«هەوڵی هەمووان و هاندانی بەكۆمەڵی پێویستە»

سەرۆك كۆمار: پابەندین بە پاراستنی ئاسایشی ئاو و چارەسەركردنی كێشەكان

01:46 - 2025-02-13
عیراق
118 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، جەختدەكاتەوە كە «چاكسازیی لە مەسەلەی زەویوزاردا، چیتر پێویستییەكی ژینگەیی نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتییەكی مۆراڵییە بەرامبەر بە نەوەكانی داهاتوو و زامنی داهاتوویەكی بەردەوام دەكات» و وتیشی: پابەندین بەم ئەركەوە و هەوڵدەدەین هاوكاریی وڵاتان و رێكخراوە پەیوەندیدارەكان بكەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی وڵاتەكەمان».
دوێنێ، سەرۆك كۆمار بەشداریی لە دیدارێكی زانستی لەژێر ناوی (بەرەو زیاتر ئاسایشی زەوییەكان لەپێناوی وەرگرتنەوەی زەوییەكان)دا كرد، كە پەیمانگەی ئەلعەلەمەین بۆ خوێندنی باڵا لە پارێزگای نەجەف، رێكیخستبوو و تێیدا ئیبراهیم بەحر علوم سەرپەرشتیاری گشتیی پەیمانگەكە و سەرۆكی بەشەكانی پەیمانگەكە و دكتۆر و مامۆستا و چەندین لێپرسراوی حكومی، ئامادەبوون.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: چارەسەركردنی كێشەكان، كە رووبەڕووی زەوی دەبنەوە، بەپلەی یەكەم لەڕێگەی هەوڵی ناوخۆییەوە بەدەستدێت، ئەوەش بە هەوڵی هەمووان دەبێت و هاندانی بەكۆمەڵی پێویستە.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، لە وەڵامی پرسیاری پرۆفیسۆر و توێژەرانی پەیوەست بە دۆسێی ئاو و كێشەكانی زەوی، دووپاتیكردەوە كە عیراق رێگەچارەی زۆری گرتووەتەبەر و بەردەوام لەسەر هێڵە تا بەشە ئاوی پێویست لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە دابینبكرێت و لە ئاستی ناوخۆشدا گرنگە هەوڵەكان باشتر و زیاتر بكرێن و بودجەی پێویست بۆ دروستكردنی بەنداو تەرخان بكرێت، كە ئەوەش رێگەیەكی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ئاو و زیادكردنی سەرچاوەكان و چارەسەركردنی ئاستەنگەكان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان