكخراوی یۆنسكۆوە بڵاوكرانەوە، بە یەكەم دەوڵەت دادەنرێت لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە توانیویەتی بەشێوەیەكی تەواوەتی لە ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوودا بەسەر نەخوێندەواریدا زاڵ ببێت، بەڵام بەهۆی خراپی رەوشی سیاسی عیراق لە دوای ساڵی 2003، لەگەڵ ساڵانی پێشتر كە عیراق سەرقاڵی جەنگێكی كاولكاریی بێ‌ هودە بوو كە گەمارۆی ئابوری و داڕمانی ئابوری و ژێرخان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو پرۆژە ژیارییەكان و لەگەڕكەوتنی پێشكەوتنی پەروەردە و فێركردنی لێكەوتەوە لە ساڵانی نەوەدی سەدەی رابردوو، عیراق خۆی لە بەرزترین هەرەمی نەخوێندەواریی لە جیهاندا بینییەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان