ساهیرە مەحمود
لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق و رزگاربوونی تەواوی ناوچەكانی كوردستانەوە بەگشتی و دەڤەری خانەقی بەتایبەتی لەژێر دەسەڵاتی 35 ساڵەی حوكمی رژێمی پێشووی بەعس، هەرلە سەرەتاوە ناوەندی قەزای خانەقی بووە سەنتەرێك بۆ گەڕانەوەی خەڵك بۆ زێد و شوێنی باوباپیرانی خۆی لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عیراقدا، ئەمەش رۆژ لەدوای رۆژ شارەكەی بەرەو قەرەباڵخی بردووە، كە ئێستا بەشێكی زۆری ئەو جەماوەرە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن و بەردەوام سەردانی ناوەندی قەزای خانەقی دەكەن بۆ رایكردنی كاروبار و مامەڵە ئیدارییەكانیان، هەروەها خانەقی خاوەن هەر دوو دەروازەی گەورەی بازرگانیی (مونزریە و پەروێزخانە)، كە داهاتێكی زۆر باشی لێوە بەدەستدێت، بەڵام سەرەڕای ئەو داهاتەش کە یەکێکیان حکومەتی فیدراڵ وەریدەگرێت و یەکێکیشیان حکومەتی هەرێم، بەڵام هەردوو حكومەتەکە ماوەی زیاتر لە (22) ساڵە ئەم ناوچەیەیان لە گەلێك رووەوە پەراوێز خستووە و نەیانتوانیووە رێگەی نێوان (كەلار – خانەقی) بكەن بە دووساید، یاخود لانیکەن فراوانی بكەن!. هەر بۆیە رۆژانە سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر رێگاكەی قەرەباڵغ كردووە و تەنانەت ئۆتۆمبیلی بچووكیش بەترس و دڵەڕاوكێوە هاتوچۆی پێدا دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا قەرباڵغی و خراپیی ئەم رێگەوبانە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، هۆكارێك بووە بۆ روودانی دەیان و رووداوی هاتوچۆی دڵتەزێن و سەدان كەسیش لەو ماوەیەدا بوونەتە قوربانی، بۆیە پێویستە دامودەزگا بەرپرسەكانی حكومەت، خەمی خەڵكی سنوورەکە بخۆن و ئیتر ترس و دڵەڕاوكێی رێگەوبانەكە لە بیرو هۆشی خەڵكدا بڕەوێننەوە و دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەی دووسایدكردنی رێگەی نێوان (كەلار – خانەقی) بكەن تاخەڵكەكەش لەو دەردەسەرییە رزگاریان بێت.
دەتوانین بڵێین ئەنجامی هەموو مەینەتی و خەمەكانیش رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، چونكە ژنان زۆرینەی كۆمەڵگە پێكدەهێنن، لەلایەكەوە رۆڵە و براو هاوسەر و كەسوكارەكانیان لەو رووداوانەدا دەبنە قوربانی، لەلایەكی دیکەشەوە حەزدەكەن شاری خانەقی و سنوورەكە بەگشتی زیاتر ئاوەدان و گەشاوەتر بێت لە هەموو بوارەكانی ژیاندا تا لە ئایندەدا نەوەكانیان لە سایەیدا سەرفراز و خۆشگوزەران بن.
بۆیە ئەنجامدانی پرۆژەی بەدووسایدكردنی ئەو رێگەیە دەبێتە مایەی ئاسوودەیی و سەرفرازی بۆ خەڵكەکەمان بەگشتی.