ئا: كوردستانی نوێ/ هەولێر
رێدار سابیر، یەكێكە لە شاعیرە دیارەكانی شاری هەولێر و كوردستان، چەندین ساڵە شیعر دەنووسێت و چەندین هۆنراوەشی لەلایەن هونەرمەندە گۆرانیبێژەكانی كوردستان كراوەتە گۆرانی، سەبارەت بە ئەزموونی نووسینی شیعری خۆی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە تەمەنی 14ساڵییەوە خەریكی نووسینی شیعرم كە نزیكەی 40 ساڵ دەبێت و تائێستاش پێنج دیوانی شیعریم هەیە، شیعرەكانیشم زیاتر غەزەلیات و ئەوینداریین و لە تەوەری خۆشەویستی و مرۆڤدۆستیدا دەخوولێنەوە.
وتیشی: لەئێستادا حەوت كتێبم لەبەردەستە، كە نزیكن بۆ چاپكردن، یەكێكیان شیعری سەربەست لەخۆدەگرێت، ئەویتریان قافیەدارە و سێیەمیان كورتە شیعرە،چوارەمیشیان كۆمەڵێك لە شیعرەكانمە كە بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕدراوە، لەگەڵ كتێبێك كە چیرۆكی منداڵان و كۆمەڵێك بابەتی پەروەردەیی و دەروونی لەخۆدەگرێت، كە بۆ زمانی كوردی وەرمگێڕاون.
رێداری شاعیر دەشڵێت: تائێستا نزیكەی 50 بۆ 60 شیعرم لەلایەن هونەرمەندان كراوەتە گۆرانی، لەوانە: رزگار كۆیی و عەبدولقەهار زاخۆیی و هەڤاڵ ئیبراهیم و هۆزان دەروێش و دڵنیا قەرەداخی و محەمەد عەزیز و ئیدریس رواندزی و خوالێخۆشبوو رەوەند سەڵاحەدین و چۆپی فەتاح و گۆران حسێن و پەرواز حسێن و عوسمان عەبدوڵڵا و هێمن حسێن و تارا رەسول و لەیلا فەریقی و حەسەن غەفور و هونەرمەندی تونسی لەمیا جەمال، لەگەڵ ژمارەیەك هونەرمەندی دیكەی كوردی و عەرەبی تر.
سەبارەت بەدۆخی ئێستای شیعری كوردی پێیوایە: كۆمەڵێك شاعیری زۆر باش و گەنجمان هەیە كە باش دەنووسن، بەڵام بەگشتی پاشاگەردانییەكە كە ئەوسەری دیارنییە، هەرچی دەبینیت بەناوی شیعر دەنووسێت، كەچی دوورە لەفەزا و هونەر و شێوازی جوانی هونەریانەی شیعر.
سەبارەت بەپێگەی شاعیران لەنێو كۆمەڵگای كوردی كە تا چەند رێزیان لێدەگیرێت وتی: بێگومان خەڵكێكی زۆر لەناو كۆمەڵگاكەمان رێز و حورمەت بۆ شاعیران و هونەرمەندان بەگشتی دادەنێن، لەگەڵئەوەشدا كەسانێك هەن بەتایبەتی ئەوانەی لەناو دەسەڵاتن، رێزی كەسانی رۆشنبیر و نووسەر و شاعیر ناگرن و زۆرجار ئیهانە دەكرێن، ئەوەش بەسەرخۆمدا هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا شیعر، حەز و ئارەزوو و خولیامە و لەگەڵ خوێن و ژیان و هەناسەم تێكەڵ بووە، بەجۆرێك نەمتوانیوە تائێستا دەستبەرداری نووسینی بم.