رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، فشارى دروستکردووە بۆ رێککەوتنی هەسەدە و ئیدارەى نوێی دیمەشق.
رۆژنامەکە لە زارى ژمارەیەک ئەفسەری ئەمریکییەوە نووسیویەتی، سوپای ئەمریکا لە پشتی پەردەوە رۆڵێکی دیپلۆماسیی گەورە لە سووریا دەگێڕێت، ئەویش لەڕێگەی نێوەندگیریی نێوان هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی نوێی سووریاوە. هەوڵی هێزەکانی ئەمریکاش لەپێناو بەرقەراربوونی ئاسایش و رێگەگرتنە لە دووبارەبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی لەو وڵاتە.
هەر بەگوێرەى رۆژنامەکە، ئەمریکا هەوڵدەدات رۆڵی لە وێناکردنی داهاتووی سووریادا هەبێت، ئەویش لەڕێگەی هاندانی سوپای سووریای ئازاد کە سەربە تورکیان، بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع.
ئەو ئەفسەرانەی سوپای ئەمریکا جەختیانکردووەتەوە، هەڕەشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ کشانەوە لە سووریا، رۆڵی هەبووە لە فشارکردن بۆسەر هەسەدە، بۆ دانوستانی راستەقینە لەگەڵ دیمەشق و رێککەوتن لەگەڵ ئیدارەى نوێی ئەو وڵاتە.