رامیار جەمال
هەڵبەت سەگ وەک گیانەوەرێکی بەوەفا لای مرۆڤ ناسراوە، سەگ و مرۆڤ هاوڕێی لە مێژینەن، لە سەرەتای دروستبوونی ژیانەوە لەگەڵ مرۆڤدا ژیاوە، پاسەوانی کردووە، بۆ راو بەکارهێنراوە، بۆ هاوڕێیەتی و هاوسۆزی سوودیان لێبینراوە. ئەمە وێڕای پاسەوانی.
لەم نووسینەدا مەبەستمان سەگی بێخاوەن و بێلانەیە کە چەند ساڵێکە بەلێشاو لە شەقام و بازاڕەکاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەم سەگانە هیچ کەس و رێکخراوێک سەرپەرشتییان ناکات، شوێنێکیان نییە کە ژیانیان تێدا پارێزراو بێت و لە مرۆڤیش دابڕێنرێن، کە دەشێ هەڵگری چەندین نەخۆشی بن.
لەڕاستیدا هەر لە شاری رانیە، لەسەر شەقام و گەڕەک و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەسوڕێنەوە، ئەگەر بۆ نموونە «پارکی دەروازە» وەربگرین کە پارکێکی سەرەکی و جوانی شارەکەیە، بەشێکی بۆتە مۆڵگە و پەناگەی ئەو سەگانە.
بەپێی ئامارێکی ناڕەسمی زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە لە سنوورەکەدا هەن کە ئەمە رێژەیەکی زۆرە و دەکرێت بەپێی تێپەڕینی کات ژمارەیان زۆر زیاتر هەڵکشێت. ئەمەش پێوستیی بە چارەسەرێکی خێرایە، کە لە حاڵەتی چارەنەکردنیدا تەندروستی مرۆڤ و ژینگەی شارەکە بەگشتی دەخاتە مەترسییەوە، چونکە هەڵگری چەندین نەخۆشین و بۆ بەردەوامیی ژیان و رزگاربوونیان لە برسێتی، هەموو خواردنێک دەخۆن کە دەکرێت ئەو خواردنانە ژەهراوی بن. دواتریش لە رێگەی ئاوی پیس و سەوزەواتی ناتەندروستەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە،
روویداوە پیادەڕەوان بەتایبەتی ژنان و منداڵان بە بینینی ئەم سەگانە ترس و دڵەڕاوکێ دایگرتوون، هەندێک جاریش پەلامار دراون و زامدار کراون.
بۆیە بەرپرسیارێتییەکە هی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتە و پێویستی بە هەنگاوی خێرایە، کە چارەسەرێکی بنەبڕی ئەم دیاردەیە بکات، چونکە پشتگوێ بخرێت، چارەسەرەکە درەنگتر و سەختتریش دەبێت، لەکاتێکدا کە ناکرێت بە کوشتن و قەڵاچۆکردن ئەم سەگانە لەناو ببرێن، بەڵام خۆ دەکرێت شەڵتەرێکی تایبەتیان بۆ دابمەزرێنرێت کە مافی ئاژەڵانی تێدا لەبەرچاو بگیرێت.