ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی پشتی زۆر له نووسه‌رانی هێناوه‌ته له‌رزین. له رابردوودا ئینته‌رنێت له ئارادا نه‌بوو، ده‌زگاكانی چاپ به شێوه‌ی نامه ده‌قی نووسه‌رانیان ره‌تده‌كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئیتر ئێمه‌یل و مه‌سج، جێگای نامه‌ی كاغه‌زیی كۆنی گرتۆته‌وه.
رۆزماری جیكینسۆن*
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
قبووڵنه‌كردنی ده‌قی ئه‌ده‌بی له مێژوودا نووسه‌رانێكی زۆری بێتاقه‌ت و بێهیوا كردووه. له راستیدا ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی، یان به واتایه‌كی تر خراپ نووسین، بۆ خۆی وه‌كو ژانرێك حسابی بۆ ده‌كرێت. له رابردوودا ئینته‌ر نێت له ئارادا نه‌بوو، به‌رپرسی چاپخانه‌كان ئه‌گه‌ر كاتیان هه‌بوایه به نامه‌یه‌ك بۆ نووسه‌ران ئه‌و ئیشه‌یان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئیتر ئێمه‌یل و مه‌سج جێگای ئه‌و نامه‌یه‌ی كۆنی گرتۆته‌وه.
من عاشقی نووسینه خراپه‌كانمم
دیاره كاردانه‌وه‌ی نووسه‌ران له به‌رامبه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانیاندا جیاوا بووه. (سیلڤیا پلاس- Sylvia Plath) شاعیر و نووسه‌ری ئه‌مریكایی ده‌ڵێت: «من عاشقی نووسینه خراپه‌كانمم، چونكه ئه‌وه‌م نیشان ده‌ده‌ن كه هه‌وڵ ده‌ده‌م». به‌ڕێكه‌وت نامه‌یه‌كی له به‌رپرسی چاپخانه‌یه‌كه‌وه پێگه‌یشتبوو كه سه‌باره‌ت به رۆمانێكی بۆی نووسیبوو: «به‌ته‌واوی وزه و توانای راسته‌قینه‌ی تێدانییه تا سه‌رنجمان رابكێشێت.»
ستیڤن كینگ ئه‌و نامانه‌ی به چه‌قۆی كردنه‌وه‌ی زه‌رفی كاغه‌ز ده‌ڕاند كه سه‌باره‌ت به ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی بوون. هه‌مه‌نگوای نامه‌كانی له‌ت و په‌ت ده‌كرد، ئه‌مه‌ش سه‌یر نییه. كاتێ رۆمانی «خۆر هه‌ڵدێته‌وه«ی نارد بۆ چاپخانه له وه‌ڵامدا به‌رپرسی چاپخانه پێی وت: «ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی خوێنه‌ر بێتاقه‌ت ده‌كات و سووكایه‌تی پێده‌كات، تۆ رۆحیه‌تێكی پیاوانه‌ت هه‌یه. له‌وانه‌یه به سه‌رخۆشی نووسیبێتت.» هه‌روه‌ها گاڵته‌ی به شێوازی هه‌مه‌نگوای كرد و پێی وت: «كوڕم ده‌توانیت له‌مه باشتر بنووسیت.»
ساڵێك دوای ئه‌وه سه‌ره‌ی ڤێرجینیا وۆڵف بوو بۆ ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌كی ره‌تكردنه‌وه وه‌ربگرێت، به‌رپرسی چاپخانه دوای ئه‌وه‌ی رۆمانی «به‌ره‌و فانۆسی ده‌ریایی» به‌ته‌واوی ده‌سكاری كرد و شێواندی به گاڵته‌پێكردنه‌وه نووسی: «له‌وانه‌یه خۆت بتوانیت چاپی بكه‌یت. ئه‌گه‌ر كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌وروبه‌رت وه‌كو كاره‌كته‌ره‌كانی رۆمانه‌كه‌ت بن، له‌وانه‌یه بتوانیت كه‌سانێك په‌یدا بكه‌یت پاره‌ی چاپی رۆمانه‌كه بده‌ن.»
له‌وانه‌یه ره‌تكردنه‌وه‌ی «موبی دیك»ی «هه‌رمان مه‌لڤیل» كۆمیدیترین نموونه‌ی دژایه‌تی ره‌گه‌ز بێت به‌رپرسی چاپخانه بۆی نووسی: «ئایا بابه‌ته‌كه هه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر نه‌هه‌نگ بێت؟ بۆ نموونه نه‌ده‌كرا كاپتنه‌كه تووشی لادانی ئه‌خلاقی بوایه و به‌دوای كچانی جوان‌دا وێڵ بوایه؟»
شاره‌زای ئه‌وه نیت چۆن زمانی ئینگلیزی به‌كاربهێنیت
هۆكاری سه‌ره‌كی قبووڵنه‌كردنی ده‌قی ئه‌ده‌بی، شێوازی نووسینی ده‌قه‌كه‌یه. بۆ نموونه: ئه‌دیتۆری رۆژنامه‌ی «سانفرانسیسكۆ ئێكسماینه‌ر» زۆر به ئاسانی به «رودیارد كیپلینگ» نووسه‌ری ئینگلیز خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵی وت: «شاره‌زای ئه‌وه نیت چۆن زمانی ئینگلیزی به‌كاربهێنیت.»
هۆكارێكی گرنگی تر، بابه‌تی رۆمانه‌كه‌یه. بێنامووسیی رۆمانی «لۆلیتا»ی نابۆكۆڤ وه‌ها به‌رپرسی چاپخانه‌ی تووڕه كرد نه‌ڕاندی: «هه‌تا بڵێی هێڵنج هێنه‌ره، ته‌نانه‌ت بۆ كه‌سێكی رۆشنبیری فرۆیدی. بۆ خه‌ڵك به‌گشتی مایه‌ی بێزلێكردنه‌وه‌یه. كه‌س ئه‌م رۆمانه ناكڕێت، زۆر زۆر زیان به‌خشه و ده‌بێته‌هۆی ئابڕووچوون، پێشنیاز ده‌كه‌م سه‌نگ و به‌رد بنرێت هه‌تا هه‌زار ساڵی تر.»
هه‌ندێ جار به‌رپرسی چاپخانه‌كان كاتێ ده‌یانه‌وێت ده‌قی نووسه‌رێك له‌به‌ر شێوازی نووسینه‌كه‌ی ره‌تبكه‌نه‌وه، قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی خۆی لێ ده‌خه‌نه‌كار. بۆ نموونه: به‌رپرسی چاپخانه‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش لاسایی نووسینه‌كه‌ی شاعیر و نووسه‌ری ئه‌مریكایی «گیرترود ستاین» ده‌كاته‌وه و بۆی ده‌نووسێت: «ته‌نانه‌ت یه‌ك سه‌رنج، ته‌نانه‌ت یه‌ك سه‌رنج به‌سه ... بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت ... ته‌نانه‌ت یه‌ك دانه‌شی ناكڕن ... ته‌نانه‌ت یه‌ك دانه ... ته‌نانه‌ت یه‌ك دانه.» بێگومان گاڵته‌پێكردنه‌كه‌ی بووه هۆی دڵساردبوونه‌وه‌ی ستاین بۆ ماوه‌یه‌ك.
نووسه‌رانی هاوچه‌رخ
له‌وانه‌یه نووسه‌رانی هاوچه‌رخ بارودۆخێكی باشتریان هه‌بێت. هه‌ڵبه‌ته ستیڤن گینك ناوازه‌یه‌كی گرنگه. بۆ نموونه بۆ رۆمانی «كاری- Carrie» به‌رپرسی چاپخانه بێڕه‌حمانه بۆی نووسی: «ئێمه حه‌زمان له چیرۆكی خه‌یاڵی زانستیی نییه كه باسی یۆتۆپیای كاول ده‌كه‌ن. كه‌س پوولێكی قه‌ڵبی پێنادات.» وادیاره به‌رپرسانی چاپخانه‌كان له پێشبینی ئاینده‌دا له «نۆسترادامۆس»یش خراپترن. یه‌كێك له‌وان بۆ «ئێچ. جه‌ی. وێڵز» پێشبینی كردبوو رۆمانی «جـــه‌نگی دنیاكان- The War of The Worlds» بۆ خوێنه‌ران مایه‌ی بێزلێكردنه‌وه ده‌بێت. له‌وانه‌یه هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قی ئه‌ده‌بی ته‌واو رای تاكه‌كه‌سی بێت، به‌ڵام كاتێك گاڵته‌جاڕیی كه‌سه‌كه ئاشكرا بوو، نووسه‌ر هه‌ست به ره‌زامه‌ندی ده‌كات.
ئێستا بابێینه سه‌ر ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمان كه ئاسایی نامه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌كان له رێگه‌ی ئێمه‌یله‌وه له نامه‌كانی پێشوو كورتترن و نووسه‌ر له به‌رامبه‌ر درێژداڕی به‌رپرسی چاپخانه‌دا پارێزراوه. من خۆم چه‌ند نامه‌یه‌كی وام پێگه‌یشتووه. جارێكیان به‌رپرسی چاپخانه‌یه‌ك بۆی نووسیم: «چه‌ندین جار ئه‌وه روویداوه شانۆگه‌ریم خوێندۆته‌وه ... ده‌بێت راستگۆیانه بڵێم، زۆر له‌م ده‌قه‌ی تۆ كاریگه‌رتر بوون.»
له‌به‌ر خاتری خۆت، ئه‌م كتێبه چاپ مه‌كه
جاریوایه به‌رپرسی چاپخانه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن به باسكردنی نیگه‌رانییه‌كی درۆ ده‌رباره‌ی ئه‌منییه‌تی خودی نووسه‌ر، قبووڵنه‌كردنه‌كه‌یان په‌رده‌پۆش بكه‌ن. كۆمه‌ڵه‌چیرۆكێكی من به ناوی «وه‌رزی رێپێوان» به‌م شێوه‌یه وه‌ڵام درایه‌وه: «رای ئێمه وایه ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمه‌ڵه‌چیرۆكه بڵاوبكه‌ینه‌وه، به زیانی خۆت ته‌واو ده‌بێت.» له‌مه‌ش خراپتر ئه‌و پێشنیازه بوو كه بۆ «ده‌یڤید لۆرانس»یان كردبوو، پێیان وتبوو: « هیچ نه‌بێ له‌به‌ر خاتری خۆت، ئه‌م كتێبه چاپ مه‌كه.» له‌مه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كه به‌رپرسی چاپخانه‌یه‌ك بۆ ولیام فۆكنه‌ری نووسیبوو: «خودایه ناتوانم ئه‌مه چاپ بكه‌م. هه‌ردووكمان ده‌كه‌وینه زیندانه‌وه.»
هه‌ندێك كتێب له‌به‌ر هۆكاری سیاسی ره‌تده‌كرێته‌وه. به‌رپرسی چاپخانه‌یه‌ك له‌به‌ر پێداویستیی «به‌رازه خێرخوازه‌كان» بۆ «زیادكردنی لایه‌نی سه‌رگه‌رمی» رۆمانی «باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی» جۆرج ئۆرێلی ره‌تكرده‌وه. ئه‌دیتۆرێك رۆمانی «لۆردی مێشه‌كان»ی «ولیام گۆڵدینگ»ی به «قسه‌ی قۆڕ و بێزاركه‌ر و شتی هه‌له‌ق و مه‌له‌ق» له قه‌ڵه‌م دابوو.
ئه‌مڕۆ هه‌ستیاریی سیاسی روو له زیادبوونه. من خۆم له‌م دواییانه‌دا یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانم به‌هۆی تێبینی كه‌لتورییه‌وه ره‌تكرایه‌وه. هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی تریش هه‌ن. بۆ نموونه ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نووسه‌ر كاره‌كته‌ر به‌پێی ته‌مه‌ن، نه‌ژاد، ره‌گه‌ز، باكگراوند و توانای به‌ده‌نی خۆی بخوڵقێنێت. به‌م شێوه‌یه به‌رپرسی چاپخانه‌كان به هه‌رزان ده‌قه‌كانیان لێده‌كڕن و ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه ره‌تكردنه‌وه له رێگه‌ی ئیمه‌یله‌وه رۆژ له دوای رۆژ زیاد ده‌كات.
به‌هه‌رحاڵ له سه‌رده‌می دیجیتاڵدا بڵاوكردنه‌وه‌ی نووسین له رابردوو ئاسانتره، به‌ڵام دژایه‌تیكردن وه‌كو رابردوو به‌رده‌وام ده‌بێت. راسته ره‌تكردنه‌وه هه‌میشه ناخۆشه، به‌ڵام بۆ نووسه‌ران ئه‌مه به‌شێكه له ره‌وتی سه‌لماندنی به‌هایان.
*شاعیر و نووسه‌رێكی ئیرله‌نداییه.
سه‌رچاوه: Nebesht.com