رێکارەکانى مامەڵەى خانەنشینى بە سستی بەڕێوەدەچێت و وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان ناچار دەکات رێکارێکى نوێ بۆ مووچەى خانەنشینان بگرێتەبەر.
بەپێی یاساى ژمارە نۆى ساڵى 2014ی خانەنشینى یەکگرتووى عیراق، لە کۆتایى ساڵى رابردووەوە هەزاران فەرمانبەرى سەروو 60 ساڵى لە هەرێمى کوردستان خانەنشین کران کە تاوەکو ئێستاش مامەڵەى زۆرینەیان تەواو نەکراوە.
فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ سێ مووچەیان وەرگرتووە، بەڵام ئەوانەى خانەنشینکراون هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، بۆیە وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بڕیاریداوە بە خەرجکردنى پاداشتى مۆڵەتى کۆکراوەى خانەنشینان بۆ ئەوەى قەرەبووى ئەو ماوە زۆرەیان بۆ بکاتەوە کە مووچەیان وەرنەگرتووە.
ئەشرەف فازڵ بەڕێوەبەرى گەنجینەى دووى سلێمانى راگەیاندووە، لەسەرەتاى ئەم هەفتەیەوە دەست بە دابەشکردنى پاداشتى مۆڵەتى کۆکراوەى خانەنشینان دەکرێت، کە شەش مووچەیە.
بەڕێوەبەرى گەنجینەى دووى سلێمانى وتیشی، بەهۆى زۆریى ژمارەی ئەو خانەنشینانەوە ناتوانرێت پێکەوە پاداشتەکە بدرێتە هەموویان بەڵکو بە چەند قۆناغێک دەبێت، بەڵام بە یەک گوژمە پارەکەیان پێدەدرێت.