راپۆرتێك: ئیركسۆن ژیانی كارمەندانی عیراقی خستۆتەبەر رەحمەتی داعش

08:47 - 2022-03-26
دووتوێ
340 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

كۆمپانیای ئیركسۆنی سویدی دان بەوەدا دەنێت كە ژمارەیەك لە كارمەندانی لە عیراق، بەرتیلییان داوە بە ئەندامانی رێكخراوی داعش، تا بتوانن هەندێك رێگە بەكاربهێنن كە لەژێر دەستی رێكخراوەكەدا بوون.
ئیركسۆن یەكێكە لە گەورە كۆمپانیاكانی پەیوەندی لە جیهان، بە گەمەكەرێكی سەرەكی بەگەڕخستنی تۆڕەكانی G5 لە بەریتانیا دادەنرێت، كۆمپانیاكانی مۆبایلیش لە عیراق گرێبەستییان لەگەڵ كردووە بۆ بەگەڕخستنی نەوەی چوارەم.
گومانی گەندەڵی و گرێبەستەكان لەگەڵ تیرۆر
راپۆرتێكی دزەپێكراو لەلایەن ئەو كۆمپانیایە ئاشكرای كردووە كە كۆمپانیاكە ژیانی كارمەندانی خۆجێی گرێبەستی خستۆتە مەترسییەوە، لەڕێی سوربوونی لەسەر درێژەدان بە كاركردن لەنێو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی رێكخراوی داعشدا بوون لە عیراق. راپۆرتە باس لە هەڵسوكەوتی كۆمپانیاكە دەكات كە بۆتە مایەی رفاندنی كارمەندانی گرێبەست لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی داعشەوە.
ئاشكرابوونەكەی ئەم دواییە لە دوای دانپێدانانی بورهێ‌ ئیكهۆڵم سەرۆكی راپەڕاندنی كۆمپانیای ئیركسۆن بوو، كاتێك وەڵامی بەڵگەنامەیەكی دزەپێكراوی دایەوە- كۆمپانیاكە پارەی داوە بۆ گەیشتن بە رێگەی گواستنەوەی خێراتر لە عیراق كە رەنگە رێكخراوی داعش لەوەدا سودمەند بوبێت. ئیركسۆن زیاتر لە 5 ملیار دۆلاری لە بەهای بازاڕی لەدەستدا، لەدوای ئەو لێدوانانەی ئیكهۆڵم.
دانپێدانانی كۆمپانیاكە
ئەو بەڵگەنامەیەی لەلایەن یەكێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەوانانی بنكۆڵكارییەوە (ICIJ) دەستبەركراوە، بە هاوبەشی لەگەڵ (بی بی سی) و 29 هاوبەشی میدیایی تر، لە لێكۆڵینەوەیەكی نێوخۆیی كۆمپانیاكە وەرگیراوە لەبارەی چالاكی گەندەڵی و بەرتیل لە 10 دەوڵەت كە لە ساڵی 2019 ئەنجامدراوە. لە لێكۆڵینەوەكەدا مامەڵەی مەترسیدار و نیگەرانبەخش بۆ كۆمپانیاكە لە عیراق دەردەكەوێت.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، كاتێك داعش دەستی بەسەر موسڵدا گرت، دووەم گەورەترین شاری عیراق لە حوزەیرانی 2014، پارێزەرێكی دەركەوتووی كۆمپانیای ئیركسۆن، كۆمپانیاكەی راسپاردبوو كۆتایی بە پرۆسەكانی بهێنێت لە عیراق، بەڵام گەورە بەڕێوەبەرانی ئیركسۆن ئەو راسپاردەیەیان پشتگوێخست. بەڵگەنامەكە دەڵێت، ئەوان لەو كاتەدا وا هەستییان كرد كە رێكارێكی لەو جۆرە پێشوەختەیە و دەكرێت ببێتە مایەی لەناوبردنی كارەكانی ئیركسۆن لە وڵاتەكەدا.
راپۆرتەكە پێیوایە، پێداگری كۆمپانیاكە لەسەر بەردەوامبوونی كاریی كارمەندانی گرێبەستی خۆجێی لەو ناوچانەی لەژێردەستی داعشدان، گیانی ئەو كارمەندانەی خستە مەترسییەوە، چونكە رێكخراوە تیرۆریستەكە دوای ئەوە، ژمارەیەك لەو كارمەندانەی وەك بارمەتە دەستبەسەركرد.
چیرۆكی دەستبەسەركردنی عەفان لەلایەن داعشەوە
عەفان لەنێوان كۆمەڵێك لەو ئەندازیارانە بوو كە كاریی مەیدانییان دەكرد بۆ كۆمپانیای ئیركسۆن، لەو دەمەی رێكخراوی داعش دەستی بەسەر شاری موسڵدا گرت. عەفان ئەركی گەیاندنی نامەیەكی خرایە ئەستۆ وەك نوێنەری كۆمپانیاكە، تا مۆڵەت لە رێكخراوەكە وەربگرن بۆ درێژەدان بە كاركردن لەوێ‌.
هەر لەگەڵ گەیشتنی عەفان، ئۆتۆمبێلێكی پڕ لە چەكدار پێشوازییان لێكرد، زۆری پێنەچوو دەستبەسەركرا، وەك چۆن بە رادیۆی گشتی ئەڵمانی NDR راگەیەندرابوو كە هاوبەشێكی میدیایی تری یەكێتی نێودەوڵەتی رۆژنامەوانە بنكۆڵكارەكانە.
دوای ئەوە یەكێك لە چەكدارانی رێكخراوەكە، مۆبایلەكەی عەفانی بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئیركسۆن بەكارهێنا و داوای لە 2.4 ملیۆن دۆلاری كرد بۆ كاركردن لەو ناوچەیە، وەك عەفان خۆی دەڵێت.
«چەكدارەكەی داعش وتی، گەر ئیركسۆن ئەو داواكارییە جێبەجێ‌ نەكات، ئەوا نێردراوەكەی، یان هەر كەسێكی تر كە كار بۆ ئەوان بكات دەكەنە ئامامانج، یەك بە یەكیان دەهێنن و دەستبەسەرییان دەكەن».
عەفان خرایە ژێر چاودێریی و نیشتەجێی زۆرەملێ‌، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئیركسۆن دەڵێت، دوای ئەوە وەڵامی پەیوەندییەكانیانی نەدایەوە «وازی هێنا و مۆبایلەكەی داخست و ونبوو». بەڕێوەبەرانی ئیركسۆن لە دواتردا رەتییان كردەوە قسە لەسەر رووداوەكە بكەن، یان روونكردنەوە بدەن میدیاكان.
عەفان دوای مانگێك ئازادكرا، وەك چۆن ناوی لە راپۆرتەكەی ئیركسۆندا هاتووە. عەفان لای خۆیەوە دەڵێت، كۆمپانیای ئیركسۆن پشتی تێكردووە، راپۆرتەكەش نوسیویەتی، یەكێك لە هاوكارانی ئیركسۆن لەگەڵ رێكخراوی داعش پەیوەندی كردووە، بۆ ئازادكردنی عەفان و رێگەدان بە كاركردنی كۆمپانیاكە لە موسڵ. بەڵام راپۆرتەكە چۆنیەتی پەیوەندیكردنەكەی دیاریی نەكردووە.
گەندەڵی لە كۆمپانیاكەدا
بەڵگەنامە دزەپێكراوەكە لەبارەی لێكۆڵینەوە نێوخۆییەكەی ئیركسۆن، بڵاوبوونەوەی كلتوری چالاكی گەندەڵی و پێدانی بەرتیل بە چەندان ملیۆن دۆلار لە 10 وڵاتی جیاجیادا ئاشكرا دەكات. لەوانەش لوبنان بۆ پارەداركردنی بەرپرسانی لوبنانی كە كۆی گشتی دەگاتە نزیكەی ملیۆنێك دۆلار.
هەروەها لێكۆڵەرەكان باس لە پێدانی 50 هەزار دۆلار دەكەن بە رێكخراوێكی خێرخوازیی سەر بە بنەماڵەی بارزانی كە حوكمڕانی هەرێمی كوردستانی عیراق دەكەن و خاوەنی تۆڕی مۆبایلی كۆڕەكن. راپۆرتەكە نەیتوانیوە ئەو لایەنە دیاریی بكات كە پارەكەی بۆ رۆیشتووە، سیروان بارزانی بەڕێوەبەری گشتی كۆڕەكیش لەو بارەیەوە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی نەداوەتەوە.
كۆمپانیای ئیركسۆن لە ساڵی 2019دا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمریكایی گەیشتۆتە رێكەوتن لە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگوباسی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە پێنج وڵات. كۆمپانیای ئیركسۆن روونكردنەوەی نەداوە سەبارەت بە زانیارییە نوێیەكان كە لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریكاییدا لەكاتی رێكەوتنەكەدا ئاشكراكران.
وەزارەتی دادی ئەمریكایی لای خۆیەوە رەتیكردەوە هیچ لێدوانێك لەبارەی پرسی ئیركسۆنەوە بدات، بە هەمان شێوە كۆمپانیای ئیركسۆن وەڵامی پرسیارەكانی (بی بی سی) لەو بارەیەوە نەدایەوە، بەڵام ئاماژەی بە درێژەدان بە كاركردن كردبوو لەگەڵ راوێژكارێكی دەرەكی- بۆ پێداچوونەوە بەو ئەنجامانەی لە لێكۆڵینەوەكەی 2019 دەكەونەوە، بۆ دیاریی كردنی هەر رێكارێكی تر كە پێویستە لەلایەن كۆمپانیاكەوە بگرێتەبەر.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان