ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ لە بەردەم مەترسیدایە

10:45 - 2022-08-02
ڕاپۆرت
568 جار خوێندراوەتەوە
#پڕۆژەی ئاوی خاس

راپۆرتی/ جێگر خدر

دوای دروستکردنی بەنداوی کۆڵەسە لە نزیکی سەردەشت-ی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران چەند ساڵێکە لە وەرزی هاویندا ئاوی زێی بچووک تاو ناتوێک دەگرێتەوە. 

تاکە چارەسەر دروستکردنی بەنداوی دەڵگەیە
لەمساڵدا چوارەمین جارە ئاوی زێی بچووک دەگیرێتەوە، راستەوخۆ ئاوی ئەم زێیە دەڕژێتە پڕۆژەی ئاوی خاس، لە سنووری قەزای پشدەر، کە ئاوی خواردنەوە بۆ تەواوی دانیشتووانی شاری قەڵادزێ دابین دەکات، محەمەد حەسەن بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ رایگەیاند: داوامان کردووە چارەسەری کۆتایی ئەو گرفتە بکرێت، کە دوچاری ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ و بەشێکی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری قەزای پشدەر هاتووە.
دەشڵێت: ئاوی خاس، کە دابینکەری ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێیە، ئێستا لەبەردەم مەترسیدایە و ئەو چارەسەرانەی وەک فەرمانگە و  بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین بۆی دەکەین کاتییە، بەڵکو تاکە چارەسەری بنەڕەتی دروستکردنی بەنداوی دەڵگەیە لە پشدەر کە ماوەیەکی زۆرە بەڵێنی دروستکردنی دراوە.
بەدرخان مەحمود ئەندازیاری پڕۆژەی ئاوی خاس لەو بارەیەوە دەڵێت: ئێمە وەک پڕۆژە هەرجارێک ئێران ئاوەکە دەگرێتەوە، چارەسەرێکی کاتی بۆ دەکەین، بە دروستکردنی بەربەستی بەردین، ئەمە بۆ چەندەمین جار دووبارەی بکەینەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، دروستکردنی بیری قووڵ لەبەردەم پڕۆژەکە چارەسەرێکی کاتی-مەودا درێژترە و داوامان کردووە جێبەجێ بکرێت، هەروەها چارەسەری کۆتاییش، دروستکردنی بەنداوی دەڵگەیە.

نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و بەڕێوەبەرانی بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشت

کشتوکاڵ و سامانی ماسی زیانیان پێدەگات
راشیدەگەیەنێت، جگە لە ئاوی خواردنەوەی نێو شاری قەڵادزێ، بە گرتنەوەی ئەو ئاوە لەو دیوەوە، زەویە کشتوکاڵییەکانی ئەو سنوورە دووچاری کەمئاوی دەبن و زەرەر و زیانێکی زۆر بە جووتیارانی ئەو ناوچەیە دەکەوێت، هەروەها پڕۆژەیەکی زۆری حەوزی ماسی کە پشتیان بە ئاوی زێی بچووک بەستووە لەو سنوورە هەن، کاتێک ئاوەکە دەگیرێتەوە ئەوانیش پشتاو دەبن و دیسانەوە زیان بەو خاوەن پڕۆژانە دەگات.
وتیشی، گرفتی هەرە گەورە نەبوونی هەماهەنگییە لەگەڵ ئێران و بەڕێوەبەرانی بەنداوی کۆڵەسەی سەردەشت، ئێمە نازانین ئێران کەی ئەو ئاوە دەگرێتەوە و کەی دەیکاتەوە، بۆیە لەگەڵ دیزاینی پڕۆژەکەی ئێمەدا زۆرجار گرفت دروست دەبێت لەگەڵ ئەو بەربەستە کاتیانەی دروستی دەکەین.
جگە لە ئاوی خواردنەوە و ئاودێری کشتوکاڵیی سنوورەکە و زیانگەیاندن بە سامانی ماسی، لەلایەکی دیکەوە کۆتایی هەفتەی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە زاری شایەتحاڵەکانەوە رایگەیاند: بەهۆی بەردانەوەی لەناکاوی ئاوی زێی بچووک، کەڵەکی چەند گەشتیارێک لەسەر زێی بچووک لە سنووری قەزای پشدەر وەردەگەڕێت و لە ئەنجامدا کەسێک گیان لە دەست دەدات.
زێی بچووک لە دیوی ئێرانەوە دەڕژێتە هەرێمی کوردستان، لەپشدەرەوە بەرەو دەریاچەی دوکان دەڕوان، گرتنەوەی ئاوەکە راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ئاوی خواردنەوەی پشدەر و بەشێکی زۆری سنووری پارێزگای سلێمانی و کارەبای نشتیمانی کە لە بەنداوی دوکانەوە بەرهەم دەهێنرێت. هەروەها بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنووری پارێزگاکە پشتیان بە سەرچاوەی ئەو زێیە بەستووە.
دروستکردنی بەنداوی دەڵگە، کە دەكەوێتە سەر رووباری زێی بچووك لە ناحیەی ئیسێوەی سەر بە قەزای پشدەر، بە وتەی شارەزایانی ئاو، دەتوانێت گرفتی كەمئاوی بۆ دانیشتووانی قەزای پشدەر چارەسەر بكات، هاوکات لە توانایدا دەبێت  نزیکەی 100هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی بەراوبکات،  وێڕای سودی زۆری لە رووی گەشتیاری ‌و سامانی ماسییەوە، ئەو بەنداوە لە ساڵی (2007)ەوە دەستكراوە بە بونیادنانی، بەڵام ئێستا كاركردن تێیدا وەستاوە. ئەگەرچی لەم کابینەیەدا و لە کابینەکانی پێشوتریشدا بەڵێنی جێبەجێکردنی چەند جارێک دراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان