سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان
گوندی سنكێ ده‌كه‌وێته ناوچه‌ی شارباژێڕی سه‌خت و سه‌ربه قه‌زای چوارتایه و (16) کیلۆمەتر له چوارتاوه دووره، كه‌وتۆ‌ته باكووری خۆرهه‌ڵاتی شاری سلێمانی و به دووری (35 ) کیلۆمەتر و هه‌روه‌ها (895 مه‌تر) له ئاستی ده‌ریاوه به‌رزه. رووبه‌ری گشتی زه‌وییه‌كه‌ی (6,2)كیلۆمەتر دووجایه و ده‌كه‌وێته خوار كێوی وه‌ڕاز و گرد و چیاكانی ئالی باش و پیری كۆزه‌ڵان و داره گه‌وره و پیر وه‌ریا و باخچانه. گوندە‌كانی ده‌وروبه‌ری بریتین له: وه‌ڕاز، واژه، باخی ئاشی، بێتوات، سوره‌قه‌ڵات، خێوه‌ته.
ئه‌م گونده به‌پێی وته‌ی مامۆستا شاكیر فه‌تاح له‌ساڵی 1929دا (20) ماڵ و ( 100) كه‌س بووه و له سه‌رژمێریی ساڵی 1957دا (30) ماڵ بووه. هه‌روه‌ها به‌پێی سه‌رژمێریی ساڵی 1977 كه له‌گه‌ڵ گوندی وه‌ڕاز و بێتوت پێكه‌وه سه‌رژمێری كراون، (89) ماڵ و (514) كه‌س بوون. له ساڵی 1987دا كه (30) ماڵ بووه، حكومه‌تی عیراق گونده‌كه‌ی به‌خه‌ڵك چۆڵكرد‌و وێرانی كرد. دوای راپه‌ڕین له‌ساڵی 1992دا ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه و نزیكه‌ی (40) ماڵ بووه، ئێستاش (48) ماڵی تێدا نیشته‌جێیه.
سه‌باره‌ت به‌ناوی سنكێ چه‌ند بۆچوونێكی جیاواز هه‌ن، به‌ڵام تا راده‌یه‌ك دوو سه‌رچاوه‌یان باوه‌ڕ پێكراوه، بۆچوونی یه‌كه‌م: ناوی سنكێ بۆ جۆره كولـله‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێننه‌وه به‌ناوی سن، وه‌ك ده‌وترێت ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك هیچ جۆره گه‌نم و جۆیه‌ك له‌م گونده‌دا پێنه‌گه‌یشتووه و سن لێیداوە، لێره‌وه سن ده‌لكێ به‌ناوی گونده‌كه‌وه و به تێپه‌ڕینی رۆژگار ده‌بێت به سنكێ. به‌ڵام بۆچوونی دووه‌م: پێیوایه له «سنگ»ه‌وه هاتووه كه بۆ داكوتینی خێوه‌ت و ره‌شماڵ به‌كاردێت. گوایه له سه‌رده‌می بابانه‌كان له قه‌ڵاچوالان، بنه‌ماڵه‌یه‌ك هاتوون پرسیان به فه‌رمانڕه‌وایانی بابان كردووه، له كوێ نیشته‌جێ بن. وتویانه بچنه سه‌ر كانیاوێك كه كاروانچی هاتوچۆیان پێداكردووه و سنگیان لێ داكوتیووه. ئیتر ئه‌و شوێنه‌یان ئاوه‌دانكردۆته‌وه و ناویان ناوه سنگێ و دواتر بووه به سنكێ.
سنكێ گوندێكی زۆر دێرینه و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌شكانی و ساسانییه‌كان، چونكه چه‌ندین كوپه و گۆزه له‌ژێر خاكه‌كه‌یدا دۆزراونه‌ته‌وه كه بۆ لاشه‌ی مردو و هه‌ڵگرتنی دانه‌وێڵه له سه‌رده‌می ساسانییه‌كاندا به‌كارهێنراون. جگه له‌وه‌ش چه‌ندین نزرگه‌ی تێدایه كه پێده‌چێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می ساسانی وه‌ك: پیری گۆزه‌ڵان، پیر هۆرێ، پیر وه‌ریا، پیر زه‌روون، خاس و غه‌یبی، به‌ردی كۆكه. باپیره ئاجی كه له كۆندا وه‌ك شوێنێكی پیرۆز لێیان رووانیون. دیاره گونده‌كه چه‌ند جارێك به‌هۆی شه‌ڕو ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه وێرانكراوه و چۆڵ بووه، به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن كاتێك میرنشینی بابان دێنه قه‌ڵاچوالان به فه‌رمانی ئه‌وان جارێكی دیکە ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه.
جگه له‌وه‌ش چه‌ند شوێنه‌وارێكی دێرین هه‌ن وه‌ك: به‌ردی قه‌ڵات، كه‌ڵه‌كاوی و چه‌م خاتوون، گۆڕستانی كۆن و (سۆفی حه‌سه‌ن و خدری زینده) ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌م گونده زۆر له مێژه ژیانی تێدابووه.
گوندی سنكێ له شه‌ش بنه‌ماڵه‌ی سه‌ره‌كی پێكهاتووه، ئه‌وانیش، بریتی بوون له بنه‌ماڵه‌ی محه‌مه‌د سڵێمان كه كۆنترین بنه‌ماڵه‌ی گونده‌كه بوون، بنه‌ماڵه‌ی حه‌مه‌سه‌عیدی گه‌وره، بنه‌ماڵه‌ی حاجی ساڵحی لاله ئاغا، بنه‌ماڵه‌ی خاڵه عه‌زه، بنه‌ماڵه‌ی حاجی مه‌حمود عه‌زیز، بنه‌ماڵه‌ی حاجی فه‌تاح.
مامۆستا جه‌مال شارباژێڕی یه‌كێك له شاعیره به‌ناوبانگه‌كانی كورد، خه‌ڵكی ئه‌م گونده‌یه.
مامۆستا شاكیر فه‌تاح له ساڵی 1929دا گه‌شتێك بۆ هه‌ندێك گوندی شارباژێڕ ده‌كات و یه‌كێك له‌و گوندانه سنكێ دەبێت و ده‌نووسێت: (رۆژی دووشه‌ممه (27-8-1929) گه‌یشتینه گوندی سنكێ كه له ناوجه‌رگه‌ی شارباژێڕدایه، له‌به‌رده‌م چه‌مه‌كه‌دا چاوئه‌ندازێكی لاله‌زاره‌كه‌م به وێنه‌گره‌كه‌م گرت. له ماڵی ئاشنایه‌كی حاجی محه‌مه‌د كه ناوی حه‌مه سڵێمان بوو لاماندا، نانی نیوه‌ڕۆمان له‌وێ خوارد. چاییمان خوارده‌وه، پاش نوێژكردن، وێنه‌یه‌كی دیکەی گونده‌كه‌م كێشا. تۆزێ له‌سه‌ر گردی پیر هۆرێ حه‌ساینه‌وه. به ته‌ماشاكردنی چاوئه‌ندازی ئه‌م چه‌م و چوغورد و چیمه‌ن و لاله‌زار و نزاره خۆم شادمان كرد، ئینجا به‌ناو باخاتدا رۆیشتین، له‌پاش گه‌ڕانێكی بیست خوله‌كی هێشتا نیوه‌یانمان نه‌بڕیبوو، به‌ناو چنار و عه‌رعه‌ردا رۆیشتین، لەئە‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری قوله‌كه‌ی سیوه‌یله‌وه دار قۆخی شه‌نگ و شۆخ هه‌بوون. له‌وپه‌ڕ ئه‌وانه‌وه هه‌ندێ قۆخمان خوارد. به كۆمه‌ڵه كه‌ڵه‌مێوێك گه‌یشتین، به چڕه دارستانێكی به‌هێی ناوازه‌ی سنكێدا تێپه‌ڕ بووین. به‌هێی سنكێ له هه‌موو شوێنێكی ناوچه‌ی سلێمانیدا به‌ناوبانگه. به‌ڵام نه ئه‌مساڵ، نه پار، له‌به‌ر كولـله به‌ری نه‌گرتبوو. پاش ئه‌وه به‌ناو كۆمه‌ڵه دارسێو و هه‌ڵووژه و قه‌یسیدا رۆیشتین. ئینجا به‌ژێر سێبه‌ری شه‌نگه توودا. دوای ئه‌وه به‌ناو ئاو‌و نه‌رمه ده‌شتی مه‌ره‌زه‌ی شێخاندا رێگامان بڕی. به‌ڕاستی ئه‌م شوێنه خۆشانه و ئه‌م چاوئه‌ندازه جوانانه منیان گه‌شكه‌دار كردبوو. له رێ لاماندا. نوێژمان كرد. چووینه ماڵه‌وه. ئه‌سپمان هێنایه ده‌ره‌وه. له ته‌ك حاجیدا روو به ده‌شت و ده‌ر رێگامان گرته‌به‌ر. له واژه تێپه‌ڕمان كرد، غار به‌ناو ئه‌و هه‌موو دارمازوو و دار به‌ڕووی كێ‌و و كه‌ژه‌دا رابوردین، له‌گه‌ڵ زه‌رده‌په‌ڕدا گه‌یشتینه ماڵه‌وه، دابه‌زین. پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێم كه له كاتی جیابوونه‌وه‌ماندا له گوندی سنكێ، حه‌مه سڵێمانی خانه‌خوێمان زۆر له‌گه‌ڵمان خه‌ریك بوو كه بمێنینه‌وه، به‌ڵام نه‌ماینه‌وه، به‌ڕێزێكی زۆره‌وه ره‌وانه‌ی كردین. كه سه‌رنجمدا ماڵی حه‌مه سڵێمان سیانزه پووره هه‌نگیان هه‌بوو. كه هه‌موو له پووره هه‌نگی چیاوه هاتبوونه ئه‌وێ. به‌ڵێ له سنكێشدا به‌م جۆره خۆشییه‌وه ڕامانبوارد».
له كۆنداو نزیكه‌ی 100 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر حوجره‌یه‌كی بچووك له‌ناو مزگه‌وتی ئه‌م گونده‌دا هه‌بووه. له دیارترین مه‌لاكانی مزگه‌وتی سنكێ بریتی بوون له: مه‌لا شێخ ئه‌حمه‌دی كه‌وانه‌دۆڵ و مەلا ئه‌وڕه‌حمان و مه‌لا محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی ناسراو به ویساڵی شاعیر و مه‌لا شه‌ریف كوڕه‌داوێی و مه‌لا ئه‌حمه‌دی گۆمڵێ.
سه‌باره‌ت به خوێندنی حکومیش، بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1978 قوتابخانه‌ی لێكراوه‌ته‌وه و مامۆستا (به‌ختیار محه‌مه‌د) وه‌ك یه‌كه‌م مامۆستا وانه‌ی تێدا وتۆته‌وه و نزیكه‌ی (30) قوتابی هه‌بووه. له‌ساڵی 1987 گونده‌كه وێرانكراوه، هه‌تا دوای راپه‌ڕین و سه‌رله‌نوێ دوای ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كه له ساڵی 1993دا بۆ جاری دووه‌م قوتابخانه‌ی لێ كراوه‌ته‌وه و مامۆستا (عومه‌ر ئه‌حمه‌د سنكێی) وه‌ك یه‌كه‌م مامۆستا ده‌ستبه‌كار بووه و رۆڵی كاریگه‌ری بینیووه.
یه‌كێك له رووداوه ناخۆشه‌كانی ئه‌م گونده، كاره‌ساتی چیای گمۆ بوو له ساڵی 1980دا كاتێك كاروانییه‌كی گوندی سنكێ له‌گه‌ڵ كاروانییه‌كی گوندی كوڕه‌داوێ كه كاری قاچاخچێتی ده‌كه‌ن له سنووری ئێرانه‌وه، له بناری چیای گمۆ ده‌كه‌ونه بۆسه‌ی رژێمی به‌عسه‌وه و ته‌قه‌یان لێده‌كه‌ن، له ئاكامی ئه‌و رووداوه‌دا هه‌شت كه‌س شه‌هید ده‌بن، كه شه‌شیان خه‌ڵكی سنكێ و دووانیان خه‌ڵكی كوڕه‌داوێ ده‌بن و گه‌نجێكی سنكێیش بریندار ده‌بێت.
سنكێ له‌گه‌ڵ گوندە‌كانی وه‌ڕاز و بێتوات، كه‌رتی كشتوكاڵی ژماره (77)ه. (29) كانی و كارێزی هه‌یه و له‌وانه: كانی «داران، كانی هه‌نجیر، دوكانان، سێوان، گوێز، ئه‌هۆمه‌ره گه‌وره، كانی ره‌شه، كانی درێژ، ره‌شكێ، كانی لۆكه». وه‌ك شاكر فه‌تاح ده‌ڵێت له‌ساڵانی بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا. دانیشتوانی ئه‌م گونده گوزه‌رانیان له‌سه‌ر فرۆشتنی ئه‌م به‌رهه‌مانه بووه: ترێ، به‌هێ، ده‌غڵ و دان، داری سووتاندن، هه‌نگوین، سنكێ ترێ و هه‌نجیرێكی جوانی هه‌یه. له ساڵانی هه‌شتاكانی سەدەی رابردووش‌دا گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌سه‌ر كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری، به‌تایبه‌تی چه‌ڵتوك و به‌هێ و سپیدار و خه‌ڵوزكردن و تووتن بووه. له‌سه‌ر ئاستی شارباژێڕ له‌كۆندا چه‌ند جوتیارێكی سنكێ پله‌ی یه‌كه‌م و دووه‌میان له تووتن وه‌رگرتووه.
له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سەدەی رابردووشه‌وه بایه‌خیان به ره‌زكردن داوه و خاكه‌كه‌شی بۆ ره‌ز زۆر باشه. یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی كه سنكێی پێ ده‌ناسرێته‌وه، میوه‌ی به‌هێیه و مێژووی روواندنی له سنكێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی 1800 و به‌هۆی به‌پیتی خاكه‌كه‌یه‌وه زۆرترین به‌رهه‌می هەبووە کە ره‌وانه‌ی سلێمانی و ته‌نانه‌ت به‌غداش كراوه.
خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك: قوتابخانه و مزگه‌وت و هۆڵی بۆنه‌كان و پڕۆژه‌ی ئاو و كاره‌بایان هه‌یه و جاده‌كه‌شیان قیرتاوه و پردی په‌ڕینه‌وه‌شیان بۆ كراوه.
سه‌رچاوه:
1-كتێبی ده‌ستنووسی چمكێك له مێژووی گوندی سنكێ، نووسینی: زانا عه‌دنان شارباژێڕی.
2- كتێبی گه‌شتی شارباژێڕ، نووسینی شاكر فه‌تاح.
3-ئاماری سه‌رژمێرییه‌كانی عیراق.