مەخمور.. یەكێتی، پۆستی قائیمقام وەردەگرێت

10:49 - 2025-02-19
دووتوێ
108 جار خوێندراوەتەوە
لایەنە سیاسییەکان پشتگیریی لە گۆڕانکاریی ئیدارەی مەخموور دەکەن

ئا: كوردستانی نوێ/ هەولێر

 

لێپرسراوی مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە شارەکە: مەخمور لەلایەن پارتییەوە تاکڕەوانە بەڕێوەبراوە
لێپرسراوی ناوچەی مەخموری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: بڕوایەکی تەواومان بە قائیمقامی نوێ هەیە



دوای بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و گۆڕانكاریی لە بەشێك لە پۆستە ئیدارییەكانی ئەو پارێزگایە، لێپرسراوی مەڵبەندی مەخمووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك قائیمقامی ئەو قەزایە، دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەدەستهێنا، دوای یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان لە دادگا و رێوشوێنە ئیدارییەكان، قائیمقامی تازەی مەخموور دەست بەكاردەبێت، لەوبارەیەوە حزب و لایەنە سیاسییەکان لەو قەزایە پشتگیریی لەو گۆڕانكارییانە دەكەن و پێیانوایە لە رابردوودا ئیدارەی قەزاكە كەمتەرخەم بووە و نەیتوانیوە وەک پێویست خزمەتی خەڵكەکە بكات.
ئیبراهیم محەمەد لێپرسراوی مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە قەزای مەخموور بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لەماوەی 22 ساڵی رابردوودا، لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق، قەزای مەخموور لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە بەڕێوەبراوە، بەڵام لەوماوەیەدا لەڕووی ئاوەدانكرانەوە تاڕادەیەكی زۆر پشتگوێخراوە، هۆكارەكەشی ئەوە بووە حزبی دەسەڵات، رێگای نەداوە هیچ حزبێكی سیاسیی بەشداریی لە ئیدارەی ئەم سنوورەدا بكات.
پێشیوابوو: هەربەهۆی كەموكوڕییەكانی ئیدارەی مەخموورەوە، هیچ گوندێكی كوردنشین لەم سنوورە ئاوەدان نەكراوەتەوە، كە ژمارەیان زیاتر لە 170 گوند دەبێت، هەرچەندە ئێمە وەكو حزب و لایەنە سیاسییەكان، چەندین سەرنج و پێشنیازمان بۆ كاربەدەستانی مەخموور خستۆتەڕوو، بەمەبەستی باشتركردنی ئیدارەی سنوورەكە، بەڵام(پ.د.ك) بەهیچ شێوەیەك بەهەندی وەرنەگرتووە و گوێی لەكەس نەگرتووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، لەرابردوودا پارتی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوای پێكهێناوە، دەیتوانی خزمەت بەم سنوورە بكات، بەڵام نەیكردووە، هۆكارەكەشی بۆئەوە دەگەڕێنمەوە، كە ئەو حزبە دەیەوێت سزای خەڵكی مەخموور بدات، چونكە هیچ پێگەیەكی جەماوەریی لەم سنوورەدا نەبووە، جگە لەوانەی بەهۆی كاریگەریی دەسەڵاتی ئیدارییان لەدەوروبەریان كۆبوونەتەوە.
هەر پەیوەست بەو بابەتە جەوهەر سەیدا نوێنەری جووتیارانی حزبی شیوعی كوردستان لە مەخموور بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئێمە بەردەوام پاڵپشتیی گۆڕانكاریی لە یەكە ئیدارییەكان دەكەین، چونكە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی سیستەمی دیموكراسی، دەستاودەستكردنی دەسەڵات و گۆڕانكارییە لەبەڕێوەبردنی یەكە ئیدارییەكان. 
وتیشی: قەزای مەخموور  تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چەندین ئیدارە و هێزی سەربازی تێدایە، بۆیە ئەنجامدانی هەر گۆڕانكارییەك كاریگەریی باشی دەبێت، بەتایبەتی بۆ قائیمقام وەك سەرۆكی یەكەی ئیداریی و سەرۆكی دۆسیەی ئەمنی.
راشیگەیاند: دوای 2003 ئیدارەی ئەم سنوورە وەكو پێویست نەیتوانیوە خزمەت بكات، تائێستا چەندین گرفتی خزمەتگوزاریی هەیە و جووتیاران لە چەندین مافی خۆیان بێ بەش دەكرێن، بۆیە پێویستە لەمەودوا حزبە كوردستانییەكان هەماهەنگ بن و گۆڕانكارییەكان لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵك بكەن، نەوەك بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و پلە و پۆست.
یونس خەیات لێپرسراوی ناوچەی مەخموری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین کە گۆڕانكاریی لە یەكە ئیدارەییەكان بەتایبەتی بۆ قەزایەكی وەك مەخموور بكرێت، چونكە لە ماوەی رابردوودا هیچ كارێكی بۆ نەكراوە، جێگای رەزامەندی خەڵكی ئەم سنوورە بێت.
پێشیوابوو: دەستنیشانكردنی سەردار سیامەند كە ئێستا لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتییە لە مەخموور بۆ پۆستی قائیمقام، رەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر باش ئیدارەدانی ئەم قەزایە، چونكە بڕوایەكی تەواومان پێی هەیە و ئەوەی لەتوانایدابێت، ئەنجامی دەدات.
وتیشی: هاتنی قائیمقامێكی تازە بۆ مەخموور وادەكات بەهەموو ئەو كەموكوڕییانەدا بچێتەوە، كەپێشتر هەبوون، ئەوانەش دووبارە ناكاتەوە كە بوونەتە جێگای ناڕەزایی خەڵكی سنوورەكە، بۆیە پێمانوایە گۆڕانكاریی لە یەكە ئیدارییەكان لە خزمەتی خەڵكە و پشتگیریی دەكەین.
غازی فەیسەڵ كارگێڕیی مەڵبەندی قەرەچوخی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە مەخموور بە كوردستنی نوێی راگەیاند: ساڵێك زیاترە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەدەنگ دان و بە دەستوور و یاسای هەڵبژاردن، بەشێوازێكی دیموكراسییانە چەند پۆستێكی ئیداریی لە سنووری پارێزگای نەینەوا وەرگرتووە، یەكێک لە پۆستەكان قائیمقامی قەزای مەخموورە، بەهۆی تۆماركردنی چەندین سكاڵا و رێگریی سیاسی، تائێستا دەستاودەستكردنی ئەو پۆستە و یەكە ئیدارییەكانی دیكەی پارێزگاكە جێبەجێ نەكراوە.
وتیشی: گۆڕانكاریی لە پۆستە ئیدارییەكان، هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بە ئاراستەی باشتر خزمەتكردنی ناوچەكە بە تێڕوانینێكی تازە، چونكە نزیكەی  25 ساڵە ئیدارەی ئەم سنوورە لەلایەن حزبێكی كوردی بەرێوەدەچێت، لەوماوەیەدا دۆست و دوژمن شایەتی دەدات، مەخموور و ناحیە و گوندكانی چۆن لەڕووی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانەوە، لە دواوەی سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەكانی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە بووە.
حسێن كەریم وەك چاودێری سیاسیی لەسەر هەمان بابەت بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت: بەهۆی گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، ناوچەدابڕاوەكانی باجی زۆر گەورەیان داوە، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی لە رووی ئیدارەییەوە لەلایەن هەولێرەوە سەرپەرشتی دەكرێن، یەكێك لەو ناوچانە قەزای مەخموور و دەوروبەریەتی، كە  سنوورێكی فراوانە و ناوچەیەكی گرنگە لەڕووی كشتوكاڵ و نەوت و شوێنی جوگرافی.
وتیشی: لەماوەی رابردوودا بەتایبەتی دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق، ئیدارەی مەخموور لەلایەن هەولێرەوە بەرێوەدەچێت، لەوماوەیەشدا پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا بەچەندین هەوراز و نشێو تێپەڕیوە، هەموو ئەوانەش وایكرد  وەك پێویست ئاوڕ لە مەخموور نەدرێتەوە، بۆیە لەئێستادا بڕیارێك لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەرچووە و پۆستی قائیقمام دراوە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێمانخۆشە ئەو گۆڕانكارییە بكرێت، بۆئەوەی بە عەقلیەت و شێوازێكی تر حكومڕانی ئیدارەی ئەو سنوورە بكرێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان