سروشتی مرۆڤ تا دواڕاده عاشقی جوانییه. ئه‌دگار ئالان پۆ سه‌باره‌ت به غه‌ریزه‌ی جوانی ده‌ڵێت: تینووێتی نه‌مری مرۆڤه. هه‌مان حه‌ز و ئاره‌زووی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه بۆ گەیشتن بە ئه‌ستێره. تێگه‌یشتن له جوانی ته‌نیا تێگه‌یشتن نییه له رووكه‌ش. به‌ڵكو هه‌وڵی بێوچانه بۆ گه‌یشتن به جوانیی باڵاتر.
جۆنی سامسۆن
نیوه‌شه‌و غه‌مگین، شه‌كه‌ت و بێ‌ڕۆح، نغرۆی خه‌یاڵ، مات و مه‌لوول،
قووڵ ده‌بمه‌وه له ده‌قێكی نامۆدا، ئه‌فسانه‌یه‌كی كۆن، داستانێكی سه‌یر، چاوانم خەواڵوو، تینووی خەون، لە مەرگی بێداریدا، لە سنووری خەودا، له‌ناكاو كه‌سێك، له ده‌رگا ده‌دات، كه‌سێ هاتووه، گوایه بێخه‌به‌ر،
له ژێر لێوه‌وه ئارام، ورته ورت ده‌كه‌م:
«دیسان له‌ودیو ده‌رگاوه،
راگوزه‌رێكی تر،
هه‌ر ئه‌مه، ئیتر هیچ،
نه‌ك شتێكی تر
قه‌سیده‌ی «قه‌له‌ڕه‌ش»ی ئه‌دگار ئالان پۆ یه‌كێكه له نازدارترین قه‌سیده ئینگلیزییه‌كانی جیهان. زنجیره فیلم كارتۆنی «سیمپسۆن»یش كردوێتی به ده‌ستمایه‌ی ته‌نزه‌كانی خۆی. تێگه‌یشتن له هۆكاره‌كه‌شی قورس نییه. وه‌زن و مۆسیقای قه‌سیده‌كه به‌شێوه‌یه‌كه كه هه‌م له گوێدا ده‌زرنگێته‌وه هه‌م خوێندنه‌وه‌ی ره‌وانه. به‌ڵام چه‌ند مانایه‌ك له‌م قه‌سیده‌یه‌دا خۆی حه‌شار داوه. زۆر كه‌س ئالان پۆ به سه‌رقافڵه‌ی ئه‌ده‌بی گۆسیك ده‌زانن، چونكه هه‌تا ماوه‌یه‌كی زۆر دوای خوێندنه‌وه‌شیان نا‌توانیت، چیرۆكه ترسناك و شوومه‌كانی له‌بیربكه‌یت.
ترسه له‌ناو نانێكی گه‌رمی له‌زه‌تدا
هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه رێك ئه‌و شته‌یه كه ئه‌دگار ئالان پۆ له چیرۆكه‌كانی خۆی چاوه‌ڕێی ده‌كرد. به‌رهه‌مه‌كانی ئالان پۆ به چه‌ند به‌شێكی وجودی ئێمه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت كه له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ دنیای ده‌وروبه‌رماندا نه‌گونجێت-له‌وانه‌یه هه‌ندێك به‌شی شاراوه‌ی ئێمه بێت. نووسینه‌كانی ئالان پۆ بیرۆكه‌ی ترسناك له قاڵبی داڕشتنێكی ساده و ئاساندا ده‌خه‌نه‌ڕوو. ترسه له‌ناو نانێكی گه‌رمی له‌زه‌تدا. وه‌كو ژه‌هرێكی سارد ده‌ژڕێته ناو ده‌ماره‌كانی ئێمه‌وه، ورده ورده مووی له‌شی مرۆڤ ره‌ق ده‌كه‌ن. به‌ڵام چۆن ده‌یتوانی ته‌حه‌مولی شتێكی وا بكات؟ بۆچی ناوی ئالان پۆ و به‌رهه‌مه‌كانی پێگه‌یه‌كی وه‌ها به‌رزیان هه‌یه له ئه‌ده‌بدا؟
ره‌وتی شاراوه‌ی ژێر پێست
كاتێك ده‌قه‌كانی ئالان پۆ ده‌خوێنیته‌وه «یان هه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بی مه‌زن»، هه‌ست ده‌كه‌یت شتێكی شاراوه له پشت وشه‌كانه‌وه له هاتوچۆدایه. ده‌ڵێی سه‌یری ده‌ریایه‌كی قووڵ و خۆڵه‌مێشی ده‌كه‌یت كه له قووڵاییدا چه‌ند هیولایه‌ك تل ده‌ده‌ن. خۆیان نا‌بینیت، به‌ڵام له وجودی خۆتدا هه‌ستیان پێده‌كه‌یت. نووسینی باش ئاوایه. به قسه‌ی خودی ئالان پۆ، ده‌بێت كه‌مێك په‌یامی نادیاری تێدا بێت: ره‌وتێكی شاراوه‌یه، هه‌رچه‌نده دیاریكراو نییه، به‌ڵام له رووی ماناوه به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات و ناوه‌ڕۆكێكی نایابی پێده‌به‌خشێت.
مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه كه زۆر له نووسینه ئه‌ده‌بییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ی سروشتی وجودی ئێمه‌دا په‌یوه‌ندی دروست ناكه‌ن. كاتێك نووسه‌رێك یان شاعیرێك له شرۆڤه‌ی شتێك‌دا زیاده‌ڕه‌وی ده‌كات، یان جه‌رگ و ریخۆڵه‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ڕێژێت، ئه‌وسا ئیتر ساده یان بێ‌مانا و بێناوه‌ڕۆك دێته‌به‌رچاو. له روانگه‌ی ئالان پۆوه، ئه‌گه‌ر شوێنپێی گێڕانه‌وه‌یه‌ك بابه‌تیی رووت بێت-وه‌كو ره‌شنووسی راپۆرتێك- ئه‌وسا ئیتر بێتام ده‌بێت و بێتاقه‌تت ده‌كات. بۆ دروستكردنی جۆش‌وخرۆش، ده‌بێت بتوانیت مه‌سه‌له‌یه‌كی ترسناك و باسنه‌كراو بگه‌یه‌نیته ناخی وه‌رگر و ئه‌ویش لێی تێبگات.
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای قه‌سیده‌ی «قه‌له‌ڕه‌ش». له سیاقی قه‌سیده‌كه‌دا، قه‌له‌ڕه‌شه‌كه به‌رده‌وام وشه‌ی «هه‌رگیز» دووباره ده‌كاته‌وه. ده‌ستبه‌رداریش نابێت و به هیچ جۆرێك له خه‌تی خۆی ده‌رناچێت و لانادات. له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا كه گێڕه‌ره‌وه ریتمێكی توندتر له به‌رامبه‌ر قه‌له‌ڕه‌شه‌كه‌دا ده‌گرێته‌به‌ر و دواجار هه‌وڵده‌دات تاری بكات و له خۆی دوور بخاته‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین مه‌سه‌له‌كه شتێكی زیاتره له گفتوگۆیه‌كی ساده‌ی نێوانیان. شتێكی ره‌مزی له ژێر پێستی قه‌سیده‌كه‌دا دێت و ده‌چێت.
دەنووک له دڵی من هه‌ڵگره
بڕۆ، به ته‌نیا به‌جێم بێڵه
به‌ڵام دووباره قه‌له‌ڕه‌ش
وتی «هه‌رگیز، هه‌رگیز»
فه‌لسه‌فه‌ی نووسین
ئه‌دگار ئالان پۆ له نامه‌ی ئه‌ده‌بی خۆیدا به ناوی «فه‌لسه‌فه‌ی نووسین» ده‌ڵێت مه‌به‌ستی هونه‌ری باش ئه‌وه‌یه كه «كار» له عه‌قڵ و دڵ و رۆحی مرۆڤ بكات. له روانگه‌ی ئالان پۆوه، ئه‌مانه ئه‌و رووانه‌ی مرۆڤن كه لێیان كه‌م نابێته‌وه، وه‌سفیان بۆ ئێمه قورسه، به‌ڵام چێژیان لێده‌بینین. ئه‌مما روونكردنه‌وه‌ی ئه‌و «سۆزه‌ی» كه له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی مه‌زنی ئه‌ده‌بیدا پێمان ده‌گات، هه‌رچه‌نده قورسیش بێت، ناسینی ئه‌و شێوه و ته‌كنیكانه‌ی كه ئه‌م ده‌قانه بۆ بزواندنی هه‌ست و هۆشمان به‌كاریده‌هێنن قورس نییه. بۆ نموونه لایه‌نێكی گرنگ له‌به‌رچاو بگرین: درێژی ده‌قه‌كه.
له روانگه‌ی پۆوه، درێژی ده‌ق كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر چێژلێبینینی. هه‌ندێك ده‌ق- بۆ نموونه رۆمانی زۆر درێژ- توانای خوێندنه‌وه‌ی زنجیره درامایه‌ك «به‌ش به‌ش « فه‌راهه‌م ده‌كات. ژماره‌یه‌كی كه‌م له خوێنه‌ران هه‌ن «رۆبیسۆن كرۆزۆ» یان «به‌هه‌شتی ونبوو» به‌یه‌ك جار بخوێننه‌وه، نووسه‌رانی ئه‌م جۆره ده‌قانه‌ش بۆ نووسینی ئه‌م كتێبانه ستراتیجیان هه‌بووه «ئاسایی، به‌ش به‌شكردنی كتێبه‌كه بووه«. به‌ڵام، سه‌باره‌ت به كورته‌چیرۆك و شیعر، ده‌بێت یه‌ك مامه‌ڵه بخه‌ینه‌ڕوو. كه ئه‌مه‌ش ته‌نیا به نغرۆ بوون له ده‌قێكدا ده‌بێته كاریكرده- له سه‌ره‌تاوه هه‌تا كۆتایی، به‌شێوه‌یه‌ك به هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه‌ی لێیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن گیرۆده‌ی بین. ده‌قه‌كانی ئالان پۆ به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و شاره‌زاییه‌كی زۆره‌وه نووسراون كه ئه‌گه‌ر هه‌ست و هۆشمان بچێت به‌لای شتێكی دیكه‌دا، كاریگه‌رییان نامێنێت.
جوانی له روانگه‌ی ئه‌دگار ئالان پۆوه
نووسه‌رانی ئه‌ده‌ب به‌شێكن له هونه‌رمه‌ندان، هونه‌رمه‌ند سه‌روكاری له‌گه‌ڵ جوانی هه‌یه. ئالان پۆ ده‌ڵێت: « گه‌رموگوڕترین و هه‌ژێنه‌رترین و خاوێنترین چێژ، له قووڵبوونه‌وه له جوانیدا ده‌ستده‌كه‌وێت». جوانی ته‌نیا له له‌وه‌ڕگای دێهات و گوڵزاری پڕ خونچه‌دا نییه، به‌ڵكو له هه‌موو شتێك‌دا هه‌یه كه هه‌مان هه‌ستی ده‌روونی و به‌هێز كه پێشان ئاماژه‌ی پێدرا له تۆدا بجووڵێنێت. به باوه‌ڕی ئالان پۆ، نووسین بۆ ئه‌وه‌یه كه كاریگه‌رییه‌ك له رۆح و ده‌روونی خوێنه‌ردا دروست بكات. شتێك له وجودی خوێنه‌ردا دروست بكات كه له پشت وشه‌كانه‌وه درێژه به ژیانی خۆی بدات.
ئه‌گه‌ر ئامانج و مه‌به‌ستی هونه‌ر، جوانییه، كه‌واته باشترین شێواز بۆ خوڵقاندنی جوانی چییه؟ واقیع ئه‌وه‌یه كه زیاتر نووسه‌ران ریتم و شێوازی ده‌ربڕینی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌وانه «بلیمه‌تی ئه‌ده‌بین» واته له جۆره‌ها شێوازی ده‌ربڕینی ئه‌ده‌بیدا شاره‌زان. ره‌مزی بوون به نووسه‌ری باش ئه‌وه‌یه كه ریتمی تایبه‌تی خۆت بدۆزیته‌وه و به‌كاری بهێنیت. له روانگه‌ی ئالان پۆوه، ریتم یان شێوازی ده‌ربڕینی تۆ رێبازێكه كه تۆ به كه‌شفی جوانی ده‌گه‌یه‌نێت. ئالان پۆ هه‌ستی به‌وه كرد كه شێوازی ئه‌و «خه‌مه«. ئالان پۆ به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له ماخۆلانی گۆسیكدا كه ئێمه چێژی لێده‌بینین شاره‌زایی په‌یدا كرد و بوو به مامۆستا. به‌ڵام له‌وانه‌یه كه‌سانی دی باشتر له‌باره‌ی عه‌شق و خه‌م یان توندوتیژییه‌وه بنووسن. ئه‌گه‌ر ریتم و شێوازی تایبه‌ت به خۆیان بدۆزنه‌وه، ئه‌وا رێگای خۆیان دۆزیوه‌ته‌وه.
زۆر كه‌س ئه‌دگار ئالان پۆ به یه‌كێك له لایه‌نگرانی «جوانیپه‌رستی» ده‌زانن، یانی باوه‌ڕهێنان به‌وه‌ی كه هه‌موو هونه‌ره‌كان- و هه‌موو ژیان- ده‌بێت له خزمه‌تی جوانیدا بێت. ئالان پۆ سه‌باره‌ت به هه‌ستی غه‌یزه‌یی جوانی ده‌نووسێت:
«تینووێتیی نه‌مری مرۆڤه. هه‌م نیشانه‌یه‌كی وجودی ئه‌زه‌لی مرۆڤه و هه‌م ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وه. ئه‌مه هه‌مان حه‌ز و ئاره‌زووی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌یه بۆ گەیشتن بە ئه‌ستێره. ته‌نیا تێگه‌یشتن له جوانی به‌رچاومان نییه، به‌ڵكو هه‌وڵی بێوچانه بۆ گه‌یشتن به جوانی باڵاتر. «
سروشتی مرۆڤ تا دواڕاده عاشقی جوانییه، له‌و ساته‌وه‌خته كورت و چێژبه‌خشانه‌دا كه رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، ده‌ڵێی به ئاواتی خۆی گه‌یشتووه و ئارام ده‌بێته‌وه.
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رچاوه: Nebesht.com
سه‌رچاوه‌ی ئه‌سڵی: Big Think