ئاوێنەی عیراق
بە وتەی شەممەری» لەئێستادا 25 كاندید هەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هیچ كێشەیەكیان لەسەر نییە، و رێژەی پێویستن بۆ تێپەڕاندنی كاندیدكردن، بەڵام بەهۆی بوونی لێكگەیشتن و هاوپەیمانی سیاسی پێشتر، هەندێك لە دەنگەكان داوای سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن دەكەن، ئەمەش گەر رووبدات، هێندەی تر و لەئێستا زیاتر رەوشی سیاسی ئاڵۆزدەكات».
بڕیارێكی چاوەڕوانكراو
لای خۆیەوە عەقیل ردێنی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر دەڵێت»بڕیاری دادگای فیدراڵ چاوەڕوانكراو بوو، بەو پێیەی دەقێكی دەستوریی نییە بۆ سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ بوونی ئەو كاندیدانەی پێشتر رێكەوتنیان لەسەر كراوە، بەو پێیەی بڕیاری كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن، لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە دەرچوو، نەك لەلایەن نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان».
هەلێكی تر
بە بۆچوونی ردێنی»ئەو بڕیارە بۆ پێدانی هەلێكی ترە بە فراكسیۆنەكان بۆ ئەنجامدانی گەڕێكی نوێی دیالۆگ و وتوێژی سیاسی، جا لەنێو پەرلەمانەوە بێت یان لە دەرەوە، لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێكی خوازراو كە خزمەت بە هەموان بكات، لە هەمان كاتدا پەرلەمان لەسەر دوو رێگە هەنگاو دەنێت، یان دەبێت دانیشتنێكی تایبەت بۆ رێكەوتن لەسەر سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندید سازبكات، یان نەكردنەوەی بكرێت و تەوافوق بكرێت لەنێوان فراكسیۆنە سیاسییەكان لەسەر كاندیدێك لەنێوان كاندیدەكانی ئێستا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و پاشان دانیشتنی دەنگدان سازبكرێت».
دەرگای دیالۆگ و لێكگەیشتن
بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ كە دەبێت هەموان پابەندبن پێوەی، پێدەچێت لێوەی دادگا بیەوێت سەرلەنوێ دەرگای دیالۆگ و تەوافوق و گەیشتن بە خاڵە هاوبەشەكان و لێكگەیشتن سەبارەت بە كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران، ئاواڵا بكات.
لەئێستادا چاوەكان روویان لە پەرلەمانە، لەپاش دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵ بۆ سەرلەنوێ دەنگدان لەسەر كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، پاشان یەكلایی كردنەوەی بابەتەكە، گەر كاروبارەكان بەوشێوەیە بەڕێوەچوون، وەك ئەوەی لایەنگرانی هاوپەیمانی سێ قۆڵی دەیانەوێت بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەكەیان، ئەوا لایەنەكەی تر رێگەی لێدەگرن و هەڕەشەی بەكارهێنانی سێیەكی لەگەڕخراوی پەرلەمان دەكەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كەواتە دیمەنەكە رووی لە تەنگژەیەكی سیاسی نوێیە، گەر لێكگەیشتن و دیالۆگ نەكرێت لەنێوان لایەنە ناكۆكەكان بۆ دەرچوون لەم تونێلە دوورودرۆێژەی وڵات پێیدا دەڕوات، لەپێناو خزمەتكردنی بە بەرژەوەندی باڵای عیراق.
لێكدانەوەیەكی لۆژیكی
هەر لەو چوارچێوەیەدا، یونس خالید جەواد شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت»بڕیارەكانی دادگای فیدراڵ سەبارەت بە سكاڵا پێشكەشكراوەكان لەبارەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان و دوورخستنەوەی كاندیدەكان و سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، هەموویان دەكەونە چوارچێوەی لێكدانەوەیەكی لۆژیكانە بۆ دەستور، بە تایبەت لەڕووی نەشیاوی كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستەكە، لە سایەی بوونی كاندیدەكانی تر ئەو لیستی ناوانە كە هیچ كێشەیەكی یاساییان لەسەر نییە، بەو پێیەی كاندیدەكانی ئێستا، دەكرێت كێبڕكێ لەنێوانیاندا بكرێت بۆ بردنەوەی یەكێكیان، نەریتیش وابووە لێكگەیشتن لەنێوان حزب و فراكسیۆنەكاندا بكرێت لەسەر پۆستەكە، بەر لەوەی لیستەكە بۆ دەنگدا بخرێتەڕوو.
بەردەوامبوونی ناكۆكییەكان
بە وتەی جواد»ئەو ناكۆكییەی لەنێوان دوو حزبە كوردییەكە (یەكێتی و پارتی) هەیە لەبارەی ئەوەی كێ پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێت، تائێستاش بەردەوامە، بڕیارەكەی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵیش، رەنگە ببێتە مایەی زیاتر قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوانیان و رەنگە زیاتر بەرەو ئاڵۆزبوونیان ببات، بە تایبەت كە جاری دووەمە لەسەر بڕیاری دادگا كاندیدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دووردەخرێتە لە پێشبڕكێكە، بۆیە كێبڕكێكە لەئێستادا لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا پەنگیخواردۆتەوە و هەلی بردنەوەی زیاترە بەراورد بە پاشماوەی كاندیدەكانی تر، لەگەڵ ئەمەشدا رەنگە لەم ماوەیەدا ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتنێك سازبكات بۆ رێكەوتن لەبارەی سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستەكە كە دەبێتە جاری سێیەم، یان بە بیست و چوار كاندیدەكە لێبگەڕێن و تەوافوق لەنێوانیاندا بكرێت لەسەر كەسێتییەك كە پۆستەكە وەربگرێت و پاشان پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەببرێت».
تاقیكردنەوەی دادگا
جەعفەر كەعبی، چالاكوانی مەدەنی لای خۆیەوە رەخنە لە دادگای فیدراڵ دەگرێت لە دوای بڕیارەكانی ئەم دواییەی و دەڵێت»لەدوای هەڵبژاردن دادگای فیدراڵ بە چەند تاقیكردنەوەیەكدا تێپەڕی و لە هیچ كامیان سەركەوتوو نەبوو،بەردەوام بڕیارەكانی هەڵاتن بوو بەرەو پێش و بۆ دەستخستنی كاتی زیاتر و پێدانی هەلی تر بە فراكسیۆن و حزبەكان لەپێناو لێكگەیشتن لەنێوانیان، تا ململانێكان لەخۆی دووربخاتەوە، بەهۆی ئەو گوشارانەی لەلایەن حزبەكانەوە دەخرێتەسەری، بۆیە هاووڵاتی عیراقی متمانەی بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و تەنانەت دادوەرییش نەماوە، چونكە لەكۆتاییدا هەموو پرسەكان دەگەڕێنەوە بۆ حزب و فراكسیۆنە سیاسییەكان كە لەنێوان خۆیاندا تەوافوق دەكەن، وەك ئەوەی هیچ نەبوبێت».
ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا
لە 5ی ئاداری 2022، لە دانیشتنێكدا بە ئامادەبوونی 265 پەرلەمانتار، ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند»ئەنجومەن دەنگیدا بۆ كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار».
بەپێی بەیاننامەیەكی كورت كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڵاوكرایەوە»ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیاندا گەیشتە 203 پەرلەمانتار و ئەوانەش كە دەنگیان نەدا گەیشتە 62 پەرلەمانتار».
ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگدان لەسەر كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، و پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی لەخۆگرت.