ئارۆ سامان
سەرجەم ناوچەكانی سنووری پارێزگای دیالە لەڕێگەی كامێرای چاودێریی زیرەكەوە، دەپارێزرێت.
عەدنان شەمەری پارێزگاری دیالە لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: پرۆژەی دانانی كامێرای چاودێریی زیرەك بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی لە سەرجەم ناوچەكانی پارێزگای دیالە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و قۆناغی یەكەمیش لە شاری بەعقوبە ناوەندی پارێزگاكەوە دەستپێدەكرێت، وتیشی: ئەم كامێرایانە پێشكەوتووترین كامێران و بە زیرەكیی دەستكرد كاردەكەن و رۆڵی زۆر گرنگیان دەبێت لە پاراستنی تەواوی ناوچەكان لە مەترسییەكان، یان تۆماركردنی رووداوەكان.
جەختیشیكردەوە لە سەرجەم رێگەوبانەكان، چوارڕێیانەكان و شوێنە هەستیارەكاندا كامێراكان دادەنرێن، كە بە پێشكەوتووترین سیستمی تەكنەلۆژیا رووخساری كەسانی لەیاسادەرچوو تۆمار دەكات.