بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان، عیراق، هەرێمایەتی و ئەرکە رێکخراوەییەکان گفتوگۆی هەمەلایەنەیان لەبارەوە کرا و دووپات لە پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئارامی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و بەدیهێنانی ئامانجە گشتییەکان بە ویستی خەڵکی خۆشەویستی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکانی رێکخستنەوەی ئۆرگانەکان، راپەڕاندنی ئەرکە حزبییەکان، خۆئامادەکردن بۆ دیداری یەکێتی بەوردی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا بە ئاڕاستەی جۆشدانەوەی گیانی یەکێتی بوون و خەباتی جەماوەری و جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتیان دراوە.
پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بوو کە هەڵسەنگاندن بۆ گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی کرا و جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار و دادپەروەر کرایەوە کە بتوانێت بە هاوسەنگی خزمەتی هەموو خەڵکی کوردستان بکات و لەو رووەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی بۆ یەکڕیزی نیشتمانیی و بنیادنانی حکومڕانییەکی نوێ کردەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و زیاتر بەهێزترکردنی قەوارەکە و رایگەیاند ئامانجی یەکێتی گۆڕانکارییە لە بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی خەڵکەکەمان بۆئەوەش هەر هەنگاوێک لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و خەڵک بێت دەیگرینە بەر، هیوادارین هەموولایەکیش بەو رۆحیەتەوە هەنگاو بنێن.
لە بەرامبەردا هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەختیکردەوە وەک هەمیشە پشتیوان و هاریکار دەبن بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە کاری رێکخراوەیی و حکومەتدا و بە ویستێکی نیشتمانیشەوە کاردەکەن بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.