شوێنەوارناسان شێوازی بەردڕێژكردنی بەشێك لە زەویی قەڵای هەولێر رەتدەكەنەوە

11:07 - 2025-02-26
دووتوێ
90 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەوەست نەوزاد


لەڕووی دیمەنەوە شێوەیەكی جوانی بەناو قەڵاكە داوە، بەڵام لەڕووی كاری شوێنەوارییەوە بەكارێكی هەڵە دادەنرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی چەندین شارستانیی كۆنی مرۆڤایەتی لەخۆدەگرێت، هەروەك شوێنەوارناسان ئاماژەی بۆ دەكەن، جۆری بەردەكەش نامۆیە بە كەرەستە كۆنەكانی شوێنەوارەكانی قەڵاكە

لەبەردەوامی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، كۆمسیۆنی نۆژەنكردنەوەی قەڵاكە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دەستیكردووە بە بەردڕێژكردنی شەقامەكانی، كە ئێستا پڕۆسەكە تەواو بووە و لەڕووی دیمەنەوە شێوەیەكی جوانی بەناو قەڵاكە داوە، بەڵام لەڕووی كاری شوێنەوارییەوە بەكارێكی هەڵە دادەنرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی چەندین شارستانیی كۆنی مرۆڤایەتی لەخۆدەگرێت، هەروەك شوێنەوارناسان ئاماژەی بۆ دەكەن، جۆری بەردەكەش نامۆیە بە كەرەستە كۆنەكانی قەڵاكە.
د. جەمال جەمیل پسپۆر لەبواری نۆژەنكردنەوەی باڵەخانە شوێنەوارییەكان لەوبارەیەوە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: پڕۆسەی بەردڕێژكردنی قەڵا، كارێكی نازانستییانەیە، كە دەكرا لەبڕی ئەو بەردە، خشتی قەبارەی 40*40 بەكاربهێنرێت، چونكە كەرەستەی سەردەم لەگەڵ بنەمای زانستی ووردی نۆژەنكردنەوەی شوێنەواری كۆن گونجاو نییە. 
هەرپەیوەست بەو بابەتە كەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو بەردڕێژكردنەی قەڵاكە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەرێم، ئاگامان لەكاری نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر نییە و پرسیش بەئێمە نەکراوە، لەكاتێكدا دەبوو كاری نۆژەنكردنەوەكە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەرێم ئەنجام بدرێت
وتیشی: بەپێی یاسای شوێنەوار دەبێت هەموو ئەو شوێنانەی نۆژەندەكرێنەوە، لەڕێگای كارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارەوە بێت، بۆیە ئەو بەردڕێژكردنە ئەگەر كارێكی باش یان خراپ بێت، ئەوان خۆیان لەو بابەتە بەرپرسیارن.
پێشیوابوو: كاتێك قەڵا نۆژەندەكرێتەوە دەبێت بەشێوە كەلەپووریی و رەسەنایەتییەكەی وەكو خۆی پارێزراو بێت و لەڕابردوودا بەچ ماددەیەك رووپۆشكراوە، هەردەبێت بەو ماددەیە ئەنجام بدرێت و هەر زیادكراوەیەك و نۆژەنكردنەوەیەكیش كە لەدەرەوەی بابەتی رەسەنایەتییەكەی بێت، ئەوكات بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان و رێككەوتنە تایبەتییەكانی تایبەت بەنۆژەنكردنەوەی شوێنە كەلەپوورییەكان دروست نییە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان