وەزیری دارایی لە نێوان دەستلەکارکێشانەوە و ئامادەبوون لە پەرلەمان

07:03 - 2022-03-08
دووتوێ
316 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

سەبارەت بە تەنگژەی ئامادەنەبوونی وەزیری دارایی لە دانیشتنی بانگهێشتكردن بۆ بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران، حاكم زاملی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، لە 19ی شوباتی 2022، داوای لە دەزگای داواكاریی گشتی كرد، رێگە لە سەفەركردنی وەزیری دارایی بگیرێت بۆ دەرەوەی وڵات.

بەپێی بەڵگەنامەیەك، زاملی دەڵێت»بەڕەچاوكردنی بوونی چەندان دۆسێی پەیوەست بە سەرپێچی دارایی و یاسایی كە تایبەتن بە جەنابی وەزیری دارایی فیدراڵ و لەسەردەستی ئەنجومەنی نوێنەراندان بۆ چاوخشاندنەوەی پێیاندا، و ئامادەنەبوونی لە ئەنجومەنی نوێنەران، تكا دەكەین بفەرموون بە تەماشاكردنی ئەو دۆسێیانە و گرتنەبەری رێكاریی یاسایی بۆ رێگرتن لە سەفەركردنی وەزیری دارایی، لەپێناو پاراستنی سامانی گشتی، تا ئەو دەمەی دۆسێكان یەكلایی دەكرێنەوە».

بەپێی بەڵگەنامەیەكی تر، وەزیری دارایی داوای لە پەرلەمان كردووە، لە دانیشتنێكی تایبەتدا، دەنگ لەسەر متمانە بدرێت و قسە لەسەر ئابوری و نرخی خەرجی دۆلار بكرێت.

لە 19ی شوباتی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوونەوەیەكی لە هۆڵی دەستوریی بەسەرۆكایەتی حاكم زاملی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران سازكرد، بۆ گفتووكردن لەسەر واقیعی نرخی خەرجی دۆلار بەرامبەر بە دینار.

مستەفا غالب مخیف، پارێزگاری بانكی ناوەندی و جێگرەكەی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی بانكەكە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون، لەكاتێكدا عەلی عەللاوی وەزیری دارایی و وەزارەتەكەی بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد.

زاملی لە وتارێكیدا لە كاتی كردنەوەی كۆبوونەوەكە رایگەیاند:»پەرلەمان وەزیری دارایی بانگهێشت دەكاتەوە، بەو هۆیەی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو، سیاسەتی دراویی لە عیراق بەدەست كەلێن و زیانەوە دەناڵێنێت و رووبەڕووی مەترسی بۆتەوە، بۆیە بڕیارماندا ئەم كۆبوونەوەیە سازبكەین».

هەروەها وتی:»ئێمە بەلامانەوە سەیر بوو وەزیری دارایی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو، هەندێك لە سەركردەكان پەیوەندییان پێوەكردین، لەپێناو پەلە نەكردن لە بابەتی بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی، بەڵام ئێمە گەر رۆڵی چاودێریی خۆمان نەبینین، ناكرێت پەرلەمان رۆڵی چاودێریی ببنێت، نەتوانین لەمەودوا هیچ وەزیرێك بۆ پەرلەمان بانگهێشت بكەین».

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند»بیستمان كە وەزیری دارایی دەیەوێت نامەی دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات، ئەمە مافی خۆیەتی، بەڵام هەندێك دۆسێ‌ هەن پێویستە تاوتوێ‌ بكرێن، ئیمزا كۆكراوەتەوە لەلایەن پەرلەمانتاران بۆ میوانداریی كردنی وەزیری دارایی لە پەرلەمان».

بە وتەی زاملی»تەنانەت گەر عەللاوییش دەستلەكاربكێشێتەوە، بەبێ‌ لێپێچینەوە لێناگەڕیین و هەندێك دۆسێمان لەبەردەستدایە كە لێوەی تۆمەتبار دەكرێت، بۆیە فەرمانی رێگرتن لە سەفەركردنی وەزیری دارایی دەردەچێت، تا ئەو كاتەی ئامادەی بەردەم پەرلەمان دەبێت».

زاملی ئاماژەی بە سازدانی دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمانیش كردبوو لەسەر داوای 50 پەرلەمانتار، بۆ گفتووگۆكردن لەسەر سیاسەتی دارایی و بەقاچاخبردنی دراو و نرخی خەرج.

حاكم زاملی، وەزیری دارایی بە گواستنەوەی ئەزموونە دۆڕاوەكەی لە بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكانی دەرەوەی عیراق تۆمەتبار كرد و رایگەیاند»وەزیری دارایی هیچ شتێكی پێشكەش بە وڵاتەكەی نەكرد، هاوبەش بوو لە بەرزكردنەوەی قەرزەكانی عیراق بۆ 27 ترلیۆن دینار تەنیا لە یەك ساڵدا».

هەروەها وتی:»وەزیری دارایی تائێستا حیساباتە داراییەكانی رەوانە نەكردووە، هیچ رێكارێكیشی نەگرتۆتەبەر بۆ دەستەبەركردنی قەرزی سەر كۆمپانیاكانی مۆبایل و رێگرتن لە بەقاچاخبردنی پارە و بندیوارەكان».

پێشتر دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران عیراق، رایگەیاندبوو كە داوا لە عەلی عەللاوی وەزیری دارایی، و مستەفا غالب پارێزگاری بانكی ناوەندی دەكرێت، ئامادەبن لە بارەگای ئەنجومەنی نوێنەران.

لە بەیاننامەیەكی كورتی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتبوو»بانگهێشتكردنی بەرپرسانی دارایی، لەسەر رێنماییەكانی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرە».

پێشتر، سەدر شەش پێشنیاریی سەبارەت بە نرخی خەرجی دۆلار بەرامبەر بە دیناریی عیراقی پێشكەش كردبوو، لەنێوانیاندا دەستبەجێ‌ بانگهێشتكردنی عەلی عەللاوی وەزیری دارایی، و مستەفا غالب پارێزگاری بانكی ناوەندی بوو.

بەپێی رێنماییەكانی سەدر»راگرتنی بەهێزی بەقاچاخبردنی دراو، و چاوخشاندنەوە بە كاروباری هەندێك لە بانكەكانی وەك (شەرقولئەوسەت، قابز، و ئەنساری) خاوەندارییان بۆ هەندێك لەو كەسانە دەگەڕێتەوە دراوییان لە وڵاتدا كۆنترۆڵكردووە، لەگەڵ هەندێك لە بانكە ئەهلییەكانی تر، و مامەڵەیەكی توند لەگەڵ ئەو بانكانەی خاوەندارییان بۆ هەندێك لە حزبەكان دەگەڕێتەوە كە وڵات و بەندەكان هەڵدەسوڕێنن».

وێڕای ئەمانە، سەدر داوای كردبوو»بازاڕی دراوی عیراقی بەشێوەیەكی ناوەندی و بە شێوازێكی راست رێكبخرێت، لەڕێی داڕشتنی هەندێك لەو یاسایانەی بەهای خەرجی دینار بەزدەكەنەوە».
سەرچاوەیەكی بەرپرسیش لە وەزارەتی دارایی بەدووریزانی، نرخی خەرج گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و نرخی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار كەمبكرێتەوە، بەو پێیەی كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابوری وڵات دەبێت، لە دوای داواكارییەكانی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر، بۆ پێداچوونەوە بە دۆسێكەدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان