پیشە دەستییە كۆنەكانی هەولێر بەرەوە نەمان دەچن

10:06 - 2022-07-26
ڕاپۆرت
1122 جار خوێندراوەتەوە
بازاڕی پیشە دەستییەکان لە هەولێر

راپۆرتی – رەوەست نەوزاد

رۆژانی زوو بەهۆی نەبوونی ئامێری پێشكەوتوو چەندین پیشەی دەستی بۆ دروستكردنی چەندین كاڵای جۆراوجۆر لە شاری هەولێر هەبوون، زۆربەی ئەو كارە پیشەییە دەستیانە كەوتبوونە ناو بازاری قەیسەری وەكو پیشەكانی (چەخماخچی، تەنەكەچی، خومچی، دارتاشی، ناڵبەند، كورەچی) و چەندین پیشەی تر، بەڵام ماوەی دوو دەیەیە بەهۆی هاتنی كاڵای جۆراور لە وڵاتانی وەك چین و توركیا و ئێران و وڵاتی تر ئێستا ئەو پیشانە بەرەو نەمان دەچن تەنها چەند كەسێكی زۆر كەم لەسەر ئەو پیشە دەستیانە بەردەوامن.

بەنیازنیم واز لەو كارە بێنم
موكەڕەم نەجار یەكێكە لەدارتاشەكانی بازاری قەیسەری هەولێر وتی: ئەم پیشەیەم لە باپیرەمەوە بۆ ماوەتەوە ماوەی چل ساڵە بەردەوامم، دەوترێت حاجی نورەدین سندوقچی باپیرەم لە دەوروبەری ساڵی 1880 لەناو بازاری قەیسەری سندوقی داری بۆ بووك و هێلەك و كاڵای تری لەدار دروستكراوی دروست دەكرد دوای ئەو كوڕەكانی كە دەكاتە خاڵەكانم لەسەر ئەو پیشەیە بەردەوام بوون یەكێك لەوان حاجی عیرفان بوو تا پیشەكە بۆ من مایەوە. وتیشی بەهیچ شێوەیەك بەنیازنیم واز لەو كارە بێنم ئێستا كوڕەكەشم لەگەڵم ئەو كارە دەكات، هەرچەندە ئێستا ئەو شتانەی ئێمە لەدار دروستی دەكەین زۆربەیان هاوشێوەكەی لە وڵاتی چین دەهێنرێنە هەرێم، بەڵام نرخی ئەوانەی ئێمە هەرزانترە، بۆیە هۆكارەكە بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە ئەو كاڵایانەشی كە من دروستیان دەكەم لەدار بریتین لە (هێلەك، فەرشە، بێژنگ، تیرۆك، خوانە، سەبەتە) و شتی تر زۆربەی دارەكانی لە توركیا بۆمان دێن. وتیشی: هەندێك پیشە هەیە ئێستا بەئامێر دەکرێن و بەدەست نایكەن و هۆكاری كەمبوون یا نەمانی ئەو پیشەیە بۆ چوونە تەمەن یا كۆچی دواییكردنی وەستا پیشەوەرە كۆنەكان دەگەڕێتەوە یا هەندێكیان دوای كۆچی دوایی باوكیان حەزیان لەكارەكە نییە، بۆ نموونە ئەو پیشە دارتاشیەی لە جۆری كارەكەی من لە كۆندا 7 – 8 دوكان دەبوون لەناو قەیسەریەكە، بەڵام ئێستا تەنیا دوو دوكان ماون.

كاری دەستیم بەلاوە خۆشترە
بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیا زۆربەی كارە پیشەسازییەكان گۆڕانكاریان لەكاركردنیان بەسەردا هاتووە كاری تەنەكەچیش یەكێكە لەو پیشەسازیانە، سەید ئیبراهیم لەوبارەیەوە دەڵێت: لەساڵانی شەست و حەفتاكان ئامێر نەبوو، بۆیە بەدەست و مەقەستی گەورەو بچووك زۆربەی كاری بڕینی تەنەكەمان بۆ دروستكردنی سێل و پەرەمێز دەکرد، بەڵام لە ساڵی 1984 بۆ یەكەمجار ئامێری بڕین و پرێس بۆ تەنەكە بڕینم هێنا هەولێر لەوكاتەوە بەئامێر كاردەكەین سەڕەرای ئەوەی كاری دەستی قورس بوو، بەڵام كاركردن بەدەستیم بەلاوە خۆشترە، چونكە داهات و قازانجیان لە ئێستا زیاتر بوو.
باسی لەوەشكرد كە ئەو كاڵایانەی تەنەكەچیەكانی هەولێر دروستی دەكەن لە ساڵانی رابردوو جگە لەساغكردنەوەی لە شارەكە، هەناردەی شارەكانی دهۆك و موسڵ و كەركوكیش دەكران، بەڵام ئێستا تەنها لە هەولێر دەفرۆشرێن و هەناردەی شارەكانی كۆیە و رواندوزو قەڵادزێ دەكرێن .
وەستا نەبیل چەخماخچی یەكێكی تر بوو لە وەستاكانی پیشەی دەستی لە هەولێر وتی: لە كۆندا چەخماخچیە كۆنەكان مام زەینەڵ و حاجی ئەحمەد چەخماخچی و وەستا عەلی چەخماخچی بوون كە چەكیشی چاكدەكردەوە كە هەموویان دوكانەكانیان لەناو بازاری قەیسەری هەولێر بوو لە بازاری تەیراوەش وەستا جەلال چەخماخچیش هەبوو كە ئەو كەسانە زۆربەیان كۆچی دواییان كردووە. وتیشی لە ساڵانی چل و پەنجاكاندا خەڵكی ئێمە وەكو بازرگان بەو شێوەیەی ئێستا نەدەچوونە وڵاتانی چین و ئیمارات و هۆكارەكانی گواستنەوەش بەو شێوەیەی ئێستا پێشكەوتوو نەبوو، بۆیە خۆیان ئەو كەلوپەلانەیان دروست دەكرد كە بریتیبوون لە مەقەستی بەرگدروویی و گوێزانی سەرتاشین و ئامێری جەو بۆ بڕینی خوڕی ئاژەڵ و چەقۆی دوكانی گۆشتفرۆشی و چەقۆی ماڵان و خەنجەر و شمشێر و داس و تەور و خاكەناز و پێمەڕە.
دروستكردنی ئەو كەلوپەلانەی شت بڕین لەلایەن چەخماخچیەكان بەدەست بوو كە بەچەكوش و كۆسەرەی دەستی و بەهۆی كورەی گەرەمكەرەوە دروستیان دەكرد كە بە رەژوو كاری دەكرد، مادەی سەرەتاییشیان لە ئاسنی كۆنی وەكو وەرەقەی ئۆتۆمبێل و مەورەد دەردەهێنا كە ئەو دوو شتە مادەی پۆڵای باش بوون جگە لەوەش ئەو كەلوپەلانەشیان دوای كول بوون بۆ خەڵكی تیژ دەكردەوە.

هەمان کەلوپەل لە وڵاتی دیکەوە دەهێنرێن
وەستا نەبیل وتیشی: لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەكانەوە پیشە دەستییەکان بەرەو نەمان چوون هەرچەندە ئێستا خەڵكی دێن مەقەست و چەقۆی باب و باپیرانیان چاكدەكەن یا تیژدەكەن، بەڵام بەو شێوەیە فراوانە نەماوە هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وەستا بەتەمەنەكان قەبارەی كارەكانی خۆیان كەمكردەوە، بۆ نموونە ئێستا كە مەقەستێكی سەرتاشین تیژدەكەن تا شەش حەوت مانگ تیژكردنەوەی ناوێت، بۆیە كارەكە بچووك بۆتەوە، جگە لەوەش ئەو كاڵایانە ئێستا بەشێوەیەكی فراوان لە چین و ئیمارات و ژاپۆن دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان هۆكارێكی تری نەمانی پیشەكە  چوونە بەر خوێندن و تەواو كردنی خوێندنی باڵایە لەلایەن منداڵەكانی وەستا چەخماخچیەكانەوە، بۆ نموونە كوڕی وەستاكەی من چوو كۆلێژی سەربازی تەواو كردو بووە ئەفسەر بۆیە نەهات ئەو كارە بكات و نەوەكانیشی گەورەبوون، بەڵام ئەوانیش لە دەزگاكانی حكومەت دامەزران.

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان