راپۆرتی: سامان یاروەیس
كەمترین جار ناوی مەندەلی لە میدیاو پرسی سیاسی و بیرو خەیاڵی بەرپرسانی سیاسی و حكومی كورددا دەبیستین، شارێك دەستە خوشكی ئیلام و گەیلانی غەربە، كە بەپێی مێژوو هێندە لەسەر كوردبوون ئازاریان چەشتووە، هێشتا كاریگەرییەكان بەسەر رووخسار و ژیانی رۆژانەیاندا دیارە، مخابن مەندەلی ئەو ناوە جوان و رەسەنەی كوردایەتی، ئەو هەوارگەی جووتیار و خورماو سەوزایی و سروشتە خواییەیی كە بەس چاو دەتوانێت وێنای بكات، واخەریكە چۆڵ دەبێت لە وشە و جلوبەرگ و شوێنپێی كورد.
ماڵ و حاڵیان دەفرۆشن
لە ساڵی 2024 دا جگـــە لــەوەی چەندین ماڵە كورد ناوچەكەیان بەجێهشتووە، 20 %ی ئەو هاووڵاتیانەی كڕین و فرۆشتن بە خانووەوە دەكەن كوردبوون، بەشی زۆریان عەرەب و دانیشتووانی ناوچەكانی ترن، ئەمە لەكاتێكدایە ناوچەی سنووری ماددەی (140)ە، كەچی هێشتا نووسینگەیەكی پێ رەوا نەبینراوە كە قەرەبووی زیانلێكەوتووان بكاتەوە. گەنجانی كورد بێهیوان و بێكاری زەفەری پێ هێناون و بەشی زۆریان دێنە خانەقی، یان دەچنە بەغدا و وێڵی دۆزینەوەی كارن بۆ بژێویی خۆیان.
خزمەتگوزاریی نییە
جگە لە نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری و فەرامۆشكردنی لەلایەن حكومەتەوە، هاوكات ئەو گەڕەكانەی كە كوردەكانی تێدا دەژین، ئەو گوندانەی بربڕەی پشتی مەندەلین، وشك هەڵگەڕاون و هیچ كەس بەلایاندا ناچێت، گەنجەكان بێكارن، تا یەكێك دادەمەزرێت، سەدان و هەزارانی تر لە ناوچەكانی تری دیالە دادەمەزرێن، ئەم مەندەلییە جاران رێگەی رێبواری ریزبەستوو، كاروان سەرای ئاغا و بازرگان و كەڵە پیاوی كوردایەتی بوو، ئێستا بێناز كەوتووە و لەلایەن هەردوو حكومەتی بەغدا و هەرێمەوە پشتگوێخراوە.
وەرنەوە مەندەلیی كوردایەتی
تەنها كۆمیتەیەكی یەكێتی هەیە، وەرنەوە مەندەلی، یەكێتی و پارتی و حزبەكانی تری كوردایەتی لە مەندەلی یەكبگرنەوە و بەگیانی مەردایەتی و رەسەنایەتی پشت ئەستوور بە خەباتی سەدان ساڵەی خاك و نیشتمان وەرنەوە مەندەلی و نازی خەڵكە هەژارەكەی و كوڕان و كچانی بێنازی فەیلی هەڵگرن، ئاگری نەورۆز بكەنەوە و گیانی پێكەوەیی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ بگەڕێننەوە، مەهێڵن مەندەلی هێندەی تر ماندووبێت.