هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق

لە بەردەم هەمواری یاسای هەڵبژاردندا

09:44 - 2025-02-16
ڕاپۆرت
95 جار خوێندراوەتەوە
عیراق لە چاوەڕوانیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دا

*پارێزەر: سەلیم رەسول 

هەموو ئەگەرێکی هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش کراوەیە، چونکە هەموو خولەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمان، بە یاسایەکی جیاواز بەڕێوەچووە

 زەنگێکی جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق، کە ئاگاداری لایەنە سیاسییەکانی کردەوە، پێویستە بەر لە 25/11/2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوبێت، واتە پڕۆسەی هەڵبژاردن و کاتی دیاریکراو بۆی چەند مانگێک پێش ئەو وادەیە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە دیاری کرێت و بڕیاری لێبدرێ .

بەچ میکانیزمێک هەڵبژاردن دەکرێ؟
لە دوای هەڵبژاردنی خولی (پێنجەم)، پەرلەمان بە یاسای ژمارە (9)ی 2020ی هەڵبژاردنی پەرلەمان، سیستەمی فرەبازنەیی پیادەکرد، یاساکەش بەرهەمی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ساڵی 2019ی بەغدا و فتوای مەرجەعیەتی باڵای شیعەی نەجەف بوو، کە داوای کرد یاسایەکی دادپەروەرانە دەربکرێت بۆ دەرفەتدان بۆ بەشداری چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، ئەوەش دواتر رێگای خۆش کرد لە سایەی سیستەمی فرەبازنەییدا زیاتر لە شەست کەس لە کەسانی سەربەخۆ و بزووتنەوەی تشرینییەکان بوون بە پەرلەمانتار، گۆڕانکاریشی لە نەخشەی سیاسیی عیراق هێنایە پێشەوەو هێزە تەقلیدییەکانی پاشەکشە پێکرد، لەناو لایەنە شیعەکانیش لایەنگرانی موقتەدا سەدر پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لە ریزبەندی کورسییەکانی پەرلەمان و توانی 73 کورسی بباتەوە، ئەوەش شۆکێکی گەورەبوو بۆ هێزە سیاسییەکانی تر، دواتر کێشەی پێکهێنانی حکومەت گەیشتە رادەی ئەوەی سەدر بە تەواوی لە پڕۆسەی سیاسیی دوورکەوتەوە و پەرلەمانتارەکانیشی دەستیان لە کارکێشایەوە، ئەمە دەرفەتی بۆلایەنەکانی (بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی) خۆشکرد، کە شوێنەکان پڕبکەنەوە و دواتر لە خەمی ئەوەدا بن ئەو یاسایەی کە ئەوانی خستە بەردەم لێواری کەوتن بگۆڕن و جارێکی تر هەڵبژاردنی پێنەکرێتەوە، دوای پێکهێنانی حکومەتیش درفەتەکە زیاتر گونجا، کاتێک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هاتەپێشەوە، یاسای ژمارە(12)ی 2018 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە دوای هەمواری دووەمی 2019، ئەنجومەنەکانی هەڵوەشاندبۆوەو دەسەڵاتی دابوو بە پارێزگارەکان بۆ راپەڕاندنی کاروباری پارێزگاکان، بە دیفاتکۆ دەبوایە بیر لە گۆڕینی بکرێتەوە، بۆیە لایەنە سیاسییەکانی پێکهێنەری کابینەی ئێستا لە پاڵ هەموارکردنەوە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەمواری یاسای ژمارە (9)ی 2020یشیان خستەپاڵی، هەرچەند مشتومڕێکی سیاسی زۆریشی نایەوە، بەڵام لە 30/4/2023 بەناوی هەمواری سێیەم دوا بزماریان لە تابوتی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020 دا و سیستەمی فرە بازنەیی و دەنگی نەگوازراوەیان کۆتایی پێهێنا.

 سیناریۆکانی هەڵبژاردن 
دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کۆمەڵێک کارەکتەری نوێ دەرکەوتن لە گۆڕەپانی سیاسیدا، کە وەک سروشتێکی هەمیشەیی دوای 2003 و روخانی رژێمی بەعس لەهەموو هەڵبژاردنێک هێزی نوێ دێتەپێشەوە و هەندێک هێزی باڵا دێنە خوارێ و هێزی تر دەردەکەون، هەرچەندە هێزە تەقلیدییەکانیش دەیانەوێ باڵانسی خۆیان رابگرن، بەڵام عیراقییەکان گۆڕانکارییان دەوێ بەتایبەت کە دۆسیەی گەندەڵی ئیداری بەشێک لە دامودەزگاکانی تەنیوە و خزمەتگوزاریی لە نزمترین ئاستدایە، بۆیە شەقام داخوازی گۆڕانکاری لە یاساکانی هەڵبژاردن دەکات، کە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی عیراق لە یەک یاسادا بە ناوی یاسای ژمارە (4)ی 2023 کە فرەبازنەیی هەڵوەشاندەوە و دابەشکردنی دەنگدەرانی بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ (1.7) دیاریکرد، ئەوەش رێگری لە دەنگی سەربەخۆ و حزبی بچوک کرد، سەربکەون بۆئەنجومەنی پارێزگاکان. ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش کۆمەڵێک گۆڕانکاری هێناوەتە پێش کە رەنگە هێشتا بەدڵی هەندێ لایەن نەبێت، بۆیە جارێکی تر داوای هەمواری ئەو یاسایە دەکەن، کە هێشتا لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا ئەزموون نەکراوە، بۆیە لە نێوان هێزە رادیکالە سەربەخۆکان و هێزە تەقلیدییەکان گفتوگۆ گەرمە لەسەرشێوازەکانی هەمواری ئەو یاسایە، بەڵام ئەوەندەی مشتومڕ لەناو ماڵی شیعەو بەدیاریکراوی چوارچێوەی هەماهەنگییە ئەوەندە لە نێوان هێزەکانی تردا نییە بەتایبەت هێزە کوردستانییەکان، بۆیە هەندێ لایەن لەئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە خەریکە دەبنە ژمارە بۆ رێگریکردن لەوانە و دووبارە نەبوونەوەی ئەزموونی پێشوو، سیناریۆکان بەم شێوەیەن .
یەک بازنەیی: هەندێ لایەن داوای دەکەن، ئەو بیرۆکەیەش هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی بە گەرمی داکۆکی لێدەکات، هەندێ لایەنی سیاسیش وای لێکدەدەنەوە کە ئەوە زیاتر بۆ رێگریکردنە لەهەندێ لایەنی تازە، بەتایبەت لایەنگرانی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، کە لە گەشەدایە، بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ پارێزگاری بەسرەو هەندێ پارێزگاری تر.
فرەبازنەیی وەک خولی پێنجەم، ئەمەش هێزە سیاسییەکانی وەک سەربەخۆکان و تشرینییەکان داوای دەکەن، کە لەسایەیدا شەست پەرلەمانتاریان سەرخست، هیوایان وایە ئەمجارەش زیاتر بێنە پێشەوە، بە پاڵپشتی شەقامی ناڕازی ناوەڕاست و باشووری عیراق.

 گۆڕانکارییە هەرێمییەکان 
روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا و هاتنەسەر دەسەڵاتی تەحریر شام، کاریگەیی تەواوی لەسەر شانۆی سیاسیی عیراقیش هەبوو، بەر لەو گۆڕانکارییە هەرێمییە، بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق بە پێشڕەویی بەرەی هەماهەنگی زۆر گەرم بوو، گەیشتە ئەوەی بەئاشکرا باس لەکاتی هەڵبژاردنەکان بکەن بۆ مایسی 2025، بەڵام روخانی رژێمی سوریا هاوکێشەکەی گۆڕی و هێزە شیعەکانی ناچار بەپاشەکشێ کرد لەو بیرۆکەیە، بەتایبەت لای بەشێک لەگروپە شیعەکان ئەو بیرۆکەیە لە ئێستادا پشتگوێ خراوە، زیاتر گفتوگۆی سیناریۆکانە بۆهەڵبژاردن، مەترسی تا ئێستای گۆڕانکاری رژێمی سوریا لەسەر عیراق نەڕەویوەتەوە و دیار نییە تا کوێ هێزەعیراقییەکان دەکەونە ژێرکاریگەریی ئەو رەوتە، بەتایبەت هێزە سوننەکان، کە لە دوای ئەو رووداوە هاوپەیمانییەکیان لەبەغدا راگەیاند کە زۆرینەی هێزە سوننەکانی لەخۆگرت، جگە لە هاوپەیمانی (تەقدوم) بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی، کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، لە پارێزگای ئەنبار پلەی یەکەمی هێنا و لە بەغداش لە ریزبەندی یەکەم بوو، پێچەوانەی ئەوەی کەهەندێ لایەن لە دوای دورکەوتنەوەی پێیانوابوو نایەتەوە ناو گۆڕەپانی سیاسی، مەترسی هێزە شیعەکان لەسەرهەڵدانەوەی داعش و گروپی تری توندڕەو لەگەڵ پاشەکشەی هێزە شیعەکان لە ناوچەکە، یەکێکی ترە لەپێدراوەکانی ئەو هاوکێشەیە، بۆیە مامەڵەی ئێستایان نەرمترە لەچاو پێش روخانی رژێمی ئەسەد، مەترسیی زیاتر بۆسەرکورد و پێگەی کوردیش، ئەوەیە تورکیا دەیەوێ لە هاوکێشەی ئایندەدا لەپاڵ ئەمریکا و ئێران، بەشی خۆی دەستبکەوێ و هانی هەندێ گروپ دەدات، بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی نزیک لە خۆی.

هەڵبژاردن بەپێی یاسای ئێستا 
بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2023، بەهەمان میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بۆخولی شەشەم بەڕێوەدەچێت ئەگەرهەموار نەكرێتەوە. واتا پارێزگا یەک بازنەو لیستی نیمچە کراوە و سیستەمی دابەشکردنی کورسی بەپێی سیستەمی (سانتلیگۆ1.7) دەبێت، ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە، تائیستا لایەنە کوردییەکان باری سەرنجیان وەک پێویست بۆ گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن نەخستۆتەڕوو، بەپێچەوانەی لایەنە سوننە و شیعەکانەوە، ماڵی کورد زۆر پەرتەوازەیە و هیچ ئاسۆیەکی هاوپەیمانی لە ناوچە دابڕێنراوەکان بەدی ناکرێت، بەتایبەت لە کەرکوک و موسڵ ودیالە و خانەقین وشەنگال، لەوناوچانەش هێزە عەرەبیەکان بەهێزترین ریکلامی بانگەشەی هەڵبژاردنیان دژەکوردە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگ و کورسی.
هەموو ئەگەرێکی هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش کراوەیە، چونکە هەموو خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بە یاسایەکی جیاواز بەڕێوەچووە، ئەوەش ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام تا نزیک نەبنەوە لەکاتی دیاریکراوی هەڵبژاردن، لایەنە سوننەو شیعەکان نایانەوێ مشتومڕی زیاتری لێ بکەوێتەوە، چونکە دەزانن گەورەترین سەرئێشەی حکومەت و کێشەی لایەنەکان لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا دێتە گۆڕێ، کە بەدەر لە سروشتە یاساییەکەی، سروشتی سیاسی هەیە و لە دوای دەستووری وڵات، بەگرنگترین یاسا دادەنرێ، بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، لەناو پەرلەمانی عیراقیش هەندێ یاسا بە سازان نەبێت تێناپەڕێت و زۆرینەی پەرلەمانی پێویست دەستەبەر نابێت.

*بەكالۆریۆس لە یاسای گشتی و
ماستەر لە یاسای تایبەت

بابەتە پەیوەندیدارەکان