لە كەركوك یەكەمین فێستیڤاڵی گروپی پێكهاتەكان سازكرا و لێپرسراوی بۆردی پێكهاتەكانی یەكێتی-ش، دەڵێت: یەكێتی هەموو كاتێك كاری لەسەر پێكەوەژیان كردووە.
یەكەمین فێستیڤاڵی گروپی پێكهاتەكان، لەلایەن گروپی كەركوك بۆ هەمووان، كە گروپێكی خۆبەخشە و 300 ئەندامی هەیە و لە سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە پێكهاتوون رێكخرا. گروپەكە كاردەكات لەپێناوی یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیاندا.
لەبارەی فێستیڤاڵەكەوە، حەسیبە عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی پێكهاتەكانی (ی.ن.ك)، بە كوردستانی نوێ-ی وت: ئەوەی بەلای ئێمەوە پەسەندە ئەوەیە كە كاری ئەو گروپە هاوتەریبە لەگەڵ كاری بۆردی پێكهاتەكانی یەكێتی لە شارەكەدا، بۆ ئەو مەبەستەش پاڵپشتی خۆمان بۆ كارەكانیان دووپاتكردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە گروپەكە، جگە لە كاری پێكەوەژیان، بەردەوام سەردانی خانەی بەساڵاچووان و منداڵانی بێسەرپەرشت دەكات و دەستی هاوكاریی بۆ هەمووان درێژدەكات، زۆربەی كارەكانیشیان بەدەنگەوەچوون و مرۆڤدۆستانەیە.