دەوڵەت بیرۆکەیە وڵاتە یەکگرتووەکان و هیندستان بە نموونە

10:20 - 2022-07-30
کەلتور
639 جار خوێندراوەتەوە

د.محەمەد کەمال*
و: دڵان سامان

دەوڵەت تەنیا پانتاییەکی جوگرافی نییە تێیدا هاوڵاتییەکانی لە چوارچێوەیدا بژین یان کۆمەڵێک دامودەزگا بن ژیانیان رێکبخات، دەوڵەت بە بیرۆکەیەکیشەوە پەیوەست دەبێت یان بە کۆمەڵە بیرۆکەیەکەوە دەبەسترێتەوە و لە دەوڵەتانی دیکەی جیادەکاتەوە و بریتی دەبێت لە چوارچێوەی مەرجەعییەتی جووڵەی سیاسی تێیدا یان بە دەربڕینێکی دیکە هەموو دەوڵەتێک بوونێکی فیکری هەیە لەگەڵ بوونە جوگرافی و یاساییەکەیدا.
بیرۆکەی ئەمریکی
قسەکردن لەبارەی «بیرۆکەی دەوڵەت» کارێکی نوێ نییە، بۆ نموونە کتێبخانەی ئەمریکی پڕە لە چەندین بەرهەم ناونیشانی «بیرۆکەی ئەمریکی» لەخۆ دەگرێت و لە بەڵگەنامەی راگەیاندنی سەربەخۆیی و دەستوری ئەمریکییەوە سەرچاوەی گرتووە و لەسەر بنەمای چەمکی «ئازادی» بوونیادنراوە، بەوپێیەی بیرۆکەی سەرەکیی کە ئەمریکییەکان پشتیان پێبەستووە و هەڵیانبژاردووە و لەوانی دیکەیان جیادەکاتەوە، جگە لە بیرۆکەی دیکەی پەیوەست بەوەوە، وەکو ئەوەی هاوڵاتیان مافی بنچینەییان هەیە وەکو ئازادی رادەربڕین و ئازادی ئایین و ئازادی کۆبوونەوە.
لە ساڵانی دواییدا ئەوەی جێی باس و مشتومڕبوو لە وڵاتە یەکگرتووەکان «بیرۆکەی ئەمریکی» لە نێوجەرگەی ئەو مشتومڕەدا بوو، ئەوەی پێیدەوترێت «جەنگی رۆشنبیری» لە بنەمادا ناکۆکی بوو دەربارەی «بیرکردنەوەکان» یان «بەهاکان» ئەوەی ئەمریکییەکان بڕوایان وایە دەبێت فەرمانڕەوا یان رێکخەری کۆمەڵگەکانیان بێت.
لە سەردەم سەرۆکی ئەمریکی پێشوو دۆناڵد ترەمپ-دا گروپێک هەبوون دژایەتی سیاسەتی دانانی کۆتوبەندییان لەسەر هاتنی پەنابەران دەکرد، بەوپێیەی ئەوە «نا ئەمریکییە» و دژی بیرۆکەی وڵاتەیەکگرتووەکانە وەکو کۆمەڵگەیەکی کراوە، کە باوانی رێکخەرانی دەوڵەت دایانناوە، لەمڕۆشدا دیسانەوە مشتومڕ دروستبووە لەسەر بیرۆکەی ئازادی دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای ئەمریکی بە سنوردارکردنی ئازادی ژن و مافی لە لەباربردنی کۆرپەلەدا وەکو مافێکی دەستوری گشتی کە چەندین ساڵە پێیدراوە و دانی پێدانراوە، لەگەڵ دابەشبوونی سیاسی بەهۆی ئەم مەسەلەیەوە، هێشتا ئەمریکییەکان لەسەر ئەوە کۆکن وڵاتەکەیان لەسەر بنەمای «بیرۆکەیەک» یان کۆمەڵە بیروباوەڕێک بونیادنراوە، نەک تەنیا نووسراوی دەستوریی یان هەیکەلی سیاسی.
بیرۆکەی هیندستان
قسەکردن لەسەر «بیرۆکە» ی پشتی دەوڵەتێک تەنیا پەیوەست نییە بە وڵاتە یەکگرتووەکان و خۆرئاواوە، بەڵکو چەندین بەشداری هەیە دەربارەی «بیرۆکەی هیندستان» و چەندین کتێب هەیە باس لە هیندستان دەکات وەکو بیرۆکە یان «هیندستانی حاڵەتی هزری» و بینینی هیندستان وەکو پانتاییەک بۆ چەمک و بیرکردنەوەکان نەک پانتاییەکی سروشتی، وەکو شاعیری هیندی طاغور لەبارەی هیندستانەوە دەڵێت «هەرێمێک نییە، بەڵکو بیرکردنەوەیەکە».
ئەو نووسینانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن «بیرۆکەی هیندستان» لەسەر بنەمای جۆر و لێبوردەیی و چەندایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ بوونی جیاوازییەکانیشدا، بۆیە هەندێک هۆشداری دەدەن بەوەی لە ئێستادا ئەو بیرۆکەیە لە مەترسیدایە بەهۆی زیادەڕەوی نەتەوەیی هیندۆسی و هەوڵدانی هەندێک بۆ دیاریکردنی ناسنامەی هیندی لە رێگەی ئایینەوە. 
لەگەڵ جیاوازی ئەزموونی مێژوویی ئەمریکی لەگەڵ هیندستاندا، بەڵام گەشەپێدانی «بیرۆکە» ی تایبەت بە دەوڵەتی هەردووکیان پەیوەستن بە دوو بابەتەوە، یەکەمیان هەڵبژاردنی ساتێک لێی بڕوانن بەوەی ساتی دامەزراندنی دەوڵەتی هاوچەرخیانە، دووەمیان دیاریکردنی باوانی دروستکەر و گەشەپێدەری ئەو بیرۆکەیە، بۆ ئەمریکا ئاسانتر بووە، چونکە دەوڵەتێکی نوێیە و لەگەڵ راگەیاندنی بەڵگەنامەی سەربەخۆیی ئەمریکادا لە رۆژی 4 تەمموزی ساڵی 1776 دا دەستپێدەکات لەگەڵ دەستوری ئەمریکی کە لە 17 ئەیلولی ساڵی 1787 دا دانرا و لە 21 ساڵی 1788 دا واژۆی لەسەر کرا، هەروەها دەستپێشخەری و بەشداری فیکری باوانی دروستکەری کۆماری ئەمریکا هەیە وەکو نموونەکانی هاملتۆن و جێڤرسۆن و ئەوانی دیکە.
بەڵام حاڵەتی هیندستان قورسترە، چونکە ساتی دروستکردن پەیوەستە بە بیرۆکەی هیندییەوە، بەهۆی قووڵیی مێژوویی و شارستانی قووڵی ئەو دەوڵەتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هیندییەکان رۆژی سەربەخۆیی لە داگیرکەری بەریتانیا ساڵی 1947 و دەستووری هیندی ساڵی 1950 و بیروڕاکانی مهاتما گاندی و جەواهیر لال نەهرۆ-یان هەڵبژارد.
دەتوانرێت باسی بیرۆکەی دەوڵەت بکرێت؟
هەوڵەکانی بیری سیاسی لە دەوڵەتە عەرەبییەکاندا زۆر رووبەڕووی چەمکی «بیرۆکە» نەبۆتەوە یان پانتایی رۆشنبیری لە جیاکردنەوەی دەوڵەتێکی عەرەبی نەتەوەییدا نییە، بیرمەندی میسری جەمال حەمدان هەوڵیداوە رووەکانی ناسنامەی میسری دیاریبکات، بەڵام خاڵی دەستپێکردنی جوگرافیا بووە یان ئەوەی پێیدەوترێت «بلیمەتیی شوێن».
بەڵام هێشتا ئەگەری گەشەپێدانی «بیرۆکە» لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی عەرەبیدا هەیە، زۆرێکیان ساتی دامەزراندنی هاوچەرخیان هەیە دەتوانرێت لێیانەوە دەستپێبکرێت بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی هزریی تایبەت بە دەوڵەت، هەروەها دەتوانرێت کەلتوری فیکریی پەیوەست بەو ساتەوە کۆبکرێتەوە و لەوێوە  دەستپێبکرێت.
دەتوانرێت بوترێت میسر تەنیا بوونێکی جوگرافی نییە، بەڵکو «بیرۆکە» یەکە دروستبووە و بەدرێژایی ساڵان هەڵقوڵاوە و ئەزموونی دەوڵەتی میسری لەوەدا جیاوازە بەوەی چەندین ساتی دامەزراندنی هەیە، وەکو ساتی دامەزراندنی دەوڵەتی کۆنی میسر لەسەر دەستی شا مینا کۆکەرەوەی دوو پارچەکە، لەگەڵ ساتی دامەزراندنی دەوڵەتی هاوچەرخ بە راگەیاندنی سەربەخۆیی میسر لەلایەن بەریتانیاوە و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەکانی لە شوباتی ساڵی 1922 کە پێش ئەوە شۆڕش لە 1919 دا بەرپاببوو، دوای ئەوەش دەستور دانرا لە ساڵی 1923 جگە لە سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پەیوەست بە ئەفسەرە ئازادەکانەوە لە 23 تەموزی ساڵی 1952.
بەڵام بە چاوخشاندنەوە بە مێژووی دەوڵەتی میسری، دەتوانین بڵێین لە چوارچێوەی دەوڵەتدا ژمارەیەک بیروباوەڕ گەشەیانکردووە یەکێک لەوانە بیرۆکەی «ناوەندگیرییە» هەروەکو چۆن دەریاچەی نیل لە سەرچاوەی سەرەکییەوە هەڵدەقوڵێت بە ناوەندی صەعیدی میسر و دەلتادا دەڕوات، ئەو رێڕەوە سەرەکییە جیادەبێتەوە بۆ چەندان رێ و کەناڵی لاوەکیی، بەهەمانشێوە ئاراستە یان خوێنبەری سەرەکی بیرکردنەوەی میسری بە ناوەندگیری و مامناوەندی ناسراوە و زۆربەی میسرییەکان باوەڕیان پێیەتی، هەرچەندە ئەوە رێگر نەبووە لەسەر بوونی بریکردنەوەی توندڕەو لاوەکیی و هەندێکیشیان دەنگیان بەرزە، بەڵام هەرگیز جێیەکی سەرەکی لە بیرو دڵی زۆربەی میسرییەکاندا نەگرتووە.
سنورەکان دەبەزێنن
هەروەها بیرۆکەیەکی پەیوەست هەیە بە کرانەوە بەرامبەر جیهانی دەرەوە و رەتکردنەوەی داخران و گۆشەگیری، چونکە میسرییەکان هەستیانکرد هەمیشە رۆڵیان سنوورەکانیان دەبڕێت، بۆیە بە دونیای دەرەوەدا کرانەوە و بەرەوەپێشچوون هەندێکجار بە زەبری چەک و زۆرجار بە زەبری بیرکردنەوەکانیان.
لەگەڵ بیرۆکەی تایبەت بە ژیان لەگەڵ ئەوی دیکەدا لە نێو وڵاتدا و توانا بۆ تێگەیشتن لێی، بەشێوەیەک ئەوە بووە بەشێک لە میسر لەئەنجامی ئازادکردن یان داگیرکارییەکان، میسر رەنگە تاکە دەوڵەت بێت مۆزەخانەی هەریەکە لە شارستانی فیرعەونی و یۆنانی و رۆمانی و قبطی و ئیسلامیی لە خۆبگرێت و هەموویان پێکهاتەیەکی ناخۆییان هەیە و لەسەر ئەرزی میسر گەشەیکردووە.
بیرۆکەکانی پێشوو تەنیا هەوڵدان و توێژینەوەی مێژووییە لەگەڵ هەڵبژاردنی ساتی دامەزراندن تاوەکو بەشێوەیەکی باشتر بتوانرێت باس لە پێکهاتەکانی ئەو بیرۆکەیە بکەین، بەڵام ئایا گرنگی قسەکردن لەبارەی دەوڵەت وەکو بیرۆکە چییە؟ لە راسیدا باسکردنی «بیرۆکە» ی دەوڵەت ئامانجی ختووکەدانی هەستی نەتەوایەتی نییە یان دانانی دەستەواژەی شاعیرانە بۆ جیاکردنەوەی دەوڵەتێک لە دەوڵەتانی دیکە، بەڵام مەسەلەکە هەندێ روخساری دەرەکیی و ناوەکیی سیاسی گرنگی هەیە، چونکە شیکردنەوەی ئەو «بیرۆکە» یە و دیاریکردنی شێوەکانی، دەکرێت ببێتە قیبلەنمایەکی سیاسی و هزریی کۆمەڵگە و لە دیاردەی جەمسەرگیریی و دابەشبوونی سیاسی کەمبکاتەوە جا لەنێو رەوتە مەدەنییەکان بێت لەگەڵ یەکتر یان لەنێو رەوتە سیاسی و ئاینییەکاندا بێت، لە واقیعدا بیرۆکەی نەتەوەیی سەلماندوێتی تەنیا ئەو دەتوانێت رووبەڕووی بیرۆکەی بەئیسلامبوونی سیاسەت بێتەوە، جگەلەوەی دانانی ئەو «بیرۆکە»یە لە سیستمی پەروەردەی نیشتمانی و خوێندنە کۆمەڵایەتییەکاندا وادەکات کەسێتییەکان گەشەبکەن و پابەند بوون و هەستی نەتەوەیی لەلای نەوەی نوێ و گەنجان دروست بێت لە سەردەمێکدا بەهۆی دیاردەی عەولەمە و جیهانگیرییەوە ناسنامە و رۆشنبیری نەتەوەیی دووچاری فشاری زۆر دەبنەوە. 
دواجار وایلێهاتووە پێگەی زۆر دەوڵەت پەیوەست بێت بە هێزی نەرمەوە و «بیرۆکە» ی دەوڵەت یەکێکە لە پێکهاتەکانی ئەو هێزە و فاکتەری راکێشانە وەکو نموونەیەک بۆ ئەوانی تر، بە کورتی لە دونیای عەرەبیدا بۆ دەوڵەتی نوێ پێویستمان بە «بیرۆکە»ی نەتەوەیی بوون هەیە. 
*مامۆستای زانستی سیاسی لە زانکۆی قاهیرە و بەڕێوبەری پەیمانگەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە عەرەبییەکانە. 
سەرچاوە: الشرق الاوسط


بابەتە پەیوەندیدارەکان