كۆسرەت رەسوڵ عەلی: ئەركە لەسەر سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان وەك مەسەلەیەكی نەتەوەیی لە كەركوك بڕوانن و خزمەتی بكەن

01:10 - 2025-03-24
کوردستان
84 جار خوێندراوەتەوە

ساڵیادی ئازادكردنی شاری كەركوك و هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی كوردی لە تەواوی كوردستانیان بەگشتی و خەڵكی تێكۆشەر و قارەمانی كەركوك پیرۆزدەكەم و دروود و سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاكی شەهیدان و تێكۆشەرانی گەلەكەمان.
(34) ساڵ لەمەوبەر، ئەوكاتەی هێزە كوردستانییەكان و رێكخستنە نهێنییەكان و شانە چەكدارەكان بەپشتیوانی و پاڵپشتیی تەواوی خەڵكی كوردستان لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین و سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان ئازادكران، بە پلان و بەرنامەیەكی تۆكمەوە پلانی ئازادكردنی كەركوكمان داڕشت، ئێمە لە قۆڵی هەولێرەوە و ژمارەیەك لە هەڤاڵانمان لە قۆڵی سلێمانییەوە بەرەو كەركوك بەڕێكەوتین و بە بەشداریی خەڵكی تێكۆشەر و كۆڵنەدەری كەركوك لە یەكەم رۆژی نەورۆزی ساڵی 1991 بە خوێنی شەهیدی سەركردە شەهید عەبدولڕەزاق و پۆلێك شەهیدی دیكەی قارەمان، شاری كەركوكمان لە رژێمی بەعس پاككردەوە و بۆ هەموو جیهانمان سەلماندەوە كە كەركوك كوردستانییە و لەگەڵ سەرجەم شار و شارۆچكەكانی تری كوردستان دژی بەعس راپەڕی و بەرگی ئازادیی پۆشی.
لەدوای 34 ساڵ، بەهەمان رۆحیەتی جارانەوە، بە دەنگێكی دلێری كوردانەوە دەڵێین بەڵێ كەركوك كوردستانییە و سەری كوردستانە، شاری پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكانە، هیچ دوژمن و داگیركەرێك نەیتوانیوە و ناتوانێت كەركوك لە كوردستان داببڕێت، بۆیە ئەركە لەسەر سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان لە دەرەوەی حزبایەتی وەك مەسەلەیەكی نەتەوەیی لە كەركوك بڕوانن و خزمەتی بكەن.
جارێكی تر ساڵیادی ئازادكردنی كەركوك و سەری ساڵی نوێی كوردی لە هەموو لایەك پیرۆز دەكەم و سەری رێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان دادەنوێنین.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی


بابەتە پەیوەندیدارەکان