خۆڵبارین و پڕۆژەی پشتێنەی سەوز

08:52 - 2022-03-15
دووتوێ
410 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

بە مەبەستی گەیشتن بە ژینگەیەكی تەندروست لە شارەكانی عیراق، و بە تایبەت ئەوانەی دەكەونە دەوروبەری بیابان كە زۆر جار رووبەڕووی شەپۆلەكانی خۆڵبارین دەبنەوە و كارگەریی نەرێنی لەسەر ژینگەی تەندروستی مرۆڤ و ژینگە دروستدەكەن، هەندێك لە شارەزایان پێشنیاری ئەوەیان بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق كرد، پەناببرێت بۆ بیرۆكەی پرۆژەی «پشتێنەی سەوز»بۆ راگرتنی تەوژمی بیابانی كە رووبەڕووی پارێزگاكان دەبێتەوە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كە زۆرێك لە راپۆرت و نێوەندە نێودەوڵەتییە پسپۆڕەكانی هۆشداریی ژینگەیی لەبارەوە دەدەن.
لەبەرامبەردا رەزامەندی لەسەر بیرۆكەكە درا، بەڵام بە بۆچوونی چاوێران، وێڕای تێپەڕینی زیاتر لە 9 ساڵ، هێشتا وەك بیرۆكە ماوەتەوە و لە مێشك و خەیاڵی لایەنە پەیوەنیدارەكاندا دێت و دەچێت، بەبێ‌ ئەوەی جێبەجێ‌ بكرێت، یان هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی هەڵبنرێت.
پشتێنەی سەوز چی دەگەیەنێت؟
پشتێنەی سەوز لە گرنگترین شێوازە زانستییەكانە كە زۆربەی وڵاتانی بۆ كەمكردنەوەی مەترسی گۆڕانكارییە ژینگەییەكان دەیگرنەبەر، پشتێنەكە بە سەوزایی دارو درەختی هەمیشە سەوز لەشێوەی شریتێك دەچێنرێت و بۆ سنورە بیابانییەكانی شاركارەكان درێژدەبێتەوە، بەربەستێك بەڕووی رەشەبا بەهێزەكاندا دروستدەكات كە خۆڵبارین لەگەڵ خۆیاندا دێنن، وێڕای كەمكردنەوەی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما.
سەرەتاكان
سەرەتای دروستكردنی پشتێنەی سەوز لە ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوو بوو، وەك بەشێك لە و هەڵمەتەی لەلایەن وڵاتە عەرەبییەكانەوە بەرپاكرا بە یارمەتی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو)، لە قۆناغی یەكەمدا وەك بەربەستێك بەڕووی خۆڵبارینی بیابان كاردەكات كە شارەكان و زەوزییە كشتوكاڵییەكان دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی وەك بەربەستێكیش بەڕووی رەشەبای بیابانی كە بەرەو شارەكان هەڵدەكات كاردەكات، بەڵام جەنگی عیراق ئێران (1980-1988)، پرۆژەكەی راگرت كە كاركردن تێیدا لە سەرەتادا بوو.
تائێستاش لەژێر توێژینەوەدایە
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی كشتوكاڵ، هۆكارەكانی دواكەوتنی جێبەجێكردنی پرۆژەی پشتێنەی سەوزی روونكردەوە و ئاماژەی بە دەستكردن بە هەنگاوە سەرەتاییەكان كرد، بۆ بەگەڕخستنی نەهێشتنی خوێیاویی بوونی رووباری فورات.
میساق عەبدولحسێن، بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە رایگەیاند»پرۆژەی پشتێنەی سەوز، تائێستاش لەژێر توێژینەوەدایە، چونكە لەئێستادا مشتومڕ هەیە لەسەر ئاو و كشتوكاڵ»، جەختیشی لەسەر پێویستی دابیكردنی ئاو و بەكارنەهێنانی كشتوكاڵە بێ‌ سودەكان كردەوە، بەو پێیەی دەبنە مایەی بەهەدەردانی ئاو.
لە هەمان كاتدا ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەكی سعودیە كرد، بۆ چاندنی ملیارێك درەخت لە عیراق كە لەئێستادا لەژێر توێژینەوەدایە بۆ بەگەڕخستن و پراكتیزەكردنی.
شارەزایانی بوارەكە پێیانوایە، لە حاڵەتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە لە عیراق بەشێوەیەكی تەواوەتی، دەبێتە هاوبەشێك بۆ بەرگرتن لە تەوژمی بیابانی و رێگرتن لە گەیشتنی خۆڵبارین بە قوڵایی پارێزگاكان، و بەرهەمی كشتوكاڵی و بەرگرتن لە تێكچوونی ژینگە و پاراستنی هەمەجۆری ژینگەیی كە هەڕەشەی گۆڕانكاریی ژینگەیی لەسەرە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، وێڕای ئەمەش دەبێتە چارەسەری بەشێك لە كێشەی بێكاریی كە وڵات بەدەستییەوە گیرۆدەیە، لەڕێی خولقاندنی هەزاران هەلی كار بۆ هاووڵاتیان لە زۆربەی پارێزگاكان و جوڵاندنی ئابوری عیراقی، بەڵام تائێستا هیچ رێكارێكی راستەقینە لەبارەی پرۆژەكەوە نەگیراوەتەبەر، لای خۆیەوە وەزارەتی كشتوكاڵ پێشتر رایگەیاندبوو، وڵات پێویستی بە 14 ملیار درەخت هەیە بۆ ژیانەوەی ئەو ناوچانەی بەدەست بەبیابانبوونەوە گیرۆدەن.
وەبەرهێنان و خاپوركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان
دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی، دامەزراندنی شارەكان و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی و پزیشكی لەسەر رووبەڕێكی گەورەی زەوی رایگەیاندبوو. لەو بارەیەوە شارەزایانی بواری ژینگە دەڵێن»بەردەوامبوونی دەوڵەت لەسەر دروستكردنی شارەكان و كۆمەڵگەكانی نیشتەجێكردن لەسەر رووبەرێكی فراوان، و خاپوركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان، بەبێ‌ قەربووكردنەوەی باخەكان و زەوییە سەوزاییەكان، عیراق دەخاتە بەردەم قۆناغێكی قورسی ژینگەیی، و كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و ژیانی هاووڵاتیان و تەندروستی گشتی بەشێوەیەكی راستەوخۆ.
عیراق و كارەساتە سروشتییەكان
پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەی وزە و ژینگە و گۆڕانكاریی كەشوهەوا دەڵێت، عیراق دووچاری چەندان ئاڵەنگاریی دەبێتەوە كە گۆڕانكارییە ژینگەییەكان دەیسەپێنن، وەك بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و كەمبوونەوەی باران و كەم ئاوی و خوێیاویی بوونی زەوییەكان و زیادبوونی رێژەی تەوژمەكانی خۆڵبارین و ئەو كارەساتانەی بەهۆیانەوە دروستدەبن، هەروەها پرۆگرامەكە پێیوایە، عیراق وڵاتێكە لە وڵاتانی تر زیاتر رووبەڕووی كارەساتە سروشتییەكان دەبێتەوە، بەهۆی مەترسییەكانی خراپبوونی ژینگە و پێشتگوێخستنی پرسی پاراستنی ژینگە، و لاوازیی چوارچێوە یاساییەكان بۆ ئیدارەی ژینگەیی، و لاوازیی رێكخستنەكان و توانا دامەزراوەییەكان.
وێستگەی بلاسیرڤیلی لە كالیفۆرنیای ئەمریكا كە وێستگەیەكی پسپۆڕە لە بواری كەشناسی، لیستێكی بڵاوكردبۆوە كە بەرزترین پلەی گەرمای تۆماركراو لە جیهاندا لەخۆدەگرێت لە مانگی تەمموزی ساڵی 2021، لە لیستەكەشدا سێ‌ شاری عیراقی تێدا بوو كە بریتین لە عەممارە و بەسرە و فاو، ئەو شارانە بە گەمترین شارەكانی جیهان لەقەڵەمدران، هەروەها وێستگە ئەمریكاییەكە 12 ناوچەی عیراقی لە 25ی ئابی 2021 دیاریی كرد كە بەرزترین پلەی گەرمایان لە جیهاندا تۆماركردووە. بەپێی پرۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكانیش بۆ ژینگە، عیراق پێنجەمین فشەڵترین وڵاتە لەڕووی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییە ژینگەییەكان.
لەم ماوەیەی دواییدا، خالید بەتال وەزیری پلاندانان لە كۆنگرەی نێودەوڵەتی دووەم بۆ ئاو، لە وتارێیكدا كە لەسەر زاریی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران خوێندییەوە رایگەیاند، ئاسایشی ئاو و گۆڕانكارییە ژینگەییەكان، دەبێت بخرێنە چوارچێوەی دەستپێكی كارەكانی وڵاتان، عیراقیش لە هەموو وڵاتان زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەریی گۆڕانكارییە ژینگەییەكان.
حاڵەتەكانی تەنگەنەفەسی بەهۆی شەپۆلەكانی خۆڵبارین
زۆربەی پارێزگاكان رووبەڕووی شەپۆلەكانی خۆڵبارین دەبنەوە و بەو هۆیەوە دەیان حاڵەتی تەنگەنەفەسی دروستدەبێت و لە هەندێك جاریشدا دەبێتە مایەی گیانلەدەستدان، لەماوەی ئەم چەند رۆژەی دواییشدا لە چەندان شار لە خۆرئاوا و ناوەڕاست و باشووری عیراق، دەیان حاڵەتی تەنگژەنەفەسی دروستبوون كە وایانكرد نەخۆشخانەكان و ناوەندەكانی تەندروستی بكەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بەهۆی شەپۆلەكانی خۆڵبارین كە بوونە مایەی كەمكردنەوەی ئاستی بینین و داخستنی ژمارەیەك لە بازاڕەكان و ناوچە بازرگانییەكان و چالاكییەكانی تر.
بەپێی سەرچاوە پزیشكییە عیراقییەكان كە هاوتان لەگەڵ زانیارییەكانی وەزارەتی تەندروستی لە بەغدا، نەخۆشخانەكانی پارێزگاكانی ئەنبار و بەغدا و نەجەف و سەڵاحەدین و كەربەلا و بەسرە، دەیان حاڵەتی تەنگەنەفەسی توندییان وەرگرتووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی ناوچەكەی گرتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان