راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
جاران پەروەردە لەسەر بنەما و رێچكەیەكی تۆكمە و دیاریكراو بوو، دەیتوانی كۆمەڵگە بەو ئاڕاستەیەدا ببات كە بتوانێت كۆمەڵگە وا تێبگەیەنێت كە خوێندكار و مامۆستا تەواوكەری یەكترن بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگە و تێكچوونی بنەما و پەیوەندییەكانی نێوان خوێندكار و مامۆستا، شیرازە پەروەردەییەكان لێكترازاوە، بۆیە واستە بۆ دەرچوواندنی خوێندكار، بووەتە دیاردەیەكی باو لەناو كۆمەڵگەدا و دەربازبوون لێی ئەستەمە.
جاران پەروەردە تۆكمە بوو
شێرزاد عەلی مامۆستا لە یەكێك لە خوێندنگە دواناوەندییەكانی كەركوك، بە كوردستانی نوێی وت: 30 ساڵم لە بواری پەروەردەدا بەڕێكردووە، هیچ كاتێك وەك ئێستا پەروەردە و مامۆستا و خوێندكارم لە قەیراندا نەبینیوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كۆمەڵگە بەرەو داڕووخان دەچێت و هەموو پێوەرەكانی ژیان چوارچێوەی بەرژەوەندییە نا بەجێییەكانی گرتۆتەوە و چووەتە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوندییەكانی خوێندكار لەلایەن كۆمەڵگەوە، بەو ئاڕاستەیەی كە خوێندكارەكە دەرچوێنێت بەبێ ئەوەی توانای ئاوەزی بۆ فێربوون هەبێت، ئەمەش دەكەوێتە ژێر كاریگەریی پەیوەندییەکانی كۆمەڵایەتی و هەڵسوكەوتی رۆژانەی هەموو لایەك، بۆیە تاكەكانی كۆمەڵگە پەنا دەبەنە بەر واستەکردن، هەر ئەمەش وایكردووە كە ئەم دیاردەیە فراوان و گەورەتربێت.
دیاردەیەكی دزێوی كۆمەڵایەتی
ئەو مامۆستایە وتیشی: گەلێك هۆكاری سیاسی و ئابووری رۆڵ دەبینن لە دروستبوونیدا، وەك نەبوونی كەشوهەوایەكی ئاسوودەی سیاسی كە بتوانێت دەوڵەت لەسەر بنەمای دەوڵەت بوون دروست بكات، جگە لەوەی لایەنە ئابوورییەكەش رۆڵ دەبینێت لە پەنابردنی مامۆستا و هەندێك كەسانی ئاست نزم بۆ تێركردنی رووە مادییەكە، بۆیە پارە رۆڵ دەبینێت لە لەناوبردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا بە ئاراستەی دروست.
جومعە عەبدوڵڵا سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە پەروەردەی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: خەریكە پەتای واستەكردن دەبێتە دیاردەیەكی دزێو و نەشیاو و كۆنترۆڵكردنیشی ئەستەمە، لەبەرئەوەی هۆكارەكانی واستەكردن گەلێك زۆرن، ئەگەر لە رووی كۆمەڵایەتی و دەروونییەوە باسی بكەین ئەوەیە، كە ئەوانەی كاردەكەن ئەو توانا دەروونییەیان نییە، كە بتوانن خزمەتی پەروەردە بكەن لە چوارچێوەی خوودی پەروەردەدا، بۆیە لەبەر بێهێزی دەروونی ئەو جۆرە كەسانە زۆر بە زوویی دەكەونە داوی ئەو جۆرە دیاردانەوە، هەندێكجار بەرامبەر پارەیەكی دیاریكراو پرۆسەیەكی دزێو و ناقۆڵا دەکەن و لە دواڕۆژیشدا خوێندكارێك لەسەر بنەمای واستە و بەرتیل وەرگرتن دواڕۆژی خۆیان بونیاد دەنێن و لە كاروباری رۆژانەی خۆیدا پەنا بۆ ئەو دیاردەیە دەبات.
مافی شەونخونی دەخورێت
وتیشی: رووكارە دەروونییەكەی مامۆستا و خوێندكار و خێزان رۆڵ دەبینن لە زۆربوونی ئەم دیاردە دزێوەدا، لەبەرئەوەی هەر یەكەیان ئەگەر بێت و پاڵپشتیی نەكات، ئەوكاتە خوێندكار ناتوانێت تاكلایەنە پەنا بۆ واستەكردن ببات و لە بەرامبەردا خۆی بە خوێندنەكەیەوە سەرقاڵ دەكات، بۆیە خێزان زۆر گرنگە بۆ سەركەوتنی خوێندكار لە خوێندندا، لەبەرئەوەی پەروەردەی خێزان هەموو بنەمایەكە بۆ سەركەوتنی ژیانی.
عەلی محەمەد، باوكی یەكێك لەو خوێندكارانەیە كە نمرەیەكی باشی بە دەستهێناوە لە ئامادەیی، بەڵام مافی خۆی وەرنەگرتووە و بە كوردستانی نوێی وت، كوڕەكەم ساڵێكی تەواو شەونخونی كرد بۆ سەركەوتنی پرۆسەی خوێندنەكەی، بەڵام زۆر بەداخەوە ئەوەی جێگەی سەرنجە كە بەشێكی دیارییكراو لە خوێندكاران بەبێ ماندووبوون نمرەیەكی بەرز بە دەستدەهێنن، كە دەستێكی شاراوە لە بەرامبەر پارەیەكی دیاریكراو بۆ سەركەوتنی ئەو جۆرە قوتابییانەیە بەبێ ئەوەی هیچ هەوڵێكی خوێندنی دابێت رۆڵ دەبینێت، كاتێكیش كە لە زانكۆكان وەردەگیرێت لە پێشی كوڕەكەم دەبێت بۆ وەرگرتن لە زانكۆ.
دەرچوواندن بە زۆر تاوانە
هەر لەبارەی ئەو پرسەوە د. بێستوان عادل بڕیاردەری بەشی زمانی كوردی لە زانكۆی كەركوك، لەسەر دیاردەی واستەكردن بۆ دەرچوواندنی خوێندكار بە كوردستانی نوێی راگەیاند: رۆژانە رووبەڕووی واسیتەكردن دەبینەوە لە نێو كۆمەڵگەدا، هەر ئەمەش وایكردووە كە خوێندكارانی زانكۆ پەنا بۆ زانستەكەیان نەبەن و ئاستی زانستییان نزم بێت، خوێندكار دەناسم گەیشتۆتە قۆناغی زانكۆ نازانێت بەباشی چوار دێڕ بنووسێت، ئەمەش كارەساتێكی گەورەیە بەرۆكی خوێندكار و كۆمەڵگەی گرتووە.
وتیشی: وەك مامۆستایەكی زانكۆ هیچكات ناتوانم فێڵ لە زانستەكەم بكەم و خوێندكارێك شیاوی دەرچوون نەبوویێت و نمرەم نەیاوەتێ بۆ ئەوەی دەربچێت، چونكە ئەمە تاوانێكی گەورەیە بەرامبەر بە خۆم و ئەو خوێندكارانەی كە شەونخونی دەكەن بۆ سەركەوتنیان.