راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
ئاراس عابد بۆکوردستانی نوێ : ئەگەر ئەنجامی پشکنینی ئەو منداڵانەی هاتوونەتەوە بە تەواویی راست دەرچن، دەیان خێزانی دیكەش دێتە پێشەوە بۆئەوەی داوای دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانیان بكەن
چرۆ حەمە شەریف بۆ کوردستانی نوێ : دوو ساڵە وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئامادەیە بەدواداچوون بۆ کەیسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بکات، بەڵام هەرێم داتای بۆ نەناردوون دەست بە رێکارەکان بکەن
لە 16ی ئاداری 1988 لەلایەن فڕۆكەكانی رژێمی بەعسەوە شاری هەڵەبجە كیمیابارانكرا، لە ئەنجامدا 5000 هاووڵاتی هەڵەبجە شەهیدكران و 10 هەزار هاووڵاتی دیكە برینداربوون، هەروەها بووە هۆی ونبوونی دەیان منداڵی هەڵەبجە كە تائێستاش زۆربەی ئەو منداڵانە نەدۆزراونەتەوە.
شەونم عەبدوڵڵا پێش کیمیابارانەکە، بۆ پرسەی خاڵی لە سلێمانییەوە لەگەڵ دوو منداڵەکەی دەچێتە هەڵەبجە، دووگیان بووە و لەوێ منداڵەکەی لەدایک دەبێت، رۆژی 14/3/1988 بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی خۆی و کۆرپەکەی رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێن لە سلێمانی، دایکی لەگەڵی دەبێت و دوو منداڵەکەی لە ماڵی باوکی لە هەڵەبجە بەجێدەهێڵێت، شەونم دەڵێت: ئەوە کۆتا دیدارمان بوو، هەڵەبجە کیمیاباران کراو دوو منداڵەکەم لەگەڵ پێنج خوشک و برام تائێستا بێسەرو شوێنن، نازانم ناویان لێبنێم شەهید یاخود ونبوو؟
وتیشی: پاش 37 ساڵ چاوەڕوانی هیچ سۆراغێكیان نازانین، ئەوەندە ساڵ تێپەڕیوە حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە منداڵانی ونبووی هەڵەبجە بە خانەوادەكانیان شاد بكاتەوە، ئێمە 74 خێزان بووین بۆ 211 منداڵی ونبوو ناوی خۆمان تۆماركردووە و پشکنینی DNAمان لێ وەرگیراوە، بۆئەوەی لە ئەگەر دۆزینەوەی هەر منداڵێك بە خانەوادەكەی شاد بێتەوە، هەڵبەتە ئەو ئامارەش ورد نییە و ژمارەی منداڵە ونبووەکان زیاترە، بەڵام هەندێك خێزان لە حكومەت بێهیوا بوون بۆیە ناویان تۆمار نەكردووە.
داواکاریی سەرپەرشتیکردنی حکومەت
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە %75ی هاووڵاتیان نازانن تەرمی شەهیدەكانیان لە كوێدایە.
ئاراس عابد جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: 78 بنەماڵە داوای شادبوونەوەیان بە 129 منداڵ دەكەن، كە منداڵەكانیان دیارنین ئەگەربێت و ئەم رێژەیە بە تەواوی ئەنجامی پشكنینەكان دەرچن و تەواوبن، دەیان خێزانی دیكەش دێتە پێشەوە بۆ ئەوەی داوای دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکانیان بكەن.
وتیشی: ئەگەر حكومەت بەجدی ئیش لەسەر كەیسەكە بكات، دەبێت لایەنێكی رەسمی متمانەپێكراو دەستنیشان بكات لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو منداڵانەی كە دێنەوە بۆ ئەوەی پشكنینی تەواویان بۆ بكرێت، رێگە نەدات هیچ كەسێك بێتەوە هەرێمی كوردستان بەبێ ئەوەی حكومەت خۆی پشكنینەكەی بۆ بكات، كە پشكنینەكەش لە ماوەیەكی زۆر كورتدا لە 10 رۆژ تا مانگێك زیاتر نەخایەنێت، لەبەرئەوەی لە رابردوودا نەهامەتییەكی زۆر بەسەر خەڵكی هەڵەبجەدا هاتووە لە كاتێكدا پشكنین بۆ خەڵك كراوە، پاشان دەرئەنجامی پشكنینەكان هەڵە دەرچوون كە هەردوولا سەرگەردان بوون، ئێستا چەندین خێزانمان
هەیە لەو بابەتە.
یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان
ئاماژەی بەوەشکرد: تەنها گەڕانەوە حساب نییە بۆ دۆزینەوەی خێزانەكان، دروستكردنی متمانە، لە رووی ئایینی، كەلتوری، پەروەردەیی و بژێوی ژیانەوە گرنگە، پێویستە حكومەت هەموو شتێك بۆ منداڵە دۆزراوەکان فەراهەم بكات، هەركەسێك دەرچوو كە منداڵی هەڵەبجە نییە، راستەوخۆ ئیزن بدرێت و جارێكی دیكە رێگە نەدرێت بەناوی هەڵەبجەوە هاتوچۆ بكات، وەك میوان بێت ئێمە پێشوازی لە هەموو میوانێك دەكەین، بەڵام پێمان قبوڵ ناكرێت كەسێك لە دادگا بسەلمێنرێت كە هەڵەبجەیی نییە جارێكی دیکە راگەیاندنەكان چاوپێكەوتنی لەگەڵ بکەن و بە ناوی هەڵەبجەوە هەڵسوكەتی لەگەڵ بكەن.
لەبارەی داواكاریی كەسوكاری ونبووەكانەوە ئاراس عابد دەڵێت: ونبووەكان داوادەكەن هەركەسێك یەتەوە، ئەوانەی پشكنینیان بۆ كراوە و ئەوانەشی پشكنینیان بۆ نەكراوە، لە شوێنێكی رەسمی پشكنینیان بۆ بكرێتەوە، یان پشكنین بۆ ئەوانە بكرێت كە ئێستا كەیسەكانیان كێشەی تێدایە، بۆئەوەی یەكلابێتەوە و هەردوولا پشووبەن لەوەی كە ئایا منداڵی ئەو خێزانەن یاخود نا.
ئامادەیی بەغدا بۆ بەدواداچوون
چرۆ حەمە شەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێی راگەیاند: 211 منداڵی ونبوومان هەیە، 74 خێزان ناویان تۆمار كردووە، كە هەركات منداڵی ونبوو هەبوو، DNA یان لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بزانن منداڵی ئەوانن یاخود نا.
وتیشی: ئێستا نزیكی 10 بۆ 11 منداڵمان دۆزراوەتەوە، ئەم منداڵە ونبووانە زیاتر لە وڵاتی ئێرانن لەبەرئەوەی هاوسنوورین، كاتی كیمیابارانەکە ئێمە هەموومان رامانكردە ئێران، لەبەرئەوە زۆربەی زۆری ئەو منداڵانەی كە ونبوون لە ئێرانن، بەڵام چەند منداڵێكی كەمیش گوایە لە خوارووی عیراق هەن.
چرۆ حەمە شەریف دەڵێت: ساڵی 2023 داوامان لە وەزارەتی دەرەوەی عیراق كرد بەدواداچوون بۆ بابەتی ونبووان بكات، دوو مانگیش پێش ئێستا ئێمە رێوشوێنەكانمان تەواو كردووە و وەزیری شەهیدانی حكومەتی هەرێممان بانگكردووەتە بەغدا، داوامان لێكرد داتای ئەو منداڵە ونبووانە كە لایانە بینێرن بۆ بەغدا، بەڵام چەند رۆژی پێشوو قسەم لەگەڵ بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عیراق كردووە، دەڵێت: تائێستا حكومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدان داتای بۆ نەناردووین تا ئێمە رێكارەكان بگرینەبەر، ئەمەش لە كاتێكدایە كە حكومەتی عیراق سەبارەت بە پرسی ونبووان هاتۆتە سەرخەت.
وتیشی: بۆ ئەمساڵ تائێستا هیچ منداڵێكی ونبوو لە ئارادا نییە رابگەیەنرێت، لەبەرئەوەی دەبێت سەردانی ئێران و نەخۆشخانەكان بكەین، ئێرانیش دامەزراوەیە ئەمەش كاتی دەوێت، بەڵام ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەو بابەتەدا لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین.