تەنگژەكانی جیهان و كاریگەرییان لەسەر عیراق

08:43 - 2022-03-15
دووتوێ
451 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

بۆرسەی جیهانی
قەسیر دەڵێت»ئەو ماددە ستراتیژیانەی باسمان كردن، نرخەكانیان پشت بە بۆرسەی جیهانی دەبەستێت، عیراقیش لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەو بۆرسەیەیە، لە هەمان كاتدا عەمباری ستراتیژی تەواو دەبێت، بەهۆی نەبوونی بەدواداچوونی راستەقینە بەرامبەر بەو رووداوانەی لە جیهاندا روودەدەن كە خۆیان لە پوكانەوە و بەرزبوونەوەی بێ‌ پێشینەی نرخی ماددە خۆراكییەكاندا دەبینێتەوە، بەهۆی جەنگی ئێستای نێوان روسیا و ئۆكرانیا، ئەم جەنگەی ئێستا هەیە لە جیهاندا، جەنگێكی ئابورییە، بۆیە دەبێت عیراق دڵخۆش نەبێت و پشت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نەبەستێت، چونكە لە ئاكامدا دەبێتە مایەی پرۆسەی كڕین بە نرخی دوو هێندەی نرخی پێشووی لە زۆربەی ئەو ماددانەی پەیوەندییان بە قوتی هاووڵاتی عیراقییەوە هەیە، لەم بابەتەشدا نابێت گەندەڵییەكانمان لەبیربچێت گە لە گرێبەستەكاندا دەكرێن».
جەنگی روسیا و ئۆكرانیا
عەللا فەهد پسپۆڕی ئابوری و دارایی لای خۆیەوە پێیوایە»بەزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان، بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكان لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا كە لەئێستادا لە ئەوروپا روودەدات، وێڕای ئەوەی دوو دەوڵەتەكە بە گەورەترین هەناردەكاریی گەنم لە جیهاندا دادەنرێن، لەلایەكی ترەوە دەرهاویشتەكانی ئەو جەنگە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا دروستكرد، ئەم بەرزبوونەوەیەش كاریگەرییەكی زۆر نەرێنی هەیە لەسەر ژیان و گوزەرانی توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگە، بە تایبەت توێژی هەژاران، بۆیە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و وەزارەتی بازرگانی چەند بڕیارێكی پەیوەستیان لەبارەی گرانبوونی ژیان و گوزەرانەوە دەركرد، بۆ پشتگیریی لە ماددەكانی بەشەخۆراك و دابەشكردنیان بەشێوەیەكی رێكخراو لەگەڵ دابینكردنی بڕی 100 هەزار دینار لەبری گرانبوونی شتومەك و پێداویستییەكان بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی، هەموو ئەو بڕیارانە لەپێناو كەمكردنەوەی دەرهاویشتەكانی بەرزبوونەوەی نرخەكانن لە بازاڕدا».
ئاسایشی خۆراك
بە وتەی فەهد»بڕیارەكانی حكومەت لەو بارەیەوە، لە بەرژەوەندی ئاسایشی خۆراكدان لە وڵاتدا، هەروەها كاریگەریی گەورەیان دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخەكان، بە هەمان شێوە دەبێت رۆڵی چاودێری پێویستی حكومەتمان لەبیرنەچێت لەم رەوشە قورسەدا، لەپێناو دانانی سنورێك بۆ چاوچنۆكی بازرگانان لەڕووی بەرزكردنەوەی نرخی مەوادە خۆراكییەكان، بە تایبەت كە پێدەنێینە مانگی رەمەزان و بەكاربردنی ماددە خۆراكییەكان روو لە زیادبوون دەكەن، گەر جوڵەی بازاڕیش رێكنەخرێت، نرخەكان بۆ دوو هێندەی ئێستا بەرزدەبنەوە، بەهۆی هاتنەبەری مانگی رەمەزان و پاشان بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا».
بڕیارەكانی حكومەت
لەم ماوەیەی دواییدا، ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی هەفتانەی خۆی، بڕێك پارەی بۆ خاوەن داهاتە سنوردارەكان بڕییوە، لەگەڵ هەڵگرتنی گومرگ لەسەر ماددە خۆراكییەكان، وەك رێكارێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونوەی نرخ و قورسبوونی تێچووی گوزەران بەهۆی جەنگ و تەنگژەی ئۆكرانیا.
داهاتی نەوت و قەرزكردن
لەلایەكی ترەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێیوایە، داهاتی دارایی مایەی دڵنیایی دەبێت و عیراق پێویستی بە قەرزكردن نابێت، پێشبینیشی كرد، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە بە بڕی زیاتر لە 20 ملیار دۆلار داهاتەكانی وڵات روو لە زیادبوون بكەن.
مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند”سیاسەتی دارایی فیدراڵ، تائێستاش یاسای ئیدارای دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 جێبەجێ‌ دەكات كە پابەندنە بە خەرجییەكان بەڕێژەی 12/1 لە كۆی گشتی خەرجییە بەردەوامەكان كە لە بودجەی ساڵی 2021دا پەسەندكراون».
بە وتەی راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق”وێڕای ئەوەی بەڕێژەی 15%ی كۆی گشتی كورتهێنانی نەخشەبۆدانراو لە بودجەی ساڵی 2012 قەرزكرا كە بڕەكەی گەیشتە 29 ترلیۆن دینار، بەڵام رەوشی دارایی و دەستەواژە پێشبینیكراوەكان لە ساڵی 2022 ئاماژە بە داهاتی زیادە دەكەن بە تایبەت لەسایەی بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ زیاتر لە 100 دۆلار، بەراورد بە بودجەی ساڵی 2021 كە بەرمیلێك نەوت بە كەمتر لە 70 دۆلار خەمڵێنرابوو”.
بە بۆچوونی مەزهەر محەمەد ساڵح» زیادەی دارایی پێشبینیكراو كەمتر نابێت لە 20 ملیار دۆلار، لە حاڵەتی بەردەوامبوون لەسەر ڕێژەی خەرجییەكان بەڕێژەی 12/1 ، بۆیە ئەو پارە نەختینەیەی دەبێتە داهات مایەی دڵیناییە و عیراق بە هیچ شێوەیەك پێویستی بە قەرزكردن نابێت».
هەروەها وتی”دەكرێت ئەو پارە زیادەیە بكرێت بە یەدەگ، بۆ مەبەستی پاڵشتیكردن لە جێگیركردنی بودجەكانی ساڵانی داهاتوو، بەرامبەر ئەو بەرزی و نزمییەی لە بازاڕی نەوتی جیهاندا روودەدات».

بابەتە پەیوەندیدارەکان