ئەوەی دووجار سەری بشوات سزادەدرێت

12:14 - 2022-07-31
ژینگە
590 جار خوێندراوەتەوە

وشکەساڵی تەنگی بە مرۆڤایەتی هەڵچنیوە و زۆرێک لە وڵات و کۆمەڵگاکانی بێزار و بێتاقەت کردووە، بەڵام خەڵکانێکی نابەرپرس هەن گوێ بە ژیانی دەوروبەریان نادەن و زیادەڕۆیی لە بەهەدەردانی ئاودا دەکەن کە بەسامانێکی سروشتی پڕ بەها دەژمێردرێت.
ئیدارەی شارۆچکەی کاسیناسۆ لەئیتاڵیا چەند جارێکە رێنمایی دەداتە هاووڵاتیانی کە ئاو بەفیڕۆ نەدەن، کەچی زۆر کەس گوێ لە راسپاردەکانیان ناگرن بۆیە کەمی ئاو بووەتە کێشەیەکی دیار و قەیرانێکی گەورە لەو شارۆچکەیە، لەمڕۆژانەدا ئەو کێشەیەیان بەیاسا رێکخست و سزایان بۆ ئەو کەسانە دانا کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا دەکەن، ئەنجومەنی شارۆچکەکە بڕیاریدا هەر چێشتخانە و دوکانێک ئاو زیاد لەپێویست بەکاربهێنێت سزای دارایی دەدرێت و دوکانەکەشی دادەخرێت، هەر سەرتاشخانە و شوێنێکی جوانکاری دووجار قژی هاموشۆکەرانی بشوات سزا دەدرێت بەبڕی 25 تا 500 یۆرۆ و سزاکە بەپێی رێژەی ئەو ئاوەی بەفیڕۆی داوە دیاری دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی شارەکە دەڵێت: ئەمساڵ بەڕێژەی  50٪  باران کەمی کردوە و قەیرانی ئاو لەناوچەکەدا دروست بووە، بۆیە لەسەر هەموان پێویستە بەپێی پێویست ئاو بەکاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان