رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە سەردانێكی مەیدانیدا بۆ گەڕەكی قۆریە، بەڵێنی ژمارەیەك پرۆژەی دا و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگاكەش رایدەگەیەنێت: گەڕەكەكە، توركماننشینە و لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا بێبەشكراوە.
پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەردانەكە بۆ بازاڕ و گەڕەكی قۆرییە بوو، پارێزگار راستەوخۆ بەڵێنی جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكانی وەكو كۆنكرێتكردن و چاككردنی كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆی پێدان.
باسی لەوەشكرد كە گەڕەكی قۆرییە، یەكێكە لە گەڕەكە دێرینەكان و زۆربەی دانیشتوانەكەی لە توركمان و كورد پێكهاتوون، بەڵام بەداخەوە لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا جیاكاریی لە گەیاندنی پڕۆژەدا بۆ كراوە و پشتگوێخراوە.