نۆڤلێت لەنێوان رۆمان و چیرۆکدا

11:13 - 2025-02-13
ئەدەب و هونەر
266 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد سۆران

خوێنەری کورد، لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا لەگەڵ زۆربەی ژانرە ئەدەبییەکاندا ئاشانایی هەبووە و نووسەرەکان و وەرگێڕەکان کاریان لەسەر کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە ماوەی رابردوودا ژانری نۆڤلێت لەنێوان رۆمان و چیرۆکدا بەرەو کاڵبوونەوە چووە. پێویستە سەرەتا بپرسین کە ئایا نۆڤلێت واتای چییە؟ نۆڤڵێت بە زمانی ئینگلیزی، واتای رۆمانی کورت دەگەیەنێت و باسی کۆمەڵە رووداوێک دەکات بەشێوازێکی چڕوپڕ. ئەم ژانرە ئەدەبییە لەناو کورددا رێڕەوێکی تایبەتی وەرگرتووە لەلای خوێنەر و نووسەرەکان، کە بەشێوەیەک جیاکراوەتەوە لە رۆمانە بنەڕەتییەکە. 
هۆکاری کاڵبوونەوەی نۆڤلێت چییە؟
قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە لەوانەیە زۆر بخایەنێت، لەبەرئەوەی نۆڤلێت ژانرێکی ئاسانە و یارمەتیدەرە بۆ نووسەرە کەم ئەزموونەکان، هەتاوەکو خۆیانی پێ بەرەو پێشەوە ببەن. بەڵام بەداخەوە زۆر نووسەر هەن کە ناوەڕۆک و شێوازی کتێبەکەیان زیاتر لەنۆڤلێتەوە نزیکە، کەچی نووسیویانە چیرۆک یاخود رۆمان! ئەمە هۆکاری سەرەکییە کە وایکردووە زۆربەی نووسەران بەتایبەت نووسەرە نوێکان، خۆیان لە ناوهێنانی ژانری کتێبەکەیان بدزنەوە. هەرئەمە بووە بە هەڵەیەکی باو لەنێو ئەو کتێب و بەرهەمانەدا کە چاپدەکرێن. بۆیە دەبێت دەزگاکانی چاپکردن کەسانی شارەزا دابنێن، تا پێش بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکە، بخوێندرێتەوە و هەڵسەنگاندنی وردی بۆ بکرێت. دواتر نووسەران دەبێت وریایانە مامەڵە بکەن و هیچ گرفتێک لە ناوهێنانی نۆڤلێتدا نەبینن، لەبەرئەوەی ژانرێکی جوانە، با بەرەو نەمان و ون بوون نەڕوات.
نۆڤلێت چ جیاوازییەکی هەیە لە رۆمان و چیرۆک، لە ئەدەبی کوردیدا؟
یەکەم: جیاوازیی نۆڤلێت و رۆمان ئەوەیە کە لە رووی کارەکتەرەوە کەمترە لە رۆمان، لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی قەبارە و دوورودرێژیی رووداوەکانیشەوە کەمترە، بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوانیان ئەوەیە کە باس لە کۆمەڵە رووداوێک دەکەن و لەسەر یەک بابەت و یەک تەوەر نامێننەوە.
دووەم: جیاوازیی نۆڤلێت لە چیرۆک ئەوەیە، چیرۆک لەسەر یەک بابەت دەڕوات و کارەکتەر و ماوەی رووداوەکانی کورتترن لە نۆڤڵێت، بەڵام چیرۆکی درێژیش هەیە بۆ نموونە: نووسەرێکی وەک دۆستۆڤسکی دوو چیرۆکی درێژی بڵاوکردووەتەوە بەناونیشانی (رووداوێکی چاوەڕواننەکراو) کە بەزمانی کوردیش هەیە و ئارام کاکەی فەلاح وەریگێڕاوە.
ئایا لە ئەدەبی کوردیدا نۆڤلێتی باشمان هەیە؟
لەنێو زمانی کوردیدا چەندین شاکاری مێژوویی هەن، کۆتا دانەیان رۆمانی (دواهەمین هەناری دنیا)ی بەختیار عەلی-یە کە بەیەکێک لە سەد باشترین کتێبەکانی سەدە هەژمارکراوە و هەموو ئەو رەخنانەی پێچەوانەکردووتەوە کە کوێرانە لێی دەگیران، بەڵام ئێمە لێرەدا لەسەر نۆڤلێت دەدوێین، بۆیە یەکێک لەباشترین نۆڤلێتەکان کە لەمێژووی ئەدەبی کوردیدا نووسرابێت(حەسار و سەگەکانی باوکم) ی شێرزاد حەسەن -ە کە بەشێوەیەکی زۆر زیرەکانە و هاوشێوەی چیرۆکەکانی، وێنەیەکی تەواوی پیاوسالاری و باوکسالاریی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نیشان دەدات. من لەگەڵ ئەو سزایەدا نیم کە شێرزاد حەسەن بۆ باوکی خراپی داناوە، بەڵام ئەم نۆڤلێتە خنجیلانەیە مێژوویەکی تری بۆ خۆی تۆمارکردووە. هەڵبەت لە ئەدەبی کوردیدا زۆر شت لەسەر باوکسالاری و پیاوسالاری نووسراون، بەڵام دەکرێت ئەم نۆڤلێتە بکەینە پێشەنگێک بۆ هەموویان.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان