دیداری: ئارۆ سامان
وەك یەكەم راگری ژن لە كۆلێجەكانی زانكۆی گەرمیان پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.رەشا رائید، راگری كۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەكانی زانكۆی گەرمیان.
ەخت لە گرنگیی بوونی ژنان لە پۆستی باڵای ناوەندە ئەكادیمییەكاندا دەكات.
د.رەشا رائید لەوبارەیەوە بۆ كوردستانی نوێی خانەقی وتی: خوێندنی باڵا گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ پۆستەكانی بەرپرسیارێتی، ئەمەش بەشداربووە لە ژینگەیەكی ئەكادیمی هەمەچەشنتر و یەكسانتر و وتیشی: وەك یەكەم ژن كە وەك راگری كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی و زانستە وەرزشییەكان و تاكە ژن لە ئەنجومەنی زانكۆدا، بەتەواوی لە گرنگی ئەم نوێنەرایەتییە لە پەرەپێدانی پەروەردە و وەرزش تێدەگەم.
ژنان تێڕوانینی نوێیان هەیە
ئاماژەی بەوەشدا کە بوونی ژنان لە پۆستە ئیدارییە ئەكادیمییەکاندا، سیاسەتی گشتگیرتر بەرەوپێش دەبات، كە رۆڵی هەیە لە پەرەپێدانی ژینگەیەكی فراوانتر بۆ فێربوون و پاڵپشتیشە بۆ هەمووان، بەتایبەتی لە بوارەكانی وەك وەرزشدا، كە لە مێژوودا پیاوان زاڵ بوون. ژنان لەم بوارەدا توانای پێشكەشكردنی تێڕوانینێكی نوێیان هەیە كە پاڵپشتی بەشداریكردنی خوێندكارانی كچە لە چالاكییە وەرزشییەكان و بەرزكردنەوەی توێژینەوەی زانستی لەسەر پرسە وەرزشییەكانی ژنان.
ژنان بەشدارن لە باشتركردنی پڕۆسەی پەروەردەیی
د.رەشا ئەوەشی خستەڕوو: سەرەڕای ئەو ئاڵەنگارییانەی كە ژنان لە پۆستەكانی سەركردایەتیدا رووبەڕووی دەبنەوە، وەك هۆكاری كۆمەڵایەتی و نەبوونی پشتیوانی، بەڵام سەركەوتنەكانیان توانای ئەرێنیان دەسەلمێنێت بۆ كاریگەریان لەسەر كۆمەڵگە. بە پەرەپێدانی مەنهەجی پەروەردەیی مۆدێرن، بەرزكردنەوەی رۆڵی وەرزش لە پەروەردەدا و پشتگیریكردنیان دەرفەتی یەكسان مسۆگەر دەكەن، ژنان دەتوانن بە شێوەیەكی كاریگەر بەشداری بكەن لە باشتركردنی پرۆسەی پەروەردەیی.
وتیشی: بەهێزكردنی ژنان لە خوێندنی باڵا بەتایبەتی لە وەرزشدا، تەنها بژاردەیەك نییە، بەڵكو پێویستییەكە بۆ دەستەبەركردنی داهاتوویەكی پەروەردەیی هاوسەنگ كە سەركەوتن و داهێنان بەدەستبهێنێت.
فاكەڵتی وەرزشی
وەرچەرخانی كردووە
د.رەشا رائید رونیشیكردەوە: فاكەڵتی پەروەردەی وەرزشی و زانستە وەرزشییەكان لە خانەقی نوێنەرایەتیی وەرچەرخانێكی گرنگ دەكات لە پەرەپێدانی وەرزش و پەروەردە لە ناوچەكەدا. سەرەڕای ئاستەنگەكان، دەرفەتەكان هەن بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری ئەرێنی لە رێگەی پلاندانانی ستراتیژی و هاوكاری ئەكادیمی و وەرزشی.