״بەڕێوەچوونی سەرژمێرییەكی پاك و بێگەرد لە سەرتاسەری عیراقدا״

09:29 - 2022-07-27
کوردستان
468 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكان و سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم، كۆبوونەوە و هەنگاوەكانی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانیان لە عیراقدا تاوتوێكرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، باسی لە پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عیراقدا كرد، كە ئامادەكاری بۆ دەكرێت و وتی: گرنگ و پێویستە سەرژمێرییەكی پاك و بێگەرد لە سەرتاسەری عیراقدا بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بكرێت بە رەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتی ئەو ناوچانە، كە ژمارەیەكی زۆری خێزان لە شوێنی نیشتەجێبوون و زێدی خۆیان نین و ئاوارەن، كە ئەوەش مەترسییە بۆ گۆڕانی دیمۆگرافیا.
لای خۆیەوە، سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئامار، باسی لە پرسی بەئەلەكترۆنیكردنی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عیراقدا كرد و ئەوەی خستەڕوو كە دەبێت داتا سەنتەری سەرژمێریی هەرێمی كوردستان لە لای خۆمان بێت. وتیشی: دەربارەی لەبەرچاوگرتنی فرەیی پێكهاتە و ئایین و نەتەوە، كە پێشنیازێكە و داواكراوە ئەندامێتییان هەبێت لە لیژنەی بەڕێوەبردنی سەرژمێریی گشتیی عیراقدا، وەك دەستەی ئاماری هەرێم بە هەماهەنگی ئاماری عیراق كار لەسەر لایەنی تەكنیكی و هونەریی دەكەین، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە راستیی پڕۆسەكە.

#سەرژمێری

بابەتە پەیوەندیدارەکان