ئەزموونی پێشمەرگە تەمەن حەڤدە ساڵەكە

12:16 - 2022-08-02
دووتوێ
882 جار خوێندراوەتەوە
لە راستەوە: دكتۆر یوسف، عەبدوڵڵا وسوو، ئازاد سەرسپی- دۆڵە كۆگە، 1990

ئاوات كۆكەیی

كاك عەبدوڵڵا وسوو لە تەمەنی 17 ساڵیدا بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول، لەو تەمەنە كەمەدا چەكی پێشمەرگایەتی لە شانكردووە و لە شەڕەكانی ساڵی 1974ی نێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق بەشداریكردووە.
رەنگە بۆ هەندێك چوونە نێو كۆڕی تێكۆشان و خەباتی چەكدارییەوە لەو تەمەنەدا و بەزووییش بینینی نسكۆی شۆڕشێكی گەورە، ببێتە خاڵی رووخان و ورە بەردان، چونكە هەم تەمەنەكە هی ئەوە نییە بەقوڵی بیر لە هەموو رەهەندەكانی خەبات و مەسەلە نیشتمانیی و نەتەوەییەكان، ئەگەرەكانی شكست و كەوتن و نوچدان، بكرێتەوە، هەمیش خودی رووداوەكە، رووداوی نسكۆی شۆڕشێكی گەورەی 14 ساڵە، كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بیرو بیركردنەوەی لاوێك كە تازەپێداكەوتووە و هێندەی بیری لای گەیشتنە ئامانج و سەركەوتنە هێندە بیری لە دیوەكەی دیكە نەكردۆتەوە، كە لە كۆتاییدا زۆرجار رووداوێكی ئاوا بە سەرەتای بەزین و رووخان دەشكێتەوە بۆ هەندێك كەس، بەتایبەت ئەوانەی ئەزموونی ژیانیان دەوڵەمەند نییە.
بەڵام كاك عەبدوڵڵا وسووی نەمر، ئەگەرچی لەو تەمەنەدابوو، نسكۆی شۆڕش زۆریشی ئازاردا، كەچی نەك ورەی بەرنەدا بەڵكو سوورتری كرد لەسەر بیروباوەڕی بەرەنگاری و رقی پیرۆزی شۆڕشگێڕانە، ئەو خاڵە بووە ئەزموون و لە قۆناغەكانی دواتری ژیانی پێشمەرگایەتی ئەودا، رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبوو.
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێدا پەیوەندیی بە شەهیدی سەركردە عەلی عەسكەرییەوە دەكات و بە بیروباوەڕێكی نوێوە و بە ئەزموونی پێشمەرگایەتی لە شۆڕشی پێشوودا و دواتریش شكستی ئەو شۆڕشە، دەبێتەوە بە پێشمەرگە، ئەم ئەزموون و قاڵبوونەوەیە لە بۆتەی خەباتی چەكداریدا، دەیكاتە پیاوێكی ئازای نەبەردییەكان، دەیكاتە فەرماندەیەكی بیرتیژو داڕێژەری نەخشەی درووستی هەڵكوتانە سەر داگیركەر، دەیكاتە ناوێكی دیارو درەوشاوەی شۆڕشی نوێ و نێو هێزی پێشمەرگەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
كاك عەبدوڵڵا وسووی كۆچكردوو لە ساڵەكانی پێشمەرگایەتیی شۆڕشی نوێدا قۆناغ بەقۆناغ و جار لەدوای جار زیاتر ئەستێرەی فەرماندەیی كردنی دەدرەوشایەوە، ئەوەش بە جەربەزەیی و جەسووری خۆی، هەر لە شاخدا زۆربەی پلەكانی پێشمەرگایەتی بڕی تا گەیشتە فەرماندەی تیپ كە پلەیەكی باڵای عەسكەرییە و لە شۆڕشی نوێدا لە دوای مەكتەبی عەسكەرییەوە دەهات. 
هەر لەسەرتای شۆڕشی نوێوە كە هێشتا ئەو بڕە چەك و تەقەمەنییەی پێشمەرگە كە بەشی ئەوەی نەكرد چەند خولەكێك شەڕی پێبكرێت، ئەو و هاوڕێكانی دووچاری شەڕی هێزی پڕچەكی عیراق بوون و سەریشكەوتن، هەر دوای دووساڵ لەسەرهەڵدانەوەی شۆڕش بەشداریی لە هەڵمەتی هێنانی چەك دەكات و بەرەو سوریا بەڕێدەكەون، لە ناو خاكی توركیا دووچاری ئەو گەلەكۆمەكێیەبوون كە ئەنجامەكەی بە تیاچوونی هێزەكەی یەكێتی شكایەوە و بە كارەساتی هەكاری ناوی دەكردووە، ئەمەش بۆ هەڤاڵ عەبدوڵڵا وسووی نەمر بە ئەزمونێكی دیكەی دەوڵەمەند شكایەوە بۆ دەربازبوون لەروودا و پیلان و گەلەكۆمەكێكانی دواتر و بگرە بووە هۆی سەركەوتنیش بەسەر  زۆر لەو تەڵەو پیلانانەدا.
ئەگەر بەوردی و دیقەتەوە بە تەواوی قۆناغەكانی تەمەن و خەباتی كاك عەبدوڵڵای رەحمەتیدا بچینەوە، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت چۆنچۆنی سوودی لە خاڵە لاوازەكان و لە شكست و تێكەوتنەكان بینیوە و لە دواتردا گۆڕیونی بۆ سەركەوتن و برەودان بە خەبات و تێكۆشان.
 ئەمەش ئەو ئەنجامەیە كە تێكۆشەری راستەقینە و كەسی خۆبەختكار پێی دەگات.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان