بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانی بەشداریی لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، چەندین كۆبوونەوە و دیداری سیاسی و دیپلۆماسیی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی، سەربازی و ئابووری ئەنجامدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، لەگەڵ جۆناسان پاوڵ راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا كۆبووەوە و لەسەر تەواوی پرس و رووداوەكانی هەرێمی كوردستان، عیراق و ناوچەكە هەڵوەستەی كرد و بۆچوون و ستراتیژی نیشتمانیی یەكێتی لەبەرامبەر پێشهاتەكان خستەڕوو و پشتیوانیی خۆی بۆ كەمكردنەوەی ئاستەنگەكان لەپێناوی فەراهەمكردنی ئاسایش و ئارامی دەربڕی.
پرسی روبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و یەكخستنی هەوڵە سەربازییەكان، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو، لەوبارەیەوە تەئكید لە بەردەوامی هەماهەنگییەكان و راوێژی بەردەوام كرایەوە بە ئاڕاستەی نەهێشتنی هیچ دەرفەتێك بۆ جموجوڵەكانی تیرۆریستان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا، پابەندبوونی وڵاتەكەی بە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی هاریكارییەكان دووپاتكردەوە و رایگەیاند: بەریتانیا بەگرنگییەوە لەپێگەی هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و لە هەماهەنگییەكانمان بەردەوام دەبین.
لەمیانی دیداری سەرۆك بافڵ و تان دێسی سەرۆكی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی بەریتانیاش، ئاماژە بە رۆڵی بەریتانیا لە بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە عیراق و ناوچەكەدا، كرا و سەرۆك بافڵ، رایگەیاند: یەكێتی، پەرۆشی پەرەپێدانی هەموو ئەو پەیوەندییانەیە كە لە خزمەتی بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكانی وڵاتەكەماندایە و پێزانینیشی دەربڕی بۆ پشتیوانییە بەردەوامەكانیان لە گەلی كورد و بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
سەبارەت بە دوایین پێشهاتەكانیش، جەخت لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرایەوە و لەوبارەیەشەوە سەرۆك بافڵ، گرنگی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی نێوان لایەنەكانی دووپاتكردەوە لەپێناوی چارەسەری ئاشتییانە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.
لە كۆبوونەوەیەكیشدا لەگەڵ ئان كلێر راوێژكاری ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، سەرۆك بافڵ، رایگەیاند: فراوانكردنی هاریكاری و هەماهەنگییە سەربازییەكان دەرفەتێكی باشە بۆ پاراستنی ئارامی و كۆنتڕۆڵكردنی جموجوڵی پاشماوەكانی داعش، لەوچوارچێوەیەشدا میكانیزمی نەهێشتنی بەربەستەكانی بەردەم ئاڵنگارییە ئەمنییەكانی، روونكردەوە.
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆكی ی.ن.ك لەگەڵ ناتالیا پوزیرێف ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی فەرەنسا لە لیژنەی بەرگریی پەرلەمان، كۆبووەوە و جەختی لە یەكخستنی هەوڵەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا، كردەوە و خواستی یەكێتی و گەلی كوردی خستەڕوو لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە لەمێژینەكان و بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ فەرەنسا لە بوارە جیاجیاكاندا، راشیگەیاند: یەكێتی، هەمیشە بەچاوی رێزەوە لە گەل و وڵاتی فەرەنسا دەڕوانێت، بەتایبەت هەڵوێستیی دڵسۆزانەی خاتوو دانیاڵ میتران، كە لە سەرجەم قۆناغەكاندا پاڵپشت و داكۆكیكار بوو لە مافەكانمان.
سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوریا و پرسی كورد لە رۆژئاوا، سەرۆك بافڵ، تەئكیدی لەسەر پاراستنی مافی نەتەوە و پێكهاتەكان كردەوە لەچوارچێوەی سوریای نوێدا و وتی: دەبێت رێز لە قوربانیدان و خەباتی گەلی كورد لە رۆژئاوا بگیرێت و بەشدارێكی راستەقینە بێت لە بنیادنانەوەی وڵاتەكەیان، هەر هەوڵێكیش بۆ پەراوێزخستن و لە دەرەوەی ئەم ئامانجە نیشتمانییە، بە زیان بۆ ئاسایشی ناوچەكە دەشكێتەوە.
لە دیدارێكی دیكەدا، سەرۆكی یەكێتی، لەگەڵ جەنەراڵ دەیڤد پەترایۆس لێپرسراوی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا (CIA) و فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا، گفتوگۆیان لەسەر بارودۆخی ئەمنیی هەرێم، عیراق، ناوچەكە كرد و گرنگی سەقامگیریی ئەمنی و پەرەپێدانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختی لەسەر كرایەوە.
فراوانكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، لەوبارەیەوە، سەرۆك بافڵ، هەموو ئامادەییەكی دەربڕی لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و زیاتر خزمەتكردن بەخەڵك و بەهێزتركردنی ژێرخانی ئابووریی وڵات.
لە كۆبوونەوەیەكی دیكەشدا، سەرۆك بافڵ و تۆبیاس لیندنەر وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ كاروباری دەرەوە، هەماهەنگی و كاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان دووپاتكردەوە.
سەبارەت بە بارودۆخی سوریا و رۆژئاوای كوردستان، سەرۆك بافڵ، پەرۆشی یەكێتی، بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی كورد دووپاتكردەوە و رایگەیاند: پاراستنی مافی نەتەوە و پێكهاتەكان بەتایبەت كورد و بەشداربوونیان لە بڕیار و بنیادناوەی سوریای نوێدا، زامنی سەقامگیرییە، ئەركی هەموولایەكیشە پشتگیریی لە پاراستنی ناوچەكە و سەرخستنی هەوڵەكان بكات.