كەشتییەكەی سیسیۆس گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

دۆلوز و دیدێکی جیاواز بۆ سینەما

10:56 - 2025-03-20
ئەدەب و هونەر
653 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(20)



هەرێم عوسمانی هاوڕێم دەنگی نوساوە، بەحاڵ گوێم لە قسەکردنی دەبێت، ئەمە شتێکی باش نییە، چونکە ئێمە بەردەوام پێکەوە قسە دەکەین. ئەم هەفتەیە بە تەنها دەمێنمەوە و بەتەنها خۆم قسە دەکەم. دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و گفتوگۆ لەگەڵ (جیل دۆلوز)دا بکەم، کە نووسین و بیرکردنەوەی کاریگەریی زۆری لەسەر هزری هاوچەرخ هەبووە. پێش دۆلوز کەس وەها بیری لە سینەما نەکردۆتەوە کە کردەیەک یان چالاکییەکی فەلسەفی بێت. بەرلەوەی دەست بە خوێندنەوەی بابەتەکە بکەیت، ئاگاداربە لای دولوز فەلسەفەی سینەما بریتی نییە لە رانان یان پێداچوونەوە، یاخود رەخنەگرتن، یان خستنە رووی ژمارەیەک کۆمێنت؛ تەنانەت ئەو فیلمانەش کە بابەتێکی فەلسەفییانە نمایش دەکەن. لای ئەو سینەما خۆی چالاکییەکی فەلسەفییە کە هزر و کات و وێنە پێکەوە کۆدەکاتەوە.
دۆلوز (1995-1924) دوو کاری زۆر گرنگی دەربارەی سینەما هەیە: ‹جووڵە – وێنە› لەگەڵ ‹کات – وێنە›، ئاگادار نیم کرابن بە کوردی. لەم دوو کارەدا جەخت دەکات کە سینەما ریاڵەت(واقیع) وەک خۆی نمایش ناکات، نایگوێزێتەوە، بەڵکو زۆر چالاکانە کارێکی دیکە دەکات، چەمک و شێوازی بیرکردنەوەی نوێ دادەهێنێت. ئەم کارە چۆن دەکات؟ 
لە رێگای یارییکردن و دەسکاریی کردنێکی زۆر ناوازە و تەڕدەستانەوە بە وێنە و کات. ئەم دوو کارەی دۆلوز تەرکیزیان لەسەر فیلم وەک بەرهەمێکی ئیستاتیکی نییە، بەڵکو پێشنیاری رێگای تازەی بیرکردنەوە لە سینەما دەکەن. بۆ ئەم کارە زۆر سوود لە تیۆرەکەی (هینری بێرگسۆن) دەربارەی کات و درککردن وەردەگرێت؛ هەروەها کار لەسەر سیمیۆتیکەکەی (پیرس) و فینۆمینۆلۆجیاکەی (مێرلۆپۆنت)یش دەکات. تێگەیشتنی ئەو لە سینەما ئەوەیە هونەرێکە چالاکییەکی فەلسەفییانەی هەیە.

 

هێنری بێرگسۆن (1859 - 1941)

لای دۆلوز سینەما فۆرمێکی هونەریی نییەو هیچی دیکە، بەڵکو ئەو دەڵێت ‹شێوازێکی بیرکردنەوە› یە، ئەمەش تایبەتمەندێتییەکە تەنها خۆی هەیەتی. چونکە وەک باوە، فەلسەفە کار لەسەر چەمکەکان دەکات، بەڵام سینەما لە رێگای وێنەکان و دەنگەکانەوە چەمک و تێگەیشتنەکان دەخاتە روو. کارکردنی دۆلوز بە تەواوەتی جیادەبێتەوە لە تیۆرە کلاسیکییەکانی سینەما، بگرە دژیشیان دەوەستێتەوە و پێمان دەڵێت: ئەوانە ناتوانن ئەرکەکە بە باشی ڕابپەڕێنن. ئەو زۆر بە گومانەوە دەڕوانێتە تێزەکانی دەروونشیکاریی و مارکسیزم دەربارەی سینەما، دەڵێت سینەما تەنها یەک کار دەکات، بەڵام کارێکی زۆر گرنگ: پێشنیارکردنی رێگای نوێ، بیرکردنەوە و تێکشکاندنی بونیادە ئایدیۆلۆجی و دەروونییەکان. بۆ ئەوەی زیاتر قووڵ ببێتەوە و باشتر دیدەکەی خۆیمان بۆ روون بکاتەوە، جیاکاریی دەکات لە نێوان دوو جۆرە وێنەی سینەماییدا کە ئەمانەن:
1. جووڵە – وێنە: بە بڕوای دۆلوز لە سینەمای کلاسیک، وێنەکان بە پێی پلانێکی هەستیی – جووڵەیی ریزدەبن، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی لۆجیکییانە گرێی چیرۆکەکە پێشبخەن تا دەگاتە لوتکە. ئەم کارەش لە رێگای کار و کاردانەوەی کاراکتەرەکانەوە ئەنجام دەدرێت. دۆلوز پێپمان دەڵێت: جووڵە بەردەوامییەکی ناکۆتایە، قابیلی دابەشکردن نییە و ناتوانین لەناو شوێندا جێگیری بکەین، هەربۆیە تەکنیکە باوەکانی گێڕانەوە رەتدەکاتەوە و لەبری ئەو پەیوەندییەکی نوێ لەنیوان وێنە و جووڵەدا درووست دەکات، کە زۆر لە تێزەکەی (زینۆنی ئیلیایی) دەچێت دەربارەی ئەو پێشبڕکێ گریمانەکراوەی لەنیوان ئەکیلیس و کیسەڵەکەدا روودەدات. 
أ. درککردن – وێنە: کەسێتییەکانی ناو فیلم، چۆن درک بە جیهان دەکەن و چۆن گۆشەنیگاکان دەخوڵقێنن و دەیدەن بە رووی بینەردا. پرسیاری ئەوەمان لا دروست دەکەن کە ئایا جیهان وەک وێنە درکی پێ دەکرێت، یاخود وەک بوونێکی ماتریاڵانەی بابەتییانە؟ لێرەدا بە دوو ئاڕاستەکارلێک لەگەڵ سینەمادا دەکەین: 
یەکەمیان جیهانێکە کە وێنەکان و جووڵەکان هاوڕێک و هاوتا کارلێک دەکەن و گرتە بەرینەکان بەرهەمدەهێنن. 
ئەوەی دووهەمیشیان، سیستمێکی خودییە و تێیدا گۆشەنیگایەکی شەخسی دروست دەبێت، بەڵام هەر بابەتییشە و پەیوەندیی بەوەوە هەیە کامێرا جێگای ئاگایی دەگرێتەوە و لە چاوی ئەوەوە دەڕوانرێتە واقیعێکی گۆڕاو و وەرچەرخاو.

سینەمای دۆلوزی

2. وێنە – کات: لە دوای جەنگی دوووهەمی جیهانەوە، دیاردەیەکی نوێ لە سینەمادا هاتۆتە ئاراوە، وێنەکان لە هێڵی گێڕانەوە دەرچوون و پێوەستە هەستییەکانیان پچڕاندووە، لەبری ئەوە خۆیان لەناو کاتدا رێکخستۆتەوە، ئەو ئەزموونە گشتییەی جاران کۆی گێڕانەوەکەی پێکدەهێنا، لەتوپەتبووە، بەشەکان بە سەربەخۆیی کەوتوونەتە خۆنمایشکردن و لەپاڵ مانا گشتییەکەدا، مانای تایبەتی خۆشیان خستۆتە روو. ئەم شێوازە نوێیە، گرێ کۆنینەکەی گێڕانەوەی شێواند و خاڵە ئەرەستۆییەکانی لەقکرد؛ فیلم لەبری ئەوەی جیهانێکی راشکاو و راستەوخۆ نمایش بکات، لەجیاتی ئەوەی شتێکت پێ بڵێت لەوێ، بە ناختدا شۆڕ بۆوە تا لەوێ و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر یادەوەرییەکان، خواستەکان، ئەزموونی تایبەتی تۆ لە پەیوەندیدا بە کاتەوە بخاتە روو. بە بڕوای دۆلوز بۆئەوەی سینەمای مۆدێرن بتوانێت ئەم کارە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات، دەبێت لە کڵێشە و قاڵبە کۆنەکان دەرباز ببێت، هزرە باوەکان دەربارەی ریزبەندیی وێنەکان و بەردەوامییان بە پێی هێڵێکی گێڕانەوە بخاتە لاوە، لەجیاتی ئەوە دیمەنەکە پڕ ببێت لە گێڕانەوەی جیاجیا لە کاتدا و بەهەموویان پێکەوە گێڕانەوەیەکی دیکە پێکبهێنن، کە ریزبەندییە هێڵییەکە ناتوانێت ئەنجامی بدات. دەبێت مامەڵەکردن لەگەڵ گۆشەکانی بینیندا بگۆڕێت و پەیوەندیی نێوان وێنەکان و کات خۆی ببێت بە وێنە و بینەر بخاتە ژینگەیەکەوە بتوانێت جیاواز و بۆ خودی خۆی بیر بکاتەوە. بەوەش سینەما ئامادەییە پانۆراماییەکەی نامێنێت و دەبێت بە ئامادەیی لەناو ساتە جۆراوجۆرەکاندا. 
ئەمە یانی چی؟ دەبێت بیرکردنەوە لە بیرکردنەوەیەکی وتراوەوە بگۆڕێت بۆ بیرکردنەوەیەکی بینراو، وتە بینەر لەناو وێنەکاندا بیربکاتەوە، بۆچی؟ چونکە ئیتر سینەما چەمک و تێگەیشتنی خۆی نمایش دەکات، هزری خۆی بەرهەم دەهێنێت، کارلێکی نێوان وێنەکان دەبن بە پرۆسەی بیرکردنەوە، جووڵە و دەنگ ئاڕاستەکان دەستنیشان دەکەن، بەجۆرێک ئیتر دروستکەرانی فیلم زیاتر لە فەیلەسوف نزیک دەبنەوە و بە شێوەیەکی بینراو هزرەکان دەخەنە روو. ئیتر ئایدیاکان لەناو دەقدا قەتیس نابن، بەڵکو وێنەکان دەبن بە سەروەری هەڵوێستەکان و سینەما دەبێت بە بوارێکی ناوازە و تایبەت و لێوەی هزری فەلسەفی بەرهەمدێت. کاری سینەما چیتر روونکردنەوەی هزرەکان نابێت، بەڵکو بەرهەمهێنانیان دەبێت.

 

لای دۆلوز سینەما فۆرمێکی هونەریی نییە و هیچی دیکە، بەڵکو ئەو دەڵێت: "شێوازێکی بیرکردنەوەیە"، ئەمەش تایبەتمەندێتییەکە تەنها خۆی هەیەتی. چونکە وەک باوە فەلسەفە، کار لەسەر چەمکەکان دەکات، بەڵام سینەما لە رێگای وێنەکان و دەنگەکانەوە چەمک و تێگەیشتنەکان دەخاتەڕوو

دۆلوز دەیەوێت چیمان پێ بڵێت؟
ئەو سنورەکان دەبەزێنێت، دەمانباتە جێگایەک کە نەک هزرەکان لە دەوری مرۆڤ ناخولێنەوە، سینەما توانای ئەوەی دەبێت هزر و هەستی دیکەی نوێ، کە تا رادەیەکی زۆر بە خودی مرۆڤیش نامۆن، بەرهەمبهێنێت. دەروازەی نوێ لەسەر ئاگایی دەکاتەوە، ئاستەکانی ئاگایی فراوان دەکاتەوە و دەگاتە جێگایەک کە هەست و هەژانە ئاساییەکانی مرۆڤ هێشتا بەسەریدا کراوە نین. دۆلوز پڕۆژەیەکی فەلسەفیی فراوانتر دەخاتە روو بۆ کەشفکردنی فرەیی بوون.
بەمجۆرە دۆلوز سینەما دەخاتە چوارچێوەی لێکۆلێنەوەی فەلسەفییەوە سەبارەت بە جووڵە و کات، تەرکیز دەکاتە سەر ئۆنتۆلۆجیای وینە، نەک وێناندن یان نمایشکردن. دەرگاکان بە رووی دەروونشیکار و فێمێنیزم و بونیادگەریی و زۆر پەیڕەوی دیکەدا دادەخات و دەڵێت ئەولەوییەت بۆ بونیادی گێڕانەوە نییە، بەڵکو بۆ وێنەکانە بۆ قەوارەی سەربەخۆی خاوەن لۆجیکی تایبەتی بۆ خۆیان؛ ریشەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەمکەکەی بێرگسۆن، کە جەختی دەکرد لەوەی، جیهان بریتییە لە لافاوی وێنەکان.
دۆلوز دەڵێت: «سینەما وێنەی جووڵە دەگرێت و هەریەکە لە درککردن و کردە و هەژان پێکەوە لە یەکەیەکدا کۆدەکاتەوە کە لە چوارچێوەی کاتدا درکیان پێ دەکرێت و سەرەنجام جۆرە بوونێکی جیا لە هەموو پێشینەیەکی ماتریاڵیمان بۆ فەراهەم دەکات»، کە ئەمەش روویدا، ئیتر چاوی کامێرا دەبێتە چاوكی نامرۆیی، وێنای ریاڵەت تۆمار ناکات، خودێتیی ئێمە پەرچ ناکاتەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی نوێ لەنیوان جووڵەی کامێرا و رژانی وێنە ژینگەییەکاندا دروست دەکات. ئەمەش درککردنێکە جیا لە مرۆڤ، خوڵقاندنی ژمارەیەک گۆشەنیگای نوێیە کە هەموویان لە گۆشەنیگا مرۆییەکان بەدەرن. بەکورتی دۆلوز دەڵێت: «سینەما سەرلەنوێ جیهان بە هەموو پێکهاتەکانی و مرۆڤیشەوە دەخوڵقێنێتەوە.»

 


جیل دۆلوز

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان