״رێكەوتن لەسەر یاسای نەوت و غاز ئەولەویەتی دانوستانەكان بێت״

09:25 - 2022-07-28
کوردستان
651 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی: رێكەوتن لەسەر یاسای نەوت و غاز ئەولەویەتی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو بێت

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مارك برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق، جەختیكردەوە لەسەر پێویستیی رێكەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و غاز و رایگەیاند: دەبێت رێكەوتن لەسەر یاسای نەوت و غاز ئەولەویەتی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق بێت.
لە تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەدا كە دوێنێ لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا دەیڤید هەنت كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەیبوو، باسی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق كرا. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند: عیراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست لەسەر پۆست و ئیمتیاز ناگرێت و پێویستە لایەنەكان لە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا گفتوگۆكانیان لەسەر پرسە سیاسییە چارەنووسسازەكان و چۆنێتیی پێكهێنانی حكومەتێكی كارای خزمەتگوزار و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕبكەنەوە.
قوباد تاڵەبانی جەختیشیكردەوە: لەم قۆناغەدا رێكەوتن لەسەر پرسی نەوت و غاز و پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز دەبێت لە ئەولەویەتی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق بێت، چونكە رێكەوتن لەسەر ئەم پرسە زەمینەی لەبار دروست دەكات بۆ رێكەوتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی تر.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران، ئاماژەی دا بە كێشەكانی ژینگە و مەترسییەكانی سەر سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: پێویستە پرسی ژینگەش لە ئەولەویەتەكانی حكومەتی داهاتووی عیراق بێت.
لە كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كرد و ئامادەیی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ خێراتركردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری پڕۆسەی ریفۆرم لە دامەزراوەكانی حكومەتدا. داواشیكرد لە داهاتوویەكی نزیكدا حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەكان رێكبخات بۆ باسكردن و تاوتوێكردنی پڕۆسەی ریفۆرم لە هەرێمی كوردستان.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی كونسوڵی گشتیی بەریتانیای كرد كە بەر لە ماوەیەك سەردانی دەڤەری راپەڕینی كردووە و داوایكرد سەردانی شار و شارۆچكەكانی دیكەش بكات بۆ ئەوەی پێكەوە پلانی هاوبەش دابنێن بۆ وەبەرهێنان لەو دەڤەرانە و رەخساندنی هەلی كار بۆ دانیشتوانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كورستان.
قوباد تاڵەبانی و عیماد ئەحمەد كۆبوونەوە
هەردوێنێ لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیكرد لە عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆ كرا لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق. هەروەها جەختیان كردەوە لەسەر گرنگیی یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكردن لەبارەی كێشەو ناكۆكییەكان لەپێناوی دۆزینەوەی دەرچەیەكی گونجاو كە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و هەرێمی كوردستان لەسەرووی هەموو بابەتەكانی ترەوە بێت.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان