یادی راپــەڕین _ کوردستانی نوێ

ئەمنە سوورەکە، سیمبولی سەرکەوتنی راپەڕینی سلێمانی و کوردستان بەسەر سەختترین قەڵای ستەمکاریدا

11:13 - 2025-03-06
دیدار
106 جار خوێندراوەتەوە
رووکاری دەرەوەی بینای ئەمنەسوورەکە

لە یەکەمین ساڵیادی راپەڕینی ئازاری 1991-ەوە زۆربەی یادکردنەوەکان ئاماژەدان بووە بە چۆنێتیی ئامادەکاریی و بەرنامەڕێژیی بۆ راپەڕین و دەستپێکردنی، بۆیە وێڕای بەرزڕاگرتنی ئەو هەوڵانە و خوێنی ئەو شەهیدانەی کە لە راپەڕیندا لە (4/3/1991 لە قەزای خەباتەوە تا دەگاتە 21/3/1991) کە بە رزگارکردنی کەرکوکی قودسی کوردستان تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا، بەڵام ئیدی کاتی ئەوە هاتووە تاڕادەیەک خۆمان لە دووبارەکردنەوەی ئەو حیکایەتە ببوێرین و سەرەنجام و دەستکەوتە بەرجەستەکانی راپەڕین بخەینەڕوو، هەروەها ئاماژە بدەین بەو لایەنانەی راپەڕین  کە هەم ئاماژەن بۆ زەرورەتی راپەڕین و هەمیش دەبنە زەرورەتی ئەو ئاماژانە لەڕووی دیکۆمێنتکردنەوە.

ئەگەرچی راپەڕین زۆربەی هەرەزۆری شار و شارۆچکەکانی گرتەوە، بەڵام لەزۆربەیاندا بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ و لە سۆنگەی بڕوانەبوونی سوپا و هەندێک لە هێزەکانی پۆلیس و تەنانەت رێکخراوە حزبییەکانی بەعســـی فاشیستیش بە شێوەیەکی خێرا و بەبێ قوربانییەکی ئەوتۆی جەماوەری راپەڕیو و پێشمەرگە ناوچەکان رزگارکران، بۆیە ئەوەی بوو بە سیمبولی راپەڕین لەو رۆژەدا بینای ئەمنە سوورەکە بوو کە جگە لە سەربازگەی خالید لە کەرکوک، زۆرترین رووبە رووبوونەوە تێیدا روویدا، بەو پێیەی تاوانبارترین پیاوانی رژێمی بەعس لەو بینایەدا کۆببوونەوە بەنیازی ئەوەی هێزی دیکە بێت بەهانایانەوە، بەڵام دوای بێئومێد بوونیان شەڕی مان و نەمانیان کرد.
چۆن لە شۆڕشی فەرەنسادا زیندانی باستیل بووە سیمبولی شۆڕشەکە، ئەوا لە راپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستانیشدا ئەمنە سوورەکە بووە سیمبولی رووخانی سامناکترین قەڵای ستەم و زۆرداری، جگە لەوەش بووە خاڵی وەرچەرخان لە راپەڕینەکەدا و ئەگەر تا ئەو رۆژە هەندێک لە شار و شارۆچکە و ئۆردوگا زۆرەملێکان ئازادکرابوون، ئەوا لێرەوە ئیدی سلێمانی وەک یەکەم پارێزگای گەورە تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا و بووە هەوێنی ئازادکردنی هەولێر و دهۆک و کەرکوکی دەستەخوشکی.
جیاوازییەکی دیکەی ئەمنە سوورەکە لەوەدایە، کە لەجیاتی ئەوەی زەوی و بیناکەی وەک دەیان شوێنی دیکە ببێتە وێرانە یان پرۆژەی بازرگانی، بە هەوڵ و  پێداگریی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بینای ئەمنە سوورەکە کرایە مۆزەخانەیەک بۆ راپەڕین تا ئەو قەڵای ستەمە و ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلەکەمان کراون، بۆ هەتا هەتایە لە بیرەوەریی نەوە لەدوای نەوەدا بمێنێتەوە و کەموکوڕیی و خراپیی حوکمڕانی و رەخنەکانمان نەبنە مایەی لەبیرچوونەوەی ئەو مەینەتییانەی بەسەر تێکۆشەرانی ئەوێ رۆژێی کوردایەتی و کەسوکاریاندا هاتووە. 

 

جەمال ئارێز

 

 

ئەمنە سوورەکە ناوێکی نەک نامۆ نییە، بەڵکو تەنیا ناوهێنانی بەسە بۆئەوەی تاوانەکانی (کوشتن، لەسێدارەدان، ئازار و ئەشکەنجەدان) و بەزاندنی سنووری ئاکار و بەهای مرۆڤایەتیت بیربخاتەوە. یان بەپێناسەیەکی تر، ئەم شوێنە (ئەمنە سوورەکە) بەشێکە لەیادگەی ئێمە لەگەڵ قیزەوەنترین تاوانەکانی رژێمی لە گۆڕنراوی بەعس و بۆ هەمیشە ناسڕدرێتەوە. 
ئێستا ئەمنە سوورەکەی سلێمانی بووە بە (مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکە تا لەیادمان نەچێت)، چیرۆکی بەشێک لە ماندووبوون و کۆششی بەردەوامی کارن لێرە لە زمانی سەربازێکی ون (ئاکۆ غەریب) نازانم ناوی لێبنێین بەڕێوەر یان بڵێین ئەویش وەک هاوڕێکانی هەر سەربازی ونە و کەیفی بە خۆدەرخستن نییە و تەنیا چەردەیەک راستی کارکردنمان بۆ دەگێڕێتەوە. 

دیداری: تەها سلێمان

 

 ئاکۆ غەریب، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە

 

*بیرۆکە و پرۆژەی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەکە چۆن دروست بوو؟ 
-دوای ئەوەی بەڕێز هێرۆ خان لە ناوەڕاستی ساڵی 1994 دا  بڕیاریدا کە ئەمنە سوورەکە بپارێزێت و رێگڕی بکات لەهەر پرۆژەیەک کە زیان بگەیەنێت بە بیناکانی ئەمنەسوورەکە، هەرچەندە ئەم بیرۆکەیە، نەیار و ناڕەزایی لێکەوتەوە بەڵام، ئەو کۆڵی نەدا و هەڤاڵ مام جەلال و ژمارەیەک لە رۆشنبیران و هونەرمەندان و پێشمەرگەی دێرین و زیندانی سیاسی تەنانەت خەڵکی کاسبکاری ناو بازار و بە شێوەیەکی گشتی هەموو چین و توێژەکان، پشتگیریان لە پرۆژەکە کرد.
ئەو کاتە و بۆ ماوەیەک بە هۆی بارودۆخی ناهەمواری هەرێمی کوردستان و شەڕی ناوخۆ و 31 ی ئاب، نەتوانرا پرۆژەکە جێبەجێبکرێت بەڵام لە دوای ساڵی 1997 بە رەسمی کۆمپانیای نەورۆز راسپێردرا کە بۆ پاککردنەوە و رێکخستنەوەی باڵەخانەکانی ئەمنەسوورەکە، کە لەلایەن ئەندازیار (تەیب جەبار و زیرەک سەرهەنگ) و ستافێکی شارەزا و دڵسۆز ئەم ئەرکەیان گرتە ئەستۆ.
هەرچەندە لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991وە، ئەم شوێنە بوو بە جێگەی حەوانەوەی ژمارەیەک لەو خێزانە کوردانەی کە لە ناوچەکانی گەرمیان و خانەقی و کەرکوک ئاوارە ببوون و بەهۆی کورد بوونیانەوە نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، چونکە هێشتا ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی رژێمی رووخاوی بەعسدا بوو.
هەر لەو سەروبەندەدا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لە رێگەی منداڵپارێزی کوردستانەوە لە وڵاتی بەریتانیا کەمپینێکیان راگەیاند بۆ کۆکردنەوەی باربۆ، واتە قەرەبووکردنەوە بە مەبەستی دروستکردنی خانوو بۆ ئاوارەکانی ئەمنەسوورەکە و تەنانەت هۆتێل حەسیب ساڵح (سلێمانی پاڵاس)ی ئێستا. 
دوای ئەوەی بڕی  یەک ملیۆن پاوەن کۆکرایەوە و لە رێگەی شارەوانی سلێمانییەوە زەوی دابین کرا، ئیتر خانووو جێگەی شایستە بۆ ئاوارەکان دەستەبەر کراو هەردوو شوێنەکە چۆڵکران.
تا ساڵی 1999 بەتەواوی ئەمنەسوورەکە پاککرایەوە لەو پاشەڕۆ و بلۆک کارییەی ئاوارەکان دروستیان کردبوو. 

 

- بڕیاردرا ناوی بنرێت مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکە تا لەیادمان نەچێت.



*ئەی دیزاینی باڵەخانەکە چۆن وەک پێشوو مایەوە یان گۆڕانگاریی بەسەردا هات؟ 
- یەکێک لە بڕیارە سەرەکییەکان ئەوەبوو، کە نابێت بە هیچ جۆرێک دەستکاریی دیوی دەرەوەی بیناکان بکرێت کە ببوو بە سیمبولی راپەڕینە مەزنەکەی ئازاری 1991 ی خەڵکی کوردستان، هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی خراپی دارایی، نەتوانرا بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام دواتر کاری لەخۆبردوانە و شێلگیرانەی تێدا کرا، لەسەرەتاوە ژووری زیندانەکان ئامادەکراو وەک نموونەیەکی بەرچاوی دڕندەیی رژێمی رووخاوی بەعس بە رووی میوان و دیبلۆماتەکان و خەڵکیدا کرایەوە. 

* ئەی ناولێنانەکەی چۆن بوو؟ 
-ئەم مۆزەخانەیە وا پێویستی دەکرد لەژێر ناوێکدا بنیاتبنرێت و بە ناوخۆ و دەرەوە بناسێنرێت، بۆیە پاش بیروڕاگۆڕینەوە و وەرگرتنی بیرۆکە و پێشنیاز، بڕیاردرا ناو بنرێت ( مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەکە تا لەیادمان نەچێت) چونکە ناوی (ئەمنەسوورەکە) دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووەی کە هەر لە دوای تەواو بوونی ئەم بینایانە کە لە ساڵی 1979 دەست پێکراو لەساڵی 1985 تەواو کرا، کە رەنگی دیوارەکانی نەترێکی سوور باو بوو، خەڵکی سلێمانی بۆ جیاکردنەوەی لە ناوەندی سەرکوتکارییەکانی تری بەعسی رووخاو ئەم ناوەیان لێنابوو (ئەمنە سوورەکە) هەر بۆیە هەوڵدرا ئەم ناوە بە زیندوویی لە یادەوەری نەوەکاندا بمێنێتەوەو ناوی لێنرا (مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە)، ناوێکە سەروەری و بەرگری و مێژووی قوربانییەکانمانە و یادگەی دڕندانەترین تاوانەکانی رژێمی بەعسە.

*ئەی چۆن هەنگاوە کردارییەکان دەستیپێکرد؟
-بەپێی ئەو بودجە کەمەی لەبەردەستدا بوو، کارەکان رایی دەکران، هەرچەندە وەکو پێویست خێرا نەبوو، بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە لە ساڵی 2003 دا توانرا بەشێک لەو چەکە قورسانەی وەک ( تانک،  تۆپ، دۆشکە) و ... هتد پەیدابکرێت و بهێنرێتەوە ناو ئەمنەسوورەکە، ئامانج لەم هەنگاوەش ئەوە بوو خەڵکی کوردستان و نەوە دوای نەوە بە چاوی خۆیان بیبینن کە پێشمەرگە بەو چەکە سادە و ساکارانەی هەیبوو رووبە رووی ئەو چەکە قورس و هێزە گەورەیەی رژێمی بەعسی روخاو دەبوەوە.
دواتر ئێمە دەستمان زیاتر کرایەوە بۆ خۆ ئامادەکردن  لە پرۆژەکەماندا و هەوڵماندا پەلە بکەین لە دابینکردنی کەرەستە و دیکۆمێنت و ئەو پێداویستییانەی ئەمانەوێت بۆ ئەم مۆزەخانەیە دابینی بکەین، چونکە ئیتر هەڕەشەی حزبی بەعسی رووخاو بە تەواوی لەسەر هەرێمی کوردستان رەوییەوە.

*کاتێک باسی پاراستنی ئەمنە سوورەکە و پاراستن و بەمۆزەخانەکردنی دەکرێت، ناوی هیرۆخان دێتە ناوان یان وەک یەکەم کەس ناوی دێت، بۆ؟ 
 -دەتوانم بڵێم هیرۆخان ئەندازیاری دامەزراندنی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکەیە و زۆر بەکورتی دوای ئەوەی لەگەڵ هێرۆ خان پرۆژەی مۆزەخانەکەمان تاوتۆێ کرد، یەکەمین کار کە ئەنجامماندا، هەڵگرتنەوەی سایت پلانی ئەمنەسوورەکە بوو، ئەمە بوو بووە سەرەتایەک بۆ پلانە ستراتیژییەکەمان کە دواتر ئاکامەکەی بە بنیاتنانی چەندین مۆزەخانە رەنگی دایەوە، ئێستاش گفتوگۆ لەسەر فراوانکردن و دەوڵەمەندکردنی دەکەین. 

 

- دەتوانم بڵێم هیرۆخان ئەندازیاری دامەزراندنی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکەیە

 

*دەمەوێت شتێک لەسەر دیزاینی باڵەخانەکانی (ئەمنە سوورەکە) بزانین؟ 
-رەنگە زۆرێک بیزانن و زۆرێکیش بەتایبەت نەوەی دوای راپەڕین نەیزانن، بۆیە پێویستە ئاماژە بە راستییەک بدەم بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی ئەم مێژووە، سەدام دوای ئەوەی لە ساڵی 1979 بەتەواوی دەسەڵاتی گرتە دەست یەکەمین پرۆژەی کە جێبەجێی کرد ئەم ناوەندە سەرکوتکارییە بوو کە لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی جاران دیزاینکرابوو، ئەم ناوەندە سەرکوتکارییە بوو، بۆ هەموو شارەکانی عیراق و سەرەتا بە ئەمنەسوورەکەی سلێمانی دەستی پێکرد. 
دوای ئەوەی لە رێگەی ئیدارەی مەحەلی ئەوسای عیراقەوە پرۆژەکە جێبەجێ کراو بە سێ قۆناغ تەواو بوو، هەموو بەشەکانی ئەمنی گرتەخۆ وەک (ئەمنی سیاسی، ئەمنی چاپەمەنی، ئەمنی ئینشائات، ئەمنی ئابووری). پێویستە ئەوەش لە بیرنەکەین، ئێمە بڕیارماندا کە ئەم شوێنە جگە لەوەی دەبێتە مۆزەخانەیەکی  نیشتمانی، لە هەمان کاتیشدا ببێتە ناوەندێکی کەلتوریی رۆشنبیری، هەر بۆ ئەم مەبەستەش، شوێنی گەراجی ئۆتۆمبێلەکانی سەردەمی رژێمی بەعسی روخاو، کرا بە (گەلەری ئەمنەسوورەکە) و هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان و تەنانەت هونەرمەندانی بیانیش لە کردنەوەی پێشانگا هونەرییەکانیان بەهرەمەند بوون لێی و دواتر  کردنەوەی (کافتریای ئەمنەسوورەکە) کە ئامانج لە کردنەوەی ئەم شوێنە ئەوەبوو کە لە سەردەمی رژێمدا ئەم شوێنە چێشتخانەی سەربازەکانیان بوو، بەکاردەهێنراو  ئێستا بووە بە کافتریا بۆ کۆکردنەوەی گەنجان و لە هەمان کاتدا بۆ پێشکەشکردنی چالاکیی هونەری و رۆشنبیری وەک ئێوارە شیعری و مۆسیقا و ناساندنی کتێب و .... هتد. 
جگە لەم دوو شوێنە، هۆڵێکی سینەمامان تیا دروستکرد، بەناوی هۆڵی (سینەمای یەڵماز گونەی)،  لەم هۆڵەشدا چەندین نمایش فیلمی بیانی و کوردی تیادا نمایشکراوە و چەندین هەفتە فیلمی وڵاتانی ئەورپای تێدا ئەنجامدراوە، وەک هەفتە فیلمی فەرەنسی، هەفتە فیلمی یەکێتی ئەوروپا، هەفتە فیلمی سینەمای منداڵان و... هتد

*چەند بەش لە مۆزەخانەکەدا تا ئێستا هەیە؟ 
-دەتوانم بڵێم ئێستا ئەمنە سوورەکە وەک مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی گوزارشتێکی تەواوە لە کۆی ستەم و تاوان و جینۆساید و کیمیابارانەکانی رژێمی رووخاوی بەعس دژ بە گەلەکەمان، بۆ نموونە( مۆزەخانەی پێشمەرگە، مۆزەخانەی کۆڕەو، مۆزەخانەی مین،  مۆزەخانەی ئەنفال، مۆزەخانەی شەهیدانی شەڕی داعش، مۆزەخانەی خۆڕاگری، مۆزەخانەی زیندانەکان،  بەشی ئەشکەنجە، مۆزەخانەی کەلەپووریی، مۆزەخانەی چەکە قورسەکان،  پەیکەری رووخاوی سەدامی دیکتاتۆر، مۆزەخانەی ئاوێنەکان ) و دواهەمین مۆزەخانەش کاری تێدا دەکەین مۆزەخانەی جینۆسایدە. 

*ئەی بیرۆکە و پرۆژەی مۆزەخانەی جینۆساید، کەی و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
-بەپێی ئەو پلانەی بۆ مۆزەخانەکەمان داڕشتبوو، سەرەکی ترین و گەورەترین بینای مۆزەخانەکەمان کە هەر لە هاتنە ژوورەوەدا دیارە و پێشتر بەشێکی ئەم بینایە تەرخان کرابوو بۆ ئۆفیسی بەڕێوەبەری ئەمن، بڕیارماندا بوو بکرێتە مۆزەخانەی جینۆساید، ئەم پرۆژەیە هەر لە ساڵی 2014 دا ئامادەکاریمان کردبوو بۆ دەست بە کاربوون یان کارکردن تیایدا، بەڵام رووداوەکانی ئەو سەردەمە و پەلامارەکانی تیرۆرستانی داعش، پرۆژەکەی پەکخستین و ئێمە بە ناچاری بڕیارماندا بە دامەزراندی (مۆزەخانەی شەهیدانی شەڕی دژی داعش) و ئەوەی ترمان دواخست.
*کەواتە کەی و لە کوێوە و چۆن جارێکیتر دەستتانپێکرد و پرۆژە گەورەکەی مۆزەخانەی جینۆساید و تاوانەکان گەشتوونەتە کوێ؟ 
-دوای ئەوەی (مۆزەخانەی شەهیدانی شەڕی داعش لە (16/9/2017) بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە، ئێمە هەمدیسان تێهەڵچووینەوە و دەستمانکردەوە بە بنیاتنانی مۆزەخانەی جینۆساید، هەرچەندە ئێمە وەکو ستافی مۆزەخانە، بەردەوام بووین لە کۆکردنەوەی کەرەستە و دیکۆمێنت و پێداویستییەکان و تاوەکو ئێستاش هەر بەدواداچوون دەکەین چونکە بەداخەوە ئەم ئەرشیفەی ئێمە دەمانەوێت کاری لەسەر بکەین ناتوانرێت هەمووی لە دەزگایەکی پسپۆڕدا پەیدا بکرێت و بەشێکی زۆریان لای کەسانی بە ئەمەک و دڵسۆز پارێزراون و ئەوانیش بە سوپاسی زۆرەوە و بێ هیچ دوودڵییەک و بەرامبەرێک هاوکارمانن. 
دیارە سەرەتا وا پێویستی دەکرد ئەو بینایەی کە لە چوار نهۆم و ژێرزەمینێک پێکهاتبوو، پاک بکرێتەوە لەو خاشاک و دیوارە زیادانە و دروستکردنەوەی پەنجەرەکانی و راکێشانی کارەبا و ئامادەکردنی، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندییمان کرد بە ئیدارە گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بە سوپاسی زۆرەوە برایان کاک (شوان و سالار) هاوکاریی سەرەکیمان بوون لە دابینکردنی بودجە بۆ ئەم کارە. 
دوای ئەوەی ماوەی دوو ساڵ بەردەوام کارمان لە پرۆژەکەدا کرد هەموو بەشەکانمان پاککردەوە و ئێستا ئامادەیە بۆ قۆناغی دووەم کە دامەزراندنی مۆزەخانەکەیە. 
هەرچەندە بەداخەوە بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەی کە هەرێمەکەمانی پیادا تێپەڕ دەبێت، پرۆژەکەی ئێمەش سستیی بە خۆیەوە بینیوە، هیوادارم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەکو جاران کە بێ دوودڵی هاوکارمان بووە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی مۆزەخانەکەمان، لەگەڵ ئەو سەرمایەدارە جوامێرانەی دوودڵ نەبوون لە هاوکاریمان، جارێکی تر بە تەنگ پرۆژەکانمانەوە بێن، بەتایبەتی ئەم پرۆژە گرنگ و ستراتیژییە تەواو بکەین. 

 

ئەم مۆزەخانەیە وا پێویستی دەکرد لەژێر ناوێکدا بنیاتبنرێت و بە ناوخۆ و دەرەوە بناسێنرێت، بۆیە پاش بیروڕاگۆڕینەوە و وەرگرتنی بیرۆکە و پێشنیاز، بڕیاردرا ناو بنرێت (مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەکە تا لەیادمان نەچێت) 

*بۆچی دەست نیشانکردنی ئەمنەسوورەکە بۆ  ئەم مۆزەخانەیە؟ هۆکار و گرنگییەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟
-لەراستیدا پشکی شێر بۆ بەرجەستەکردنی جینۆسایدی کوردە لە هەرێمی کوردستان، ئامانجمانە ئەمنە سوورەکە بکەینە بەشێک لە دەروازەی سەرەکیی ناساندنی تاوانەکانی جینۆسایدی میللەتەکەمان بە دنیای دەرەوە و ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێت دڕندەیی رژێمی بەعسی رووخاو وەک دوژمنی مرۆڤایەتی نیشان بدەین و ئەو راستییە بەرجەستە بکەین کە هەر کەسێک یان کەمەنەتەوەیەک، یاخود ئایین و مەزبەهێکی جیاواز، نەیاری بووبێت ئەوە بێ دوو دڵی هەوڵیداوە لە ناوی ببات و مێژوو و کەلتوریشی بسڕێتەوە، لەبەرئەوە بڕیارماندا عەرەبی شیعە یان سوننە نەیارەکانی رژێمی بەعس، لەو پرۆژەیەدا جێبکەینەوە و نادیدەیان نەگرین. 
هەروەها هەر لە دەسپێکی مۆزەخانەکەدا شوێنمان تەرخان کردووە بۆ مێژووی جینۆساید و بڕیارەکانی لە نەتەوەیەکگرتوەکان دەرچووە، ئینجا دیواری تایبەت تەرخانکراوە بۆ ئەو میللەتانەی لە دنیادا جینۆسایدکران. سەبارەت بە پرۆژەی جینۆسایدی کورد، زۆری کارەسات و تاوانەکان پۆلێن کراون، وەک (ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، راگوێزانی دێهاتەکان، قەتڵ و عامی ئێزییدیەکان و بە تایبەت شنگال، کوردە فەیلییەکان، کاکەیی و... ئەوانیتر) و سەرباری ئەمانەش بەشێک تەرخانکراوە بۆ راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە دەڤەری سلێمانی لە بەهاری 1991 دا و جگە لەمانەش شوێنێک تەرخانکراوە بۆ ( پانۆڕامای گۆڕی بەکۆمەڵ) کە کارێکی هونەرییە و بۆ یەکەمین جارە لە کوردستان بەم شێوازە کارا کرابێت، جگە لەمانەش بەشێک تەرخانکراوە بۆ شەهیدانی سێدارە و نمایشی یەکێک لە(پەتی قەنارە )کەی ئەبوغرێب، هەروەها کار لەسەر مێژووی زارەکی کراوە و سەدان چیرۆکی کاریگەر دەگێڕینەوە و هەزاران دیکۆمێنت بە شێوازی جیاواز و شایستە نمایش دەکرێت.
*چی دەقێکی نوووسراوی تایبەتتان وەک یاسای رووبە رووبوونەوەی تاوانی جینۆساید داناوە لەناو ئەم پرۆژەیەدا؟.
-هەموو ئەو دەقە یاساییانەی تایبەتە بە تاوانی جینۆساید، ئامادەمانکردووە و نمایشی دەکەین، حەزدەکەم ئەوەشتان پێ بڵێم کە زانیارییەکانی ئەم مۆزەخانەیە بە سێ زمانی (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) ئامادە کراوە. ئەمە جگە لەوەی ئەو دیوارانەی تەرخانکراوە بۆ جینۆسایدی میللەتانی دنیا، جگە لەو سێ زمانەی بە زمانی دایکی خۆشیان نوووسراوەتەوە.

پەیکەرێکی خستنەڕووی شێوازەکانی ئەشکەنجەدان لەسەردەمی بەعس

* هیچ بیرۆکەیەکتان هەیە بۆ پەیوەندیی لەگەڵ مۆزەخانەکانی تایبەت بە جینۆساید لە دنیادا؟ 
-بەڵێ، ئەو بیرۆکەیەمان هەیە سەرەتا لە رێگەی میوانە دیپلۆماتەکان و کونسوڵخانەکان و باڵوێزخانەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانەوە، ئەو هەوڵەمان داوە، پاشان لە رێگەی دۆست و کوردانی تاراوگە و لینکی تایبەتی خۆمانەوە لە هەوڵدا بووین بۆ دروستکردنی پەیوەندییی لەگەڵ مۆزەخانە و ئەو ناوەندانەشی کە تایبەتن بە تاوانی جینۆساید، یەکێک لەو مۆزەخانانەی بۆ ئێمە جێگەی بایەخ بوو (مۆزەخانەی مافی مرۆڤ) بوو لە شاری (یونیپێگی کەنەدا)، کە پێموایە لە ساڵی 2008دا دامەزراوە و زۆرینەی نموونەی تاوانەکانی جینۆسایدی میللەتانی دنیای تێدایە، بەداخەوە کورد لەوێشدا بێبەشە، بۆیە لە رێگەی خاتوو  (ئاشلی) بەڕێوەبەری نووسینگەی کەنەدا لە هەولێر، لە ناوەڕاستی ساڵی
2019دا پەیوەندییمان پێوە کرد و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە ئامادەیی هاوکاری دەربڕی، ئێمە لە رێگەی هەندێک لە دۆستەکانمانەوە نامەمان بۆ مۆزەخانەکە نارد و ئامادەیی خۆمان دەربڕی خۆبەخشانە دەتوانین هاوکاریان بین و هەرچی پێویست بکات دەربارەی کورد پێشکەشیان بکەین لە رێگەی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەکەوە.
لە وەڵامدا پێخۆشحاڵ بوون بە پێشنیازەکەمان و بەداخەوە کۆڤید 19 بەرنامەکانی لێ تێکداین و تا ئێستاش هەر لە هەوڵداین ئەو لینکە دروست بکەینەوە .

*ئەی هەنگاوەکانتان بۆ تەواوکاریی مۆزەخانەی جینۆساید گەیشتووەتە کوێ؟ 
-وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، ئێمە لە قۆناغی یەکەمی کارەکانماندا کە پاککردنەوە و رێکخستن و ئامادەکردنی بیناکـــــە بوو لـــــــە 90 ٪ی کـــارەکانمان تەواوکردووە، بۆ قۆناغی دووەم هەموو ئەو پێداویستییانەی پێشتر باسمان کردن ئامادەکراوە و هەمووی دیزاینی بۆ کراوە، ماوەتەوە سەر جێبەجێکردنی کە ئەمەش بەداخەوە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە کارەکانمان سستیی بە خۆیەوە بینیوە و چاوەڕوانین جوامێرێک ئامادەیی دەرببڕێت بۆ خەرجکردنی بودجەی پرۆژەکە، چونکە بەداخەوە ناتوانین چاوەڕێ بین حکومەت هاوکاریمان بکات و نە ئێستا و نە رابردووش هیچ هاوکارمان نەبوون. 
هەرچەندە لە ساڵی 2014دا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای سەردانی مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە، وتی: لە راستیدا باوەڕم نەدەکرد ئەم کارە مەزنەتان کردووە، هەروام دەزانی هۆڵێکە و بە میدیاکان گەورەتان کردووە، دواتر پێی راگەیاندنم کە بۆ پرۆژەکانمان بڕی یەک ملیۆن دۆلارمان پێشکەش دەکات بە داخەوە هەر چاوەڕێین.

*پەیامی سەرەکی مۆزەخانەکە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە چییە و چۆن و بە چ میکانزمێک کاری لەسەر دەکەن؟ 
-لە راستیدا ئەگەر تا دوێنێ ئێمە بە بێدەنگی و بە شاراوەیی قەتڵو عام کرابێتین، ئەمڕۆ دەمانەوێت بە ئاشکرا باس لەو تاوان و نەهامەتییانە بکەین کە بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە، دەمانەوێت ئێمەی کوردیش وەک مرۆڤ لەسەر نیشتمانی خۆمان بە ئاشتییانە بژین و بە زمانی خۆمان تەعبیر لە بیر و بۆ چوونەکانمان بکەین، دەمانەوێت بە دنیای رابگەیەنین ئێمە ئاشتیخوازین و شەڕمان ناوێت.

*چۆنێتیی ئەنجامدانی کارەکانی مۆزەخانەکە بەچ شێوازێک بووە؟
-جگە لەوەی توانیمان مۆزەخانەکانی خۆمان لەناو ئەمنە سوورەکە بە دیزاین و توانای ستافێکی شارەزا بگەیەنینە ئاستی دامەزراندن و گونجاو، دەمەوێت کەمێک راوەستم و بڵێم سەرەتا کاتێک بڕیاریاری دامەزراندنماندا، هیچ کەسێکمان لەگەڵ نەبوو، کە ئەزموونی دامەزراندنی مۆزەخانەی هەبێت، بەڵام دڵسۆزیی ئەو برادەرانەی پێکەوە کارمان دەکرد، توانیمان هەنگاوی باش بنێین و شارەزایی و ئەزموون دەستەبەربکەین و کاری دامەزراندنی مۆزەخانەکە پێش بخەین. 
ئەم ستافە، ئێستا ئەوەندە ئەزموونیان هەیە کە بێ دوودڵی، دەتوانین پسپۆرانە نەک تەنیا لە مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە، لە مۆزەخانەکانی تریش کاربکەین و هاوکاریان بین و بە پشتیوانی شارەزایی و ئەزموونی ئێستای ئەم ستافە، هەرگیز بیرمان لە هێنانی ستاف لە دەرەوە نەکردۆتەوە و بۆ ئەم کارەش هیچ یەکێکمان ئیفاد نەکراوین تا ئەزموونی وڵاتانی دیکە لەگەڵ خۆمان بێنینەوە.
دەمەوێت بڵێم باوەڕمان بە توانا و کەرەستە خۆماڵییەکان هەبووە لە پێناوی دەستەبەرکردنی ناسنامەیەکی تایبەت بەخۆمان و ئەگەر دواڕۆژیش لۆبی کوردی توانی لە وڵاتێک مۆزەخانەیەک دابمەزرێنێت، ئێمە بێ دوودڵی هاوکاریان دەبین و بەو دیزاین و رەنگانەی کە بەکارمانهێناوە. 
دەمانەوێ ئێمەش وەک هۆڵۆکۆست و ئەرمەن و گەلانی تری دنیا بە مۆزەخانەکانماندا بناسرێینەوە و ببینە بەشێک لە کەلتووری مرۆڤدۆستانەی گەلان.
ساڵی  1979 سەدام لە عیراقدا دەسەڵاتی گرتەدەست و یەكێك لە بڕیارە دیكتاتۆرییەكانی، جێبەجێكردنی پرۆژەی ناوەندی سەركوتكاری بوو لەژێر ناوی (مدیریەتی ئەمنی عامە) بۆ سەرجەم شارەكانی عیراق، بەڵام سلێمانی بوو بە یەكەمین شار كە ئەم پرۆژەیەی تیادا ئەنجامدرا و بەهۆی كاریگەریی سیاسیی شارەكەوە، پرۆژەكە بە قەبارەیەكی گەورەتر لە شارەكانی دیكەی عیراق بنیاتنرا، چونكە شاری سلێمانی لە رووی سیاسی و كەلتورییەوە، شارێكی سەركێش و سەرچاوەی شۆڕشەكانی كورد بووە.

ئۆفیسی مۆزەخانە
 ئەم بینایە لەسەر رووبەری 250 م 2 لە قۆناغی یەكەمی بنیاتنانی بەڕێوەبەرایەتیی 1 ئەمنی سلێمانی ئەمنەسوورەكە دروستكراوە، كە لە دوو نهۆم پێكدێت
نهۆمی یەكەم رێستۆرانتی تایبەت بە بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی رژێمی بەعسی رووخاو و نهۆمی دووەمیش هۆڵی كۆبوونەوەكانیان بووە.
لە ساڵی  1999 دا وەكو یەكەم هەنگاوی بنیاتنانی مۆزەخانەكە، دەستكرا بە نۆژەنكردنەوەی ئەم بینایە و نهۆمی یەكەمی كراوە بە ئۆفیسی بەڕێوەبەرێتیی مۆزەخانە و نهۆمی دووەمیش كراوە بە كتێبخانەیەكی تایبەت بۆ كۆكردنەوەی سەرچاوەی مێژوویی و جینۆسایدی كورد.

مۆزەخانەی پێشمەرگە
ئەم باڵەخانەیە، دوو نهۆمە و رووبەرەكەی  370 م 2، كە بریتییە لە  16  ژوور، لە ساڵی 1984 لەلایەن رژێمی رووخاوی بەعس و لە قۆناغی دووەمدا تەواوكراوە. ئێستا كراوە بە مۆزەخانەی پێشمەرگە، كە تایبەتە بە نماییشكردنی وێنە و چالاكیی شاخ و ناوی شەهیدان و پەیكەر و كەرەستەی پێشمەرگە و رێكخستنەكان لە شۆڕشی نوێدا، لە ساڵی 2011 دا كاری دیزاینی لەلایەن ئاكۆ غەریب-ەوە بۆ كراوە.

هۆڵی گەلەری
لە سەردەمی رژێمی بەعسدا، لە قۆناغی دووەم و لەسەر رووبەری  950 م 2 دروستكراوە و بۆ گەراجی ئۆتۆمبێلی كارمەندان و ئەفسەرەكانیان بەكارهاتووە. ئێستا كراوە بە هۆڵی گەلەری بۆ نماییشكردنی كاری هونەریی هونەرمەندانی شێوەكار لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی، كە ساڵانە چەندین پێشانگای تێدا دەكرێتەوە.

مۆزەخانەی کۆڕەو
ئەم بەشە لە هۆڵێك بە رووبەری 190 م 2 پێكهاتووە، كە لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا شوێنی نووستن و حەوانەوەی كارمەند و سەربازەكانی ئەمنەسوورەكە بووە و لە قۆناغی دووەمدا دروستكراوە. ئێستا كراوە بە مۆزەخانەی كۆڕەو، بۆ نماییشكردنی وێنە و مێژووی كۆڕەوە مەزنەكە.
دوای راپەڕینی بەهاری 1991خەڵكی كوردستان لە 1/4/1991 بەرەو سنووورەكانی ئێران و توركیا ئاوارەبوون. ئەم كارەساتە هەموو دنیای بەئاگا هێنایەوە و نەتەوە یەكگرتووەكانی ناچاركرد بڕیاری 688 ی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی گەلی كورد دەربكات.

 هۆڵی سینەمای یەڵماز گۆنای
ئەم بەشە لە دوو نهۆمی لێكدراو پێكهاتووە، كە رووبەرەكەی 190 م 2یە، لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا شوێنی نوووستن و حەوانەوەی كارمەند و سەربازەكانی ئەمنەسوورەكە بووە و لە قۆناغی دووەمدا دروستكراوە. ئەم بەشە، كاری دیزاینی لەلایەن ئاكۆ غەریب-ەوە بۆ كراوە و لە ساڵی  2005 دا لەلایەن ستافی تایبەتی مۆزەخانەوە دەستكراوە بە دروستكردنی ئەم هۆڵە و لەرۆژی
(21/3/2009) دا كراوەتەوە و زیاتر لە 100 كورسیی تێدایە و بەكاردێت بۆ نماییشكردنی فیلمی دۆكیومێنتاری و فێستیڤاڵ و چالاكیی هونەریی ناوخۆیی و جیهانی.

مۆزەخانەی ئەنفال 
ئەم بەشە لە دوو نهۆمی لێكدراو پێكهاتووە، كە رووبەرەكەی 190 م 2یە، لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا شوێنی نوووستن و حەوانەوەی كارمەند و سەربازەكانی ئەمنەكە بووە و لە قۆناغی دووەمدا دروستكراوە.
ئەم مۆزەخانەیە، كاری دیزاینی لەلایەن ئاكۆ غەریب-ەوە بۆ كراوە و لە رۆژی 26/8/2013 لەلایەن ستافی تایبەتی مۆزەخانەوە دەستكراوە بە كاركردن تیایدا و لە رۆژی) 8/11/2014 بە رووی میواناندا كراوەتەوە، كە تایبەتە بە نماییشكردنی ناو و وێنەی قوربانییانی تاوانەكانی پرۆسەی سەربازیی ئەنفال، كە لەلایەن سوپای رژێمی رووخاوی بەعس، كە لەنێوان  سەرەتاکانی مانگی (2/ 1988 تا 6/9/1988)  ئەنجامدرا، بە مەبەستی جینۆسایدكردن و لەناوبردن و قەتڵوعامكردنی خەڵكی كوردستان كە بەهۆیەوە نزیكەی 182,000 كورد ئەنفال كران.

 



مۆزەخانەی شەهیدانی شەڕی داعش
ئەم بەشە لە دوو نهۆمی لێكدراو پێكهاتووە، كە رووبەرەكەی  190 م 2یە، لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا شوێنی نوووستن و حەوانەوەی كارمەند و سەربازەكانی ئەمنەسوورەكە بووە و لە قۆناغی دووەمدا دروستكراوە.
لە مۆزەخانەی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش-ی تیرۆریستدا، تەواوی ناو و وێنەی هەموو ئەو شەهیدانەی كە لە شەڕی دژ بە هێزەكانی داعشدا شەهید بوون لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان لە سوریا، نماییشكراون.
ئەم مۆزەخانەیە، كە یەكەمین مۆزەخانە بوو بۆ ئەو جەنگەی كە بەرۆکی جیهانی گرت، كاری دیزاینی لەلایەن ئاكۆ غەریب-ەوە بۆ كراوە و لە ساڵی  2014 دا لەلایەن ستافی تایبەتی مۆزەخانەوە دەستكراوە بە كاركردن تیایدا و لە رۆژی 16/9/ 2017 بە رووی میواناندا كراوەتەوە.

مۆزەخانەی مین 
ئەم بەشە، پێكهاتووە لە هۆڵێك بە رووبەری  190 م2، كراوە بە مۆزەخانەی مین، كە تایبەتە بە نماییشكردنی هەموو ئەو جۆرە مینانەی لە ساڵی 1960 بەدواوە لە چیاكانی كوردستان و سەر سنووورەكان چێنراون و بوونەتە گەورەترین مەترسیی مەرگ بۆ سەر خەڵكی سڤیلی گوندەكانی كوردستان و ناوی هەزاران شەهیدی قوربانیی مینی تێدا نماییشكراوە.
مۆزەخانەی مین، كاری دیزاینی لەلایەن ئاكۆ غەریب-ەوە بۆ كراوە و لە ساڵی  2012 دا لەلایەن ستافی تایبەتی مۆزەخانەوە دەستكراوە بە دروستكردنی و لە رۆژی 2014/11/8 بە رووی میواناندا كراوەتەوە.

مۆزەخانەی خۆڕاگری
لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا، ئەم بەشە لەسەر رووبەری 320م 2 دروستكراوە، لە  7 ژوور پێكهاتووە، كە بریتیبووە لە بەشی لێكۆڵینەوە و بەڕێوەبردنی زیندانەكان، كە هەر ژوورێك تایبەت بووە بە بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی لێكۆڵینەوە و حاكمێكی كارتۆنی.
ئێستا كراوە بە مۆزەخانەی خۆڕاگری و تایبەتە بە ناو و وێنەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی لە ئەمنەسوورەكەدا گیراون، هەروەها بەڵگە و ساتی گوللەبارانكردنی گەنجان و هاووڵاتییان و یادگاری و نامە و كاری دەستیی زیندانییانی سیاسیی كوردستانی تێدا نماییشكراوە.
ئەم مۆزەخانەیە، كاری دیزاینی لەلایەن ئاكۆ غەریب-ەوە بۆ كراوە و لە ساڵی 2017 دا لەلایەن ستافی تایبەتی مۆزەخانەوە دەستكراوە بە كاركردن تیایدا و لە  19 / 12 / 2019 بە رووی گەشتیاراندا كراوەتەوە.

کەلوپەلی بەجێماو و دەستکردی زیندانییەکان

 

 

ئەم مۆزەخانەیە، كاری دیزاینی لەلایەن ئاكۆ غەریب-ەوە بۆ كراوە و لە رۆژی 26/8/2013لەلایەن ستافی تایبەتی مۆزەخانەوە دەستكراوە بە كاركردن تیایدا و لە رۆژی  8/11/2014 بە رووی میواناندا كراوەتەوە، كە تایبەتە بە نماییشكردنی ناو و وێنەی قوربانییانی تاوانەكانی پرۆسەی سەربازیی ئەنفال

مۆزەخانەی زیندانەکان
ئەم بینایە، لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعس و ساڵی  1987  و لە قۆناغی سێیەمدا، لەسەر رووبەری  630 م 2 وەك بینایەكی ئاسایی دروستكراوە، دواتر دیزاینی ئەم بینایە گۆڕاوە بۆ زیندان، كە لە دوو نهۆم پێكهاتووە و ناسراوە بە بەشی زیندانەكان، بریتیبووە لە زیندانی ژنان و منداڵان و پیاوان و زیندانی ئینفرادی و بەشی ئەشكەنجەدان. ئێستا بەشەكانی ئەم زیندانانە وەكو خۆی ماونەتەوە و یادگاری و نوووسینی زیندانییەكان پارێزراون. هەروەك چەندین پەیكەری تێدا نماییشكراوە، كە هێمان بۆ شێوازەكانی ئازار و ئەشكەنجەدانی زیندانییان.
مۆزەخانەی زیندانەكان، لە ساڵی 2000 دا دەستكراوە بە كاركردن تێیدا و تەواوکردنی.

ساڵی  1979 سەدام لە عیراقدا دەسەڵاتی گرتەدەست و یەكێك لە بڕیارە دیكتاتۆرییەكانی، جێبەجێكردنی پرۆژەی ناوەندی سەركوتكاری بوو لەژێر ناوی (مدیریەتی ئەمنی عامە) بۆ سەرجەم شارەكانی عیراق، بەڵام سلێمانی بوو بە یەكەمین شار كە ئەم پرۆژەیەی تیادا ئەنجامدرا و بەهۆی كاریگەریی سیاسیی شارەكەوە

کۆفی نێت
لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا، ساڵی 1984 و لە قۆناغی دووەمدا و لەسەر رووبەری 370 م 2 دروستكراوە و چێشتخانەی ئەمنەكان بووە. ئێستا كراوە بە كافتریا بۆ میوانانی مۆزەخانە و لە هەمان كاتدا ئێوارەی مۆسیقی و شیعری و سیمیناری رۆشنبیری و ناساندنی كتێبی نووێ‌ بۆ نوووسەران و شاعیران و رۆشنبیران و هونەرمەندانی گەلەكەمانی تێدا سازدەكرێت.

مۆزەخانەی کەلەپووری کورد
لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، ئەم بینایە لەسەر رووبەری 250 م 2 بە 3 نهۆم لە قۆناغی دووەم و لەساڵی 1984 دروستکراوە و بەشی کۆنترۆڵکردنی حاڵەتی ئەمنی بووە لە شاری سلێمانی. هەر لەم بەشەدا چاودێریی چاپەمەنییەکانی شاری سلێمانی بووە. 
بۆیە ئێستا کراوە بە مۆزەخانەیەکی کەلتووری بۆ نمایشکردنی فەرش و جل و بەرگ و موورو و کەرەستەی فۆلکلۆری. 

                  بەشی زیندانی ژنان                                                                             

گۆڕەپانی چەکە قورسەکان 
لە سەردەمی رژێمی رووخاوی بەعسدا گۆڕەپانێكی ئاسایی بووە كە رووبەرەكەی1500 م2 یە. لە راپەڕینی بەهاری 1991 دا، ئەم گۆڕەپانە هەڵدراوەتەوە، چونكە لەلایەن خەڵك و پێشمەرگەوە گومان دەكرا زیندان و راڕەوی نهێنیی تێدا بێت، بەڵام بە پێچەوانەی هەموو گومانەكانەوە هیچ شتێكی لەو جۆرە بوونی نەبوو. ئێستا كراوە بە مۆزەخانەیەك بۆ نماییشكردنی ئەو تانك و تۆپ و گوازەرەوە سەربازییانەی كە لە سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاودا بۆ جینۆسایدكردنی كورد بەكارهێنراون. ئەم گۆڕەپانە، لە ساڵی  2004 دا دەستكراوە بە كاركردن تێیدا و هەمان ساڵ تەواوكراوە.

مۆزەخانەی ئاوێنەکان
مودیریەتی ئەمنی سلێمانی (ئەمنەسوورەكە) ئەم راڕەوەی گرێدابوو بە پرسگەیەكی تایبەت، كە تەرخانكرابوو بۆ هاتوچۆی ئەفسەر و كارمەندان و جاسووسەكانیان. لێرەوە دەهاتنە نێو ئۆفیس و بەشی تایبەت بە ئەفسەرەكانیان. ئەم راڕەوە درێژییەكەی 57  مەترە و لە قۆناغی یەكەمی دروستكردنی ئەمنەسوورەكەدا بنیاتنراوە.
ئێستا لە شێوەی ئەشكەوتێكدایە، كە بیرۆكەكەی لەلایەن خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد-ەوە داڕێژراوە و دیوارەكانی رووپۆشكراوە بە 182.000 پارچە ئاوێنە، كە سیمبولە بۆ ژمارەی ئەنفالكراوان لە خەڵكی سڤیلی هەرێمی كوردستان. سەقفەكەشی داپۆشراوە بە زیاتر لە  5000  لامپ، كە سیمبولە بۆ ژمارەی راگواستن و رووخان و وێرانكردنی دێهاتەكانی هەرێمی كوردستان. لە ساڵی 2002دا دەستكراوە بە جێبەجێكردنی پرۆژەكە بە ناوی (مۆزەخانەی ئاوێنەكان) و لە ساڵی 2004دا بە رووی گەشتیاراندا كراوەتەوە.

رووکاری دەرەوەی بینای ئەمنەسوورەکە

مۆزەخانەی جینۆساید
 ئەم باڵەخانەیە، لەسەر رووبەری  550 م 2، بە چوار نهۆم و ژێر زەمینێك ساڵی1983-1979 لەلایەن رژێمی رووخاوی بەعس و لە قۆناغی یەكەمدا تەواوكراوە. 
بەشی بەڕێوەبردنی ئەمنی ئابووریی لەخۆگرتووە. لە نهۆمی یەكەمدا، بەشێكی تایبەتبووە بە بەڕێوەبەر و ژێر زەمینەكەشی وەكو زیندان بەكارهاتووە. لە نهۆمی دووەمدا، بەشێكی زیندان بووە، تا ئەو كاتەی بەشی زیندانەكان لەناو ئەمنەسوورەكەدا تەواوبووە. ساڵی  2020  لەلایەن ئیدارەی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكەوە، بڕیاردرا بكرێتە (مۆزەخانەی جینۆساید) بۆ پیشاندانی ئەو كۆمەڵكوژی و جینۆسایدانەی كە بەسەر كورد و گەلانی دنیادا هاتوون.

تێبینی: ئەم بەشە ئێستا كاری تێدا دەكرێت و بە رووی میواناندا نەكراوەتەوە و پاش تەواوبوونی بە شێوەیەکی شایستە دەکرێتەوە.
پرۆفایل
ئاکۆ غەریب:
-1962  لەشاری سلێمانی لەدایک بووە.
-1984 بۆ 1985 پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی بەشی شێوەکاری تەواوکردووە.
-1985 پەیوەندیی کردووە بە شۆڕشی نووێوە وەک هونەرمەندێکی پێشمەرگە.
-لە راپەڕینی 1991دا لە سوریاوە گەڕاوەتەوە کوردستان و لە راگەیاندندا دەستیکردووە بە خزمەت و کارکردن.
-1992 دامەزرێنەر و یەکەم لێپرسراوی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لە هەولێر بووە.
-1997 یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی خاک و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری سیخورمە.
-دامەزرێنەری خانەی سمۆرە بووە بۆ رۆشنبیریی منداڵان لە حکومەتی هەرێم (سلێمانی).
-ئێستا بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکەیە لە سلێمانی.
ئەم کتێبانەی چاپ و بڵاوبوونەتەوە
-32 کتێبی تایبەت بە منداڵان
-چوار بەش لە کتێبی هەزار و یەک پرسیار، بۆ منداڵان.
-زمانی کاریکاتێر، وەرگێڕانی لەفارسییەوە.
-مێژووی هونەری بیناسازی بەشی یەکەم هەولێر و بەشی دووەم کۆیە.
-سێ بەرگی ئەلبومی (فەرش، کڵاو، خورج) کوردی. 
-کورد و نیشتمانەکەی، وەرگێڕانی لەفارسییەوە.
ئەم کتێبانەشی ئامادەیە بۆ چاپ
-زمانی کارکاتێر، دووبەرگ، وەرگێڕانی لە فارسییەوە.
-رێنسانس، وەرگێڕان لە فارسییەوە.
-مێژووی هونەریی بیناسازی، سلێمانی، بەشی سێیەم .
-تەنز لە شیعری کوردیدا، نوووسین.
-پانۆرامای (مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکە تا لەیادمان نەچێت).

 

 

مۆزەی شەهیدانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش

بابەتە پەیوەندیدارەکان