فێرگەی ئەڵوەن بەردەوامە لە پێگەیاندنی یاریزانی بەتوانا

05:42 - 2025-04-07
وەرزش
23 جار خوێندراوەتەوە

تایبەت بە وەرزش 
فێرگەی تۆپی پێی ئەڵوەن، یەكێكە لەو ناوەندانەی كە خزمەتێكی زۆری بەوەرزشی شارەكە كردوەو چەندین یاریزانی بەتوانای پێگەیاندووە.
مامۆستا حەیدەر یاوەر، سەرپەرشتیاری فێرگەی تۆپی پێی ئەڵوەن، بۆ كوردستانی نوێ وتی: لەساڵی 2014 وەك یەكەم ئەكادیمیا لەسنوری خانەقی و گەرمیان دامەزراوەو بەبەردەوامی نزیكەی 100 یاریزانی هەبووە، چونكە بەپێی وەرزەكان ژمارەی یاریزانەكان جیاوازی هەیە، بەڵام بەرێژەی ناوەندی بەردەوام 50 یاریزانمان هەیە.
وتیشی: لەئاستی تەمەن لە 2007 ەوە یاریزانمان هەیە تاوەكو تەمەنی 2017، ژمارەی یاریزانەكان بەگوێرەی تەمەنەكان جیاوازن.
لەبارەی ئامانجی كردنەوەی ئەم فێرگەیە وتی: ئامانجی سەرەكیمان وەک ناوەندێكە بۆ پێگەیاندنی یاریزانی بەتوانا بۆ ئەوەی بچنە یانەو تیپە میللیەكان و هەروەها خەونی ئەو منداڵ و گەنجانە بەدی بهێنرێت، تەنانەت یاریزانمان لەئاستی هەڵبژاردەی لاوانی عیراقە، بۆ نموونە ئەحمەد فەلاح لەریزی هەڵبژاردەی لاوانی عیراقەو چووەتە جەزائیرو چەند وڵاتێكی تر، هاوكات بۆ یانەی شێروانەش یاری دەكات.
لەرووی پێداویستییەكانەوە وتی: پشتیوانی دەكرێین، چەندجارێك لەلایەن مەڵبەندی خانەقینیەوە هاوكاری كراوین، هەندێك رێكخراویش دێن پێویستی تۆپ و ئەوانەمان بۆ دەكڕن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بەپێی پێویست نییە، چونكە ئەكادیمیا یان قوتابخانەی تۆپی پێ ستانداردی خۆی هەیە، كۆمەڵێك پێویستی گرنگی هەیە، باوكی یاریزان هەیە كە ئەچێتە شوێنەكانی تر لەگەڵ خۆی هەندێك پێویستی دێنێت وەك پشتیوانی.
مامۆستا حەیدەر بەو تەمەنەوە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە خزمەت بەوەرزشی شارەكە دەكات، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: حەزو خولیاو خۆشەویستیم بۆ وەرزش و بۆ شارەكە وایكردووە بەردەوام بم، دەیان مامۆستای وەك من هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە كۆڵم نەداوەو دەستبەرداری وەرزشی شارەكە نەبووم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان