حەوت وڵاتەکەی ئەندامی G7 لە کەنەدا کۆبوونەوە و ڕاگەیەندراوی کۆتاییان بڵاوکردەوە، جەختیان لە یەکگرتوویی نێوانیان کردەوە و هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێیان لە ڕووسیا کرد ئەگەر ئاگربەست لە ئۆکرانیا قبوڵ نەکات.
لە کۆبونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوەی G7 پشتیوانییان بۆ یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و داوای ڕێوشوێنی ئەمنییان کرد بۆ ڕێگریکردن لە هەر "دەستدرێژییەک". هەروەها، پشتگیری پێشنیازی ئاگربەستی ٣٠ ڕۆژەی ئەمریکایان کرد.
هاوکات رایانگەیاند ئەگەر ڕووسیا ڕازی نەبێت، سزای زیاتر دەخرێتە سەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە، پاڵپشتی زیاتر بۆ ئۆکرانیا دەنێردرێت و ڕێکاری دیکەش دەگیرێتەبەر.
G7 هەریەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و ئەمریکا لەخۆدەگرێت، لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتە نوێکانی بۆ سەپاندنی باج بەسەر وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا، نادڵنیایی لە پەیوەندییەکانی ئەو گرووپەدا دروستبووە.