بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایدەگەیەنێت، “لە کەش و هەوای بەفرباریندا شۆفێریکردن بۆ دوو هێندە قورس دەبێت، بۆیە لەسەر تۆی شۆفێر پێویستە کە بۆ سەلامەتیی خۆت و کەسانی دەوروبەرت، چەند رێنماییەک هەیە بە تەواوی جێبەجێ بکەیت”.
رێنماییەکانی هاتوچۆی سلێمانی بۆ شۆفێران:
1- کەمکردنەوەی خێرایی بۆ رادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبیلەکەت هەبێت، واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کلم/ کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت. هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان، لە 60 کلم یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.
2- پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبیلەکەی خۆت و ئۆتۆمبیلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبیل لە بەفرباریندا کەمدەکات، بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئۆتۆمبیل.
3- ئیشکردنی ڕووناککەرەوە (گڵۆپ)ـی نزم و ڕووناککەرەوەی تەم، گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە بارینی بەفر و بوونی تەم، ڕێژەی بینین کەمدەکاتەوە.
4- دڵنیابوون لەوەی کە ئۆتۆمبیلەکەت کەموکوڕیی نییە و پێویستە بەنزینی تەواو لە ئۆتۆمبیلەکەتدا بێت، بۆ کاتی پێویست و قەرەباڵغی.
5- بوونی بەتانییەک لەناو ئۆتۆمبیلەکەت، بۆ کاتی پێویست.
6- نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت، بەڵکو بەنەرمی و لەسەرخۆیی.
7- سەرداننەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.
8- لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو، راستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان. (هاتوچۆ 188، پۆلیسی فریاکەوتن 104، فریاگوزاری تەندروستی 122، بەرگری شارستانی 115).