كۆسرەت رەسوڵ عەلی: بۆ سەرپەرشتیی ئازادكردنی هەولێر راسپێردرام

03:24 - 2025-03-11
کوردستان
89 جار خوێندراوەتەوە

جەماوەری خۆڕاگر و تێكۆشەری شاری هەولێر
ساڵیادی راپەڕین و رزگاركردنی هەولێری پایتەخت؛ هەولێری قەڵا و منارە، لە هەمووتان پیرۆزدەكەم و ئومێددەكەم ئەم رۆژە مێژووییە ببێتە وێستگەیەكی گرنگ بۆ پاراستنی یەكڕیزیی ناوماڵی كورد و گەیشتن بە ئامانج و ئاواتە وەدینەهاتووەكانمان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان.
(34) ساڵ لەمەوبەر، بەشانازییەكی گەورەوە لەلایەن بەرەی كوردستانی، بۆ سەرپەرشتیی ئازادكردنی هەولێر راسپێردراین، لەگەڵ بروسكەی (لە باوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، لێتانەوە نزیكین دەستبەكاربن) لەگەڵ خەڵكی شارەكەدا، شانە چەكدارەكان و رێكخستنە نهێنییەكان راپەڕین و لە كەمترین كاتدا شارەكەمان لە رژێمی بەعس پاككردەوە و جاڕی سەركەوتنمان لێدا، لەبەردەم قەڵای سەربەرزی هەولێر سەركەوتنمان راگەیاند.
هەولێرییە تێكۆشەرەكان
بەدرێژایی مێژوو، هەمیشە هەولێر چەقی ململانێ بووە و هەولێرییەكان قارەمانانە و خۆڕاگرانە بەرەنگاری دوژمن بوونەتەوە و سەروەرییان تۆماركردووە، بۆیە ئەركی هەموومانە، بەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی شارەكە و خەڵكەكەی بكەین و لەئاست مێژوو و گەورەیی هەولێر بین، هەولێر بكەینە نموونەی پێكەوەژیان و خزمەتكردن بەبێ جیاوازی، نابێت كەسمان ئەوەمان لەبیربچێت كە هەمیشە هەولێرییەكان میواندۆست و بەوەفا و خاوەن هەڵوێستن.
‎جارێكی تر ئەم رۆژە پیرۆزە لە پێشمەرگە قارەمانەكان، كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر و تەواوی خەڵكی هەولێر پیرۆزدەكەم و سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەڕین دادەنوێنین.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی

#کۆسرەت رەسوڵ عەلی

بابەتە پەیوەندیدارەکان