راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە

07:26 - 2025-02-03
کوردستان
439 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
پشتیوانێکی ڕاستوڕەوانی هەموو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێکی کوردستانە کە داکۆکی لە مووچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەکەن.
هەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆتایی بە سەفەرەکەی لە ئەمەریکا هێنا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری  یەکجارەکی ئەم ئیستحقاقەی  هاووڵاتیان بکەن.

وەک یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانیی لەپێناو مووچە و قووتی منداڵەکانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە ویستێکی مەدەنی دادپەروەرانەیە، چونکە دیاردەی دواکەوتن و دواخستنی مووچە هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت. بەتایبەتی کە بڕیارەکانی دادگای ئیتحادی لەسەر ئیستحقاقی  مووچە روون و ئاشکران و پێویستە ئەم ئیلتیزامە هاوبەشەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی دوور لە دەستشکاندنەوەی سیاسیی جێبەجێبکرێت.
یەکێتی وێڕای داکۆکی لەم  داخوازییە مەدەنیانە و پشتیوانی و شانازیی بەم فەزا ئازادییە شایانەی  لە دەڤەرەکە هەیە تەئکیددەکاتەوە،  خەباتی مەدەنی و داخوازیی مامۆستایان داخوازییەکی سەرتاسەری کوردستانی و عیراقییە و پێویستە چارەسەرییەکەشی سەرتاسەری بێت و دەربەستییەکی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراقی بە دواوە بێت. هەرگیز رەوا نییە کۆمەڵانی خەڵک لە دڵەڕاوکێی هاتن و نەهاتنی ئیستحقاقێکی هاووڵاتێتی ئاساییەدا بە بارمتە وەربگیرێن.
پێویستە ئەم کێشە لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە بە یەکجاری و لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێت.

مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣-٢-٢٠٢٥

بابەتە پەیوەندیدارەکان